عومەر سەید عەلى: قەیرانێكی قوڵى دارایی هاتنى داعش و مەترسیەکانى سەر هەرێمى کوردستان؛ بوون بە لەمپه‌ڕ له‌به‌رده‌م پڕۆژه نیشتمانیی و چاكسازییه‌كانی بزوتنەوەى گۆڕاندا
20/01/2024
هەواڵ و چالاکی
عومەر سەید عەلى، لە وتارى سیاسى بزوتنەوەى
گۆڕاندا کە لە یەکەمین رۆژى دوهەمین کۆنفڕانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان پێشکەشى
کرد لە دواى بەستنى کۆنگرەى یەکەم؛ بزوتنەوەى
گۆڕان وەک هێزى دووەمى هەرێمى کوردستان، له دوای هه‌ڵبژاردنی 2013، بەمەبەستى
چاکسازى و گۆڕانکارى، بەشدارى لە کابینەى هەشتەمى حکومەتدا کرد، ئەم بەشدارییە
لەکاتێکدا بوو، کە لە سەرەتای تەمەنی کابینەکەدا بوجەى هەرێم لەلایەن حکومەتى
ئیتحادییەوە بڕا و هەرێمى کوردستانى توشى قەیرانێكی قوڵى دارایی و ئابوری بوو. هاوکات
هاتنى داعش و مەترسیەکانى لەسەر هەرێمى کوردستان؛ بوون بە لەمپه‌ڕ له‌به‌رده‌م پڕۆژه نیشتمانیی و چاكسازییه‌كانی بزوتنەوەى
گۆڕاندا و هەژموونى ئەو دوو حیزبەى كه خاوەن هێزى چەکدار بوون بەتەواوەتى بەسەر
دامەزراوە نیشتمانییەکاندا زیاتر بوو.
ئەوەشى خستەڕو؛ درێژکردنەوەى ماوەى ویلایه‌تی سەرۆکی
هەرێم و پەکخستى پەرلەمان و دورخستنەوەى وەزیرەکانى گۆڕان لە کابینەى هەشتەم
گەیشتە ترۆپکى پاشەکشەى دیموکراسى و هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوە نیشتمانییەکان و
لەکەدارکردنى ناوبانگى هەرێمى کوردستان لە ئاستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتیدا، "لەلایەکى
ترەوە، ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و دواتر ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانى، ئه‌وه‌نده‌ی
تر قەیرانەکانى هەرێمى کوردستانى قوڵتر کردەوە، کە ئه‌مه‌ش بووه هۆی له‌ده‌ستدانی
به‌شێكی گه‌وره له خاكی كوردستان و دورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و ناوچانه".
عومەر سەید عەلى لە وتارەکەیدا
رونیکردەوە بەشدارنەبوونی ڕاستەقینەی کورد لە دەزگاکانی بڕیاردانی سیاسی عێراق و
جێبەجێنەکردنی دەستوور و مانەوەی دەسەڵات لە بازنەیەکی داخراودا؛ کێشەکانی کوردی
لە عێراقی نوێ‌دا بە چارەسەرنەکراوی هێشتوەتەوە، لەلایەکی ترەوە مامەڵەی حزبیانەی
پارتی و یەکێتی و قۆرخکردنی گۆڕەپانی سیاسیی بۆ خۆیان و پەراوێزخستنی لایەنە
سیاسیەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن قەیرانێکی تری خوڵقاند، کە بەداخەوە یان هەردوو حزب
بەیەکەوە لە بەغدا بەشداریان لە دەسەڵات کردووە، یاخود
هەریەکێکیان بە تەنیا و ڕۆڵی لایەنەکانی دیکەیان فەرامۆش کردوە، بەشێوەیەک هەمیشە
بەدوای پلە و پۆست و بەرژەوەندی حیزبیەوە بون.
