بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت

24/03/2024

هەواڵ و چالاکی

شاندێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ، بە مەبەستی گەیاندنی پەیام و ناڕەزایی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سلێمانی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان یان کرد، لەلایەن عومەر سەید عەلی و باژێروانی سلێمانی و ژوری حکومەت پێشوازییان لێکرا.

شاندەکە، پرسی دابەشنەکردنی موچە و ڕەتکردنەوەی هەژماری من و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان خستەڕو، هەروەک باسیان لە خراپی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کرد، کە چەندین ساڵە درێژەی هەیە، داواشیان لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، وەک لایەنێکی بەشدار لە حکومەت، پشتیوان بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی موچە و شایستە داراییەکانی موچەخۆران مانگانە و لەکاتی خۆیدا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی.

لای خۆیەوە، عومەر سەید عەلی، جەختی کردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت، کە چیتر دابەشکردنی موچە دوانەخرێت و بەو داهاتەی لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە دەست بە دابەشکردنی بکرێت، سەبارەت بە میکانیزمەکانی تەوتین و هەژماری من جەختی کردەوە، کە پێویستە میکانیزمەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی موچە، نەکرێنە لەمپەر لەبەردەم دابەشکردنی موچە و بارگرانی زیاتری ژیانی خەڵک و موچەخۆران.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عومەر سەید عەلی، ڕایگەیاند، پشتیوانیی خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانن و هەر جۆرە ڕێکار و فشاری مەدەنین بۆ جێبەجێکردنی داخوازیە ڕەواکانیان.


هەواڵی زیاتر