ناوەڕۆكی وتاری عومەر سەید عەلی لە رێوڕەسمی دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان
29/09/2024
هەواڵ و چالاکی
ئەمڕۆ بەپشتیوانی گۆڕانخوازان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات
لەنێو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەكەین. ئەوەی پێشتر و لەماوەی ئەم ئەركەمدا كردومە
بەنیەتی خزمەتكردنی میللەتەكەمان و بزوتنەوەی گۆڕان بوە، هەمیشە هەوڵمداوە
ریزەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەیەكپارچەیی بهێڵمەوە ئەوەشی كراوە بەپشتیوای و
توانای ئێوە بوە، سوپای هەموتان دەكەم.
لەماوەی رابردودا بەشێك لە هاوڕێكانمان بەویستی
خۆیان بزوتنەوەی گۆڕانیان بەجێهێشوە، تا ئەم كاتە بەندەی قسەی تیادا دەكات بەهیچ
شێوەیەك قسەیەكی نەشیاویان پێ نەوتراوە و كاردانەو و رێكارێكی رێكخراوەیی دژیان
نەگیراوەتەبەر. ئەگەرچی بەشێك لەو هاوڕێیانەمان بەپێچەوانەوە ئەو دەرزی ئاژنی بزوتنەكە
و تەنانەت هاوێكانیشیان كردوە، بەڵام ئێستا و دوای ئەو قۆناغە هیوادارم ئەو
هاوڕێیانەشمان بگەڕێنەوە نێو ئۆرگانەكان و بزوتنەوەكە و لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا كار
بۆ سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕان و كاندیدانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی بزوتنەوەی
گۆڕان بكەن.
هەڵسوڕاوانی بەڕێز؛ دەمەوێت ئەوە بزانن كە لەدوای
دەست لەكاركێشانەوەم لە ساڵی (2021)ەوە وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە
كۆبونەوەكانی حزبی یان لەگەڵ كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا تەنها بەناوی عومەری
سەید عەلییەوە بەشداریمكردوە، بێگومان لێرەشەوە سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەم كە
متمانەیان بەمن بەخشیوە بۆ راسپاردنی ئەو ئەركانە، بەندە لە هەر شوێنێك كارم
كردبێت لەناو كۆمەڵەی رەنجدەران، یەكێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لەخزمەت
خەڵكی هەرێمی كوردستان بوم، نە پیاوی دەسەڵات نە وڵاتانی ئیقلیمی و دەرەوەمان قبوڵ
نەكردوە، بەڵكو ئەوەی لە خزمەتی گەلەكەمدا بوبێت ئەوەم ئەنجامداوە.
دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش،
هەڵمانداوە رێكخەری گشتی و خانە هەڵبژێرێت، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی
عێراق نوسراوی رەسمی ئاڕاستەكردوین و ئاگاداری كردوینەتەوە كە دەبێت رێكارە
رێكخراوەییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكاتی دیاریكراودا ئەنجام بدرێت جگە لەوەی
تێبینیان لەسەر بەشێك لە رێكارەكانی پێشو هەبوە و ئێمەش بەپێی ئەو رێكارانە و
لەپێناو بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان تا ئامادەكاری بۆ قۆناغی نوێ بە نوسراوی
رەسمی و ئێستاش لەبەردەم ئێوەی بەڕێزدا بە ئامادەبونی هەڵوسڕاوان بەرپرسیارێتی
لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دەستاودەست دەكەین.
بەڕێزان؛ من داوای لێبوردنتان لێدەكەم، دەمەوێت
ئەوەشتان پێ بڵێم كە هەمو گۆڕانخوازێك دەتوانێت وردبینی لەهەمو كارە سیاسیی،
رێكخراوەیی، دارایی و كارگێڕیدا بكات یان لیژنە دروست بكەن چ لە ناوحۆ چ لەدەرەوە
بۆ لێكۆڵینەوەی كۆی خەرجی و كاروبارە كارگێڕییەكان و بەندە بەرپرسیارێتی تەواو
هەڵدەگرم و هەر كەموكوڕییەك هەبو دەتوانن بمبەن بۆ بەردەم دادگاو لێپرسینەوە.
ئێستاش كە بە فەرمی و لەم رێوڕەسمەدا دەسەڵات
رادەستی برای بەرێزم دانای ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین،
كاك دانا لە لاوێتییەوە پێشمەرگە بوە و بە شایستەیی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕیوە و
بەرپرسیارێتی گرنگی خراوەتە ئەستۆ چ لە شاخ چ لە شار و پیاوێكی بە ئەمەك و دڵسۆزی
كوردستانە، داواتان لێدەكەم پشتیوانی بكەن بۆ تێپەڕاندنی دۆخی رابردوی بزوتنەوەی
گۆڕان و سەرخستنی لیستی گۆڕان و كاندیدەكانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی
كوردستان.