هەروەک رایگەیاند: عێراق و هه‌رێمی
كوردستان گرێدراوی دۆخی ناوچه‌كه و جیهانن، بۆیه ئێستا له‌به‌رده‌م لێكه‌وته و
مه‌ترسی نوێداین، كه به‌هۆی نائاماده‌یی و په‌رته‌وازه‌یی هه‌رێمی كوردستانه‌وه،
به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه پریشكه‌كانی ئه‌و دۆخه ده‌شێت ناوماڵی كوردیش بگرێته‌وه،
به‌تایبه‌تیش كه هیچ گه‌ره‌نتیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی دەستوری
هه‌رێمی كوردستان له ئارادانیه و "له‌دوای ڕوخانی به‌عسه‌وه هیچ كاتێك
هێنده‌ی ئێستا قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی دابه‌شبون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا
نه‌بووه".
ئاماژە بەوەش دەکات؛ هەر ئەم جۆرە
حوکمڕانیە حیزبییە، هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە بۆشایی دەستوریی و
قانونیدایە و، جگەلەوەی دامەزراوەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان
هەڵوەشاوەتەوە، چارەنوسی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکانی نادیارە.
دەقى
وتارەکە:
خوشك
و برایانی به‌ڕێز..
ئه‌ندامانی
دوهەم كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان..
هاونیشتمانیان له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی كوردستان..
سڵاوێکی
گەرمتان لێبێت..
به‌خۆشحاڵیه‌كی
زۆره‌وه، ئه‌مڕۆ له گردی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی كۆده‌بینه‌وه، بۆگرێدانی
دوهەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
به‌وبۆنه‌یه‌وه،
پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له ئه‌ندامان ده‌كه‌ین و سوپاس و پێ‌زانین ده‌نێرین بۆ هه‌موو
ئه‌و گۆڕانخوازانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌م هۆڵه‌دا له‌گه‌ڵمان نین، هه‌موو ئه‌و دڵسۆز و خه‌مخۆرانه‌ی
له باشوری كوردستان و له ڕه‌وه‌ندی كوردی، ڕۆشنبیران، چالاكانی كۆمه‌ڵی
شارستانی، ڕۆژنامه‌نوسان، كه‌سایه‌تییه
كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی كوردستان، كه ڕۆژێك له ڕۆژان به‌هه‌ر چالاكییەک
پشتیوانی پڕۆژه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیان كردووه.
له ئێستاوه
هیوادارین كۆنفرانس سه‌كۆی كاری پێكه‌وەیی و به‌هێزكردنی گوتاری سیاسی و به‌خۆداچونه‌وه
بێت، له شێوازی كاركردن و گۆڕانكاری له ئه‌دائی دامه‌زراوه‌كانمان و دۆزینه‌وه‌ی
میكانیزمی گونجاو بۆ نزیكبونه‌وه‌ی زیاتر له هاوڵاتیان.
هه‌ر لێره‌دا،
به‌پێویستی ده‌زانین داوای لێبوردنتان لێبكه‌ین، كه كۆنفرانسی دوهه‌م له‌به‌ر زۆر
هۆكاری ناوخۆیی و بابه‌تی له‌كاتی خۆیدا نه‌به‌سترا، به‌ڵام بۆ كاری ڕاست و بۆ گه‌شه‌پێدان
و هه‌ستانه‌وه‌ی گۆڕان هیچكات دره‌نگ نیه و ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه، كه به ئیراده‌یه‌كی
پته‌وه‌وه هه‌نگاو بۆ ڕۆژگارێكی باشتری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و میلله‌ته‌كه‌مان
بنێین.
به‌ڕێزان..
به‌بیرتان ده‌هێنینه‌وه، وه‌فاتی سه‌ركرده‌ی
ڕه‌چه‌شكێنی كورد ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا، زیانێكی جه‌رگبڕ و بۆشاییه‌كی گه‌وره
بوو، نه‌ك ته‌نیا بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵكو گورزێكی کاریگەر بوو لە تێكۆشانی
گه‌لی كوردستان له پێناو چاكسازی و به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و مافه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان
و هێنانه‌كایه‌ی سیستمێكی حوكمڕانی دیموكرات و کراوە و دادپه‌روه‌ر.
