گۆڕان جارێكی دیكە دەستاودەستی دەسەڵات دەكات
28/09/2024
هەواڵ و چالاکی
ئەمڕۆ لە شارى سلێمانى رێوڕەسمی رێزلێنان لە عومەر سەید عەلى و هاوکات دەستبەکاربونى دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەرى گشتى نوێی بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەدەچێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە (٢٨ی٩ی٢٠٢٤) لە شارى سلێمانى رێوڕەسمی ماڵئاوایی و رێزلێنان لە عومەر سەید عەلى بەڕێوەدەچێت و هاوکات لە هەمان بۆنەدا دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەرى گشتى نوێی بزوتنەوەى گۆڕان دەستبەکار دەبێت، ئەمەش ژەسەربنەمای نوسراوی فەرمی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە 18ـى ئەیلول دەرکراوە.
کاوە عەبدوڵا، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەوە راگەیاند: عومەر سەید عەلى وەک سەرکردەیەکى تێکۆشەرى ئەم وڵاتە هەمو ژیانى بەخشییە کوردایەتى، بزوتنەوەى گۆڕانیش وەک رێزێک بۆ ئەو خەباتەى ماڵئاوایی و رێزلێنانى بۆدەکات.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە دواى ئەو مەراسیمە، عومەر سەید عەلى رادەستى دەسەڵات دەکات بۆ دانا ئەحمەد مەجید ئەویش بەپێی نوسراوى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.
کاوە عەبدوڵا ئەوەى ئاشکرا کرد کە دانا ئەحمەد مەجید دەبێتە رێکخەرى گشتى و بۆ ماوەى شەش مانگ کارەکانى عومەر سەید عەلى بەڕێوەدەبات و لەو ماوەیەدا بەپێی رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان دەبێت هەم دەستور و هەم کارەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رێکبخرێتەوە