مه‌رگی كاك نه‌وشیروان بزوتنه‌وه‌كه‌مانی
ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ئاڵنگاری و ته‌نگه‌ژه كرده‌وه، كه تائێستاش ئاسه‌وار و
كاریگه‌رییه‌كانی ماون.
له ماوه‌ی
ساڵانی ڕابردوودا، بزوتنەوەی گۆڕان هه‌نگاوی ئه‌رێنی و به‌رپرسانەی به‌رچاوی له
خوڵقاندنی ڕایگشتیدا له پێناو مافی هاوڵاتیان ناوه، كه ژماره‌ی خۆپیشاندان و
ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و ڕاستییه ئه‌سه‌لمێنن، كه بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان جۆرێك له ئازایه‌تی و بوێری بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كان ڕه‌خساند، كه به‌بێ
ترس له زه‌برو زه‌نگی ده‌سه‌ڵات داوای مافی ڕه‌وای خۆیان بكه‌ن.
یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته
گرنگه‌كانی بزوتنەوەی گۆڕان دروستكردنی هاوسه‌نگی سیاسییه، له ڕێگه‌ی دروستبوونی
هێزی سێیه‌م، یاخود فره حیزبی راسته‌قینه، نه‌ك فره حیزبی ڕووكه‌ش، تاوه‌كو
رێگری بكرێت له قۆرخكاری حیزبی و دوو ئیداره‌یی له هه‌رێم، كه بۆته سه‌رچاوه‌ی
كێشه گه‌وره‌كان.
ده‌سكه‌وتێكی
تری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ماوه‌ی ڕابردودا گۆڕینی سیستمی سیاسی بوو له سه‌رۆكایه‌تیه‌وه
بۆ په‌رله‌مانی، به‌ڵام كه‌می به‌شداریی خه‌ڵك و ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا،
له‌مپه‌ری به‌رده‌م گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری بوون له هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی كۆنفرانس..
گه‌لی كورد
به درێژایی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق خه‌باتی له پێناو مافه نه‌ته‌وه‌یی و
نیشتیمانییه‌كانی كردووه. له دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عسیشه‌وه، عێراقی نوێ له‌سه‌ر
سێ بنه‌مای سه‌ره‌كی دامه‌زرا، كه بریتین
له ته‌وافوق و ته‌وازن و شه‌راكه‌ت.
كوردیش له چوارچێوه‌ی ئه‌م بنه‌مایانه‌دا ڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی له بنیادنانی
عێراقی نوێ‌دا گێڕا.
هه‌رێمی
كوردستان وه‌ك كیانێكی ده‌ستوری و له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا، خاوه‌نی
پێگه‌ی یاسایی و سیاسی خۆیه‌تی. له‌هه‌مانكاتدا گه‌لی كورد چه‌ندین داوا و كێشه‌ی
نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی و مێژویی و جوگرافی له عێراقی فیدراڵ‌دا هه‌یه، كه به‌گشتی
له سێ كێشه‌دا كۆده‌كرێنه‌وه:
یه‌كه‌م: شه‌راكه‌ت
له ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا
هه‌رچه‌نده
هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌شداری حكومه‌ته یه‌ك له‌دواییه‌كه‌كانی عێراق بوون،
به‌ڵام هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌بوون و به‌شدارنه‌بوون له بڕیارداندا،
ئه‌مه‌ش بەتایبەت به‌هۆی هه‌ژموونی ته‌نیا پێكهاته‌یه‌ك و په‌راوێزخستنی پێكهاته‌كانی
تر و تێكدانی سیستمی ته‌وافوق، كه وابڕیاربوو عێراقی نوێ له‌سه‌ری به‌ڕێوه‌بچێت.
بەشدارنەبوونی
ڕاستەقینەی کورد لە دەزگاکانی بڕیاردانی سیاسی عێراق و جێبەجێنەکردنی دەستوور و
مانەوەی دەسەڵات لە بازنەیەکی داخراودا؛ کێشەکانی کوردی لە عێراقی نوێ‌دا بە
چارەسەرنەکراوی هێشتوەتەوە، لەلایەکی ترەوە مامەڵەی حزبیانەی پارتی و یەکێتی و
قۆرخکردنی گۆڕەپانی سیاسیی بۆ خۆیان و پەراوێزخستنی لایەنە سیاسیەکانی دیکەی
ئۆپۆزسیۆن قەیرانێکی تری خوڵقاند، کە بەداخەوە یان هەردوو حزب بەیەکەوە لە بەغدا بەشداریان لە دەسەڵات کردووە، یاخود
هەریەکێکیان بە تەنیا و ڕۆڵی لایەنەکانی دیکەیان فەرامۆش کردوە، بەشێوەیەک هەمیشە
بەدوای پلە و پۆست و بەرژەوەندی حیزبیەوە بون.
دووه‌م:
كێشه‌ی خاك
بریتییه
لە دیاریكردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان، كه خۆی له كێشه‌ی پارێزگای كه‌ركوك و
ناوچه دابڕێندراوه‌كاندا ده‌بینێته‌وه. كه سه‌ره‌ڕای بونی ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری
عێراق و دروستكردنی چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆی، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر
نه‌كراون و چاره‌نوسی ئه‌م ناوچه كوردستانیانه به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێویستی ده‌زانێت له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ده‌ستور، دیالۆگێكی
كراوه له نێوان كورد و گه‌لانی ره‌سه‌نی توركمان و عه‌ره‌ب و كلد و ئاشوری، له‌و
ناوچانه ده‌ستپێبكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دور
له ده‌مارگیری نه‌ته‌وەیی و نه‌ژادی.
پێویستە
ئەوەش بڵێین، لە ڕوانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ەوە، یەکێک لەوغەدرانەی سەرکردایەتی
سیاسی کورد دەرحەق بەو ناوچانە کردی؛ کەرکوک و ناوچەکانی تری وەک (ناوچە
کێشەلەسەرەکان) خستە ناو دەستوری عێراقەوە، بەمەش بە دەستی خۆمان بەشێکی گرنگی
خاکی کوردستان‌مان خستە ڕاپرسی و گەمەی دەقە دەستورییەکانەوە.
سێیه‌م:
كێشه‌ی هاوبه‌شی له داهات و ساماندا
به‌داخه‌وه،
هه‌رچه‌نده ده‌بوایه هاونیشتمانیانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌كو هاوڵاتیانی تری
عێراق له خێر و بێر و داهاتی ئه‌م وڵاته‌دا هاوبه‌شبوونایه، به‌ڵام بێبه‌شن و ئه‌مڕۆ
خه‌ڵكی كوردستان له‌ژێر بارێكی دارایی قورس‌دا ده‌ژین و مووچه و بودجه به سیاسی
كراوه. كه ئه‌ویش له‌لایه‌كه‌وه به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی به‌ناوی ئابوری سه‌ربه‌خۆی
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و له‌لایه‌كی تریشه‌وه، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بونی حكومه‌تی
عێراق به ئیلتیزامه دارایی و ده‌ستورییه‌كانیه‌وه، هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی ده‌سه‌ڵاتدارانی
به‌غدا بۆ بچوكردنه‌وه و له قاڵبدانی هه‌رێم و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتی و
غازیەکان و سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم به بیانوی جیاواز و به سیاسیکردن و به‌كارهێنانی
دادگای باڵای ده‌ستوری، كه به‌داخه‌وه دواجار هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان باجه‌كه‌ی
ده‌ده‌ن و ژیان و بژێوی و گوزەرانیان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.
خوشك و برایانی خۆشه‌ویست..
له دوای
كۆتایهاتنی جه‌نگی سارده‌وه، ئه‌مڕۆ له هه‌مووكات زیاتر جیهان له قه‌یران
و ناسه‌قامگیریدایه، به‌جۆرێك بۆیه‌كەمجاره
سیستمی جیهانی له لێواری گۆڕانكاری و فه‌وزا و په‌رته‌وازه‌ییدایه، ئه‌ویش به‌هۆی
زۆری قه‌یران و جه‌نگه‌كانه‌وه، وه‌كو شه‌ڕی روسیا و ئۆكرانیا و ململانێی ئه‌مه‌ریكا
و چین، قه‌یرانی وزه، کەش و هەوا، كێشه و ته‌نگژه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و
شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس و هاوبه‌شه‌كانی... كه به‌دوری نازانرێ سه‌ره‌نجام
گۆڕانكاری له سیستمی جیهانی و پله‌به‌ندیی و فرەجەمسەری ده‌وڵه‌ته زلهێز و
ئیقلیمیه‌كاندا بهێنێته ئاراوه.
به‌دڵنیاییه‌وه
عێراق و هه‌رێمی كوردستان گرێدراوی دۆخی ناوچه‌كه و جیهانن، بۆیه ئێستا له‌به‌رده‌م
لێكه‌وته و مه‌ترسی نوێداین، كه به‌هۆی نائاماده‌یی و په‌رته‌وازه‌یی هه‌رێمی
كوردستانه‌وه، به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه پریشكه‌كانی ئه‌و دۆخه ده‌شێت ناوماڵی
كوردیش بگرێته‌وه، به‌تایبه‌تیش كه هیچ گه‌ره‌نتیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی
قه‌واره‌ی دەستوری هه‌رێمی كوردستان له ئارادانیه. ڕاستیه‌كه‌ی له‌دوای ڕوخانی
به‌عسه‌وه هیچ كاتێك هێنده‌ی ئێستا قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی
دابه‌شبون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌دا نه‌بووه.
هاوکات مەترسی و هەڕەشەی دەوڵە ئیقلیمییەکان
لەسەر جوڵانەوەی کورد بە گشتی و باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێم بە تایبەتی زیاتر
بوە. كه به‌داخه‌وه فاكته‌ری ناوخۆیش لە دابه‌شبوونی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی
هەرێم به‌سه‌ر جه‌مسه‌رگیرییه ئیقلیمییه‌كان و، حوکمڕانی خراپ و گه‌نده‌ڵی و
ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی؛ هۆكاری
سه‌ره‌كین بۆ لاوازبونی پێگه‌ی هه‌رێم. بەدیوێکی تردا، خراپی ئەدائی حکومڕانی و
نەبوونی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و، بێباکی پارتی و یەکێتی بەرامبەر داخوازییە
ڕەواکانی هاوڵاتیان؛ مەترسیەکی جدییە لەسەر هەرێمی کوردستان بەئاڕاستەی ڕووکردنە
دەسەڵاتدارێتی بەغدا و پشتکردنە دەسەڵاتی خۆماڵی، ئەمەش بەرئەنجامی ئەو دۆخە
ناتەندروستەیە، کە کۆمەڵگەی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (چینێکی کەمینەی
دەستڕۆشتوو)، کە نزیکایەتیان لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی
سامان و خۆشگوزەرانی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شاهانە، بەپێچەوانەشەوە (چینێکی
زۆرینەی هەژار و بێ دەرامەت) دروست بووە، کە هەژاری و نەداری تەنگی پێ هەڵچنیون و
تەنانەت پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ دەستەبەر ناکرێت، واتە ئەوەی پێی
دەوترێت چینی ناوەند نەماوە و کۆمەڵگەی کوردستان خراوەتە ژێرباری جیاوازی دوو چینی
چەوساوە و چەوسێنەر.
هەر
ئەم جۆرە حوکمڕانیە حیزبییە، هۆکاری ئەوەیە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە بۆشایی
دەستوریی و قانونیدایە و، جگەلەوەی دامەزراوەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان
هەڵوەشاوەتەوە، چارەنوسی هەڵبژاردن و نوێکردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەکانی نادیارە.
بەڕێزان..
لەدواى بەستنى کۆنگرەى یەکەم؛
بزوتنەوەى گۆڕان وەک هێزى دووەمى هەرێمى کوردستان، له دوای هه‌ڵبژاردنی 2013،
بەمەبەستى چاکسازى و گۆڕانکارى، بەشدارى لە کابینەى هەشتەمى حکومەتدا کرد، ئەم
بەشدارییە لەکاتێکدا بوو، کە لە سەرەتای تەمەنی کابینەکەدا بوجەى هەرێم لەلایەن
حکومەتى ئیتحادییەوە بڕا و هەرێمى کوردستانى توشى قەیرانێكی قوڵى دارایی و ئابوری
بوو. هاوکات هاتنى داعش و مەترسیەکانى لەسەر هەرێمى کوردستان؛ بوون بە لەمپه‌ڕ له‌به‌رده‌م پڕۆژه نیشتمانیی و چاكسازییه‌كانی بزوتنەوەى
گۆڕاندا و هەژموونى ئەو دوو حیزبەى كه خاوەن هێزى چەکدار بوون بەتەواوەتى بەسەر
دامەزراوە نیشتمانییەکاندا زیاتر بوو.
كه دواجار لە درێژکردنەوەى ماوەى ویلایه‌تی سەرۆکی
هەرێم ئەم هەژموونە حزبیە بە پەکخستى پەرلەمان و دورخستنەوەى وەزیرەکانى گۆڕان لە
کابینەى هەشتەم گەیشتە ترۆپکى پاشەکشەى دیموکراسى و هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوە
نیشتمانییەکان و لەکەدارکردنى ناوبانگى هەرێمى کوردستان لە ئاستى ناوخۆیى و
نێودەوڵەتیدا.
لەلایەکى ترەوە، ئه‌نجامدانی
ڕیفراندۆم و دواتر ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و لێکەوتەکانى، ئه‌وه‌نده‌ی تر
قەیرانەکانى هەرێمى کوردستانى قوڵتر کردەوە، کە ئه‌مه‌ش بووه هۆی له‌ده‌ستدانی به‌شێكی
گه‌وره له خاكی كوردستان و دورخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و ناوچانه.
ئاماده‌بوانی به‌ڕێز..
پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی
(30ی 9ی 2018)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاریدا به‌شداری
له كابینه‌ی نۆیەمی حكومه‌تی هه‌رێمدا بكات، كه بوونی كارنامه‌یه‌كی ڕۆشن و ئه‌نجامدانی
چاكسازی ڕیشه‌یی مه‌رجی سه‌ره‌كی به‌شداریكردنمان بوو.
به‌شێكی
زۆری ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌مان به خه‌ڵكی دابوو، ئاوێته‌ی كارنامه‌ی
حکومەت كرا، به‌ڵام به‌هۆی سیاسەتی پارتی و یەکێتی لە ناڕوونی له كۆكردنه‌وه‌ی
داهات و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و تاكڕه‌وی و پاوانخوازی و نه‌بوونی شه‌راكه‌تی
ڕاسته‌قینه له حكومه‌ت و نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی راسته‌قینه و دڵسۆزانه بۆ
رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها به‌هۆی ململانێ ناوخۆییه‌كان و په‌راوێزخستنی
كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان و زیندانیكردنی ڕۆژنامه‌نوس
و چالاكانی مه‌ده‌نی و زۆر هۆكاری تریش، كارنامه چاكسازیه‌كانی گۆڕان و حكومه‌تیان
په‌كخست.
لەگەڵئەوەشدا،
بەشێکی شکستی جێبەجێنەکردنی کارنامەی حکومەت ڕووی تیمە حکومییەکەی گۆڕان
دەگرێتەوە، کە نەیانتوانی کاریگەریان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکە بە
ئاراستەی وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی هاوڵاتیان.
به‌ڕێزان، ئه‌ندامانی دوهه‌مین
كۆنفرانسی نیشتمانی..
له‌پاش به‌شداریكردن
له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه‌كان، ژماره‌یه‌ك له
هه‌ڵسوڕاوه به‌ڕێزه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌مان له ئاسته جیاجیاكان و به‌شێكی به‌رچاوی
ده‌نگده‌ران له هه‌ڵوێست و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی گۆڕان له‌پشتیوانیكردن بۆ
بزوتنه‌وه‌كه‌مان ساردبونه‌وه.
ڕاستیه‌كه‌ی
ناڕازیه‌كان چه‌ند جۆرێكن، به‌شێكیان زۆرینه‌ی ئەو هه‌ڵسوڕاو و پشتیوانانە پێكده‌هێنن،
كه له‌نیه‌تی پاك و دڵسۆزانه‌ی خۆیان له‌پێناو مانه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه،
كه ناڕازیبوون له سیاسه‌تی ئه‌و قۆناغه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌یان و به‌شداریكردن له
حكومه‌ت، به‌شێكی کەمیشیان به هۆكاری شه‌خسی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی پابەندی
بەڵێنە سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقیەکان نەبوون و بزوتنه‌وه‌كه‌یان به‌جێهێشت، کە
زۆرینەیان ئیمتیازاتی مادی و مەعنەویان لە بزوتنەوەکە چنیەوە و تەنانەت هەندێکیان
ئامادەنەبون پابەندبوونە مادیەکانیشیان بەرامبەر بزوتنەوەکەیان جێبەجێ بکەن.
له ڕوانگه‌ی
هه‌ستكردنمان به به‌رپرسیاریه‌تی و دڵسۆزیمان بۆ هاوڕێیانمان، له ماوه‌ی
ڕابردوودا كارمان بۆ ئاشته‌وایی و پێكه‌وه كاركردن كردووه و تائێستاش پرۆسه‌كه
به‌رده‌وامه، واتە لەپێش کۆنفرانس و لەناو کۆنفرانس و لەدوای کۆنفرانیش ئاشتەوایی
بەردەوامە و ئامادەی کاری پێکەوەیی و بەرپرسیارێتی هاوبەشین بۆ بەهێزکردنەوەی
بزوتنەوەی گۆڕان و ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگاری و سەختیەکان.
بۆیه به‌ده‌رفه‌تی
ده‌زانین سوپاسی زۆرمان بۆ هه‌وڵی به‌رده‌وام
و دڵسۆزانه‌ی ئه‌و هاوڕێیانە ڕابگه‌یه‌نین، كه له ڕابردوو و ئێستاشدا خه‌ریكی
تیماركردنی برینه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌مانن، لەوانەش ژمارەیەک لە کاسبکارانی شاری
سلێمانی و چەند کەسایەتییەک لەوانە دکتۆر بورهان یاسین و لیژنەی ئاشتەوایی و
هاوكاره‌كانیان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی خه‌مخۆری پرۆسەی ئاشته‌وایبوون.
ئه‌م بۆنه‌یه ده‌كه‌ینه ده‌رفه‌تێك تا به‌ناوی
بزوتنەوەی گۆڕانەوە جارێكی تر بانگەواز بۆ سه‌رجه‌م هه‌ڵسوڕاو و ده‌نگده‌ر و لایه‌نگرانی
ناڕازی بكه‌ینه‌وه، پێكه‌وه به‌ڵێنی كاركردن بدەین. دوبارە، له پێناوی یه‌كڕیزی
و یه‌كخستنه‌وه‌ی كار و هه‌ڵوێست، با كۆنفرانس بكه‌ینه سەنگی مەحەک بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی
هاوڕێ و هه‌ڵسوڕاو و ده‌نگده‌ره‌كانمان و نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی کەرتە
جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
گۆڕانخوازانی ماندوونه‌ناس..
بۆ ئه‌وه‌ی
ده‌ست به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه بگرین، پێویسته هه‌موومان ده‌ست به میراتی
سیاسی و فكری ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فاوه بگرین.
له
كۆتایدا.. ئه‌م كۆنفرانسه ده‌كه‌ین به‌وێستگه‌ی به‌خۆداچونه‌وه‌ی جدی و چاككردنی
كه‌موكورتیه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی پەیکەری ڕێكخراوه‌یمان و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌مان
له ئاسته جیاوازه‌كاندا.
لێره‌وه،
به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه:
یه‌كه‌م: له‌سه‌ر ئاستی عێراق، هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی مافه نه‌ته‌وەییه‌كان
له ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانمان ده‌بێت به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی
كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگال و ته‌واوی ناوچه دابڕاوه‌كانی تر.
دووه‌م: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕوبه‌ڕوی هه‌رجۆره سیاسه‌تێك ده‌بێته‌وه
كه دژ به خه‌ڵكی كوردستان بێت و كار بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه و شایسته
داراییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات.
سێیه‌م: كارده‌كه‌ین بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی گوتاری نیشتیمانی و یه‌كخستنه‌وه
و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌به‌رامبه‌ر هەموو نیه‌تێکی شۆڤێنیانه‌ی
دژ به گه‌له‌كه‌مان.
چواره‌م: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌خت ده‌كاته‌وه له پاراستنی به‌ها
دیموكراتیه‌كان و گه‌شه‌پێدانی ئازادییه گشتییه‌كان و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و
به پیشه‌ییكردن و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی هەموو سکتەرەکان بەتایبەتی هێزەکانی
پێشمه‌رگه، كه ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه له خه‌باتی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و
ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعشدا.
پێنجەم: پشتیوانیکردنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و
داکۆکیکردن لە خواست و داواکارییەکانی چین و توێژەکان، بەتایبەت لەناو ژنان و
گەنجاندا بۆ دەستبەرکردنی هەلی یەکسانی بەشداری سیاسی و کەمکردنەوەی رێژەی
بێ‌کاری.
ئێستا ڕوو
له هه‌موو ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین به‌رده‌وامیدان و به‌هێزمانه‌وه‌ی
بزوتنەوەی گۆڕان ژیانی مه‌ده‌نی و دیموكراسی خه‌ڵكی كوردستان گه‌شاوه‌تر ده‌كات.
هێزی گۆڕان هێزی خه‌ڵكه دژ به سته‌م و پایه‌كانی گه‌نده‌ڵییە. هێزی ئیراده‌ی گه‌لێكه
بۆ هێنانه‌دی ئاوات و ئامانجه ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان.
هه‌ر ئه‌م
بۆنه‌یه به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانین، بۆ ئه‌وه‌ی سڵاو و سوپاسی گه‌رممان بۆ هه‌موو ئه‌و
گۆڕانخوازانه بنێرین، كه له هه‌ر شار و شارۆچكه و لادێیه‌كی كوردستانه‌وه، به‌هیوای
گۆڕانكاری به‌ژیان و ماڵیان هاوشانی بزوتنەوەکەیان ده‌ستیان به‌خه‌بات كرد.
ڕێز‌و وه‌فای
بێ پایان بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له پێناوی سه‌رخستنی ئامانجه‌كانی گۆڕاندا شەهید
بوون، ئه‌وانه‌ش كه به‌هۆی لایه‌نگرییان بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توشی نانبڕین و
لێدان و به‌دواداچوون و هه‌ڕه‌شە و زیندان بوونه‌وه، وە پێیان ده‌ڵێین گۆڕان
ئیراده‌یه‌كی نیشتیمانی به‌رده‌وامه.
سوپاس بۆ ئاماده‌بونتان..
براتان
عومه‌ر سه‌ید عه‌لی
٢٠ی ١ی ٢٠٢٤