بزوتنەوەى گۆڕان: ساڵى نوێ بە گۆڕانکاریی لە گوتار و نەهجى نوێی سیاسیی بە پێشرەویی دەنگ و داواى خەڵک دەستپێدەکەین
31/12/2024
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەى
گۆڕان بە بۆنەى هاتنى ساڵى نوێی 2025 پیرۆزبایی ئاڕاستەى هاوڵاتییانى هەرێمى
کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لەئێستادا ناوچەک بە گۆڕانکاریی گەورە و
چاوەڕوانکراودا تێدەپەڕێت و داوا دەکات هەمو لایەنەکان بە گیانى بەرپرسیارێتی
نیشتیمانییەوە ناکۆکییەکانیان بەلا بخەن.
هاوكات جەخت دەکاتەوە
کە بەهۆى دابەشنەکردن و دواکەوتنى موچەوە ژیانى هاوڵاتییان خراپە و داواش دەکات
دواى 70 رۆژ لە بەڕێوەچونى هەڵبژاردنەکان پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە و
حکومەتى نوێ پێکبێت.
ئەوەش
دەخەنەڕو کە ساڵى نوێ، بزوتنەوەى گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسی
لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكات، بە ئامانجی چاودێریکردن
و باشکردنی رۆڵى دامەزراوە فەرمیەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەم و
داواکارییەکانی هاوڵاتیان.
دەقى پیرۆزباییەکە:
ساڵی نوێتان پیرۆز بێت
بەبۆنەی
هاتنی ساڵی نوێی زاینی 2025 گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان لە ناوەوە
و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەین.
لەکاتێکدا هەنگاو بۆ ساڵێکى نوێ دەنێین، ناوچەکە بەرەو گۆرانکارى نوێ
و خێرا هەنگاو دەنێت، گەلەکەمان لەبەردەم زنجیرەیەک دەرفەت و ئاڵنگارى و پێشهاتى
چاوەڕوانکراودایە. بزوتنەوەى گۆڕان، وەک هێزێکى نیشتمانى بەرپرسیار، کە خاوەن
بەرنامە و هێلى نیشتمانییە بۆ هەرێمى کوردستان. پێی وایە گۆرانکارییەکان، ئەوە لە
هەموو لایەنەکان دەخوازێت، کە بە گیانى بەرپرسیارێتى نیشتمانییەوە ناکۆکى
ململانێکان بەلا بخەن و ڕۆڵی گرنگی خۆیان لەم چرکە ساتە مێژوویەدا ببینن،
بەشێوەیەک ئاڵنگارییەکان کەمبکەنەوە و دەرفەتەکان بقۆزنەوە، لە پێناوى ئایندەیەکى
باشتر بۆ گەلەکەمان.
سەبارەت
بە دۆخى هەرێمى کوردستان، ژیانى فەرمانبەران و گوزەرانى هاونیشتمانیان بەهۆی
دواکەوتنى مووچەى دوو مانگى ساڵى (٢٠٢٤) خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا (70) رۆژ
بەسەر هەلبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستاندا تێپەریوە، بۆیە پێویستە بە
زووى پەرلەمانى كوردستان چالاک بکرێت و پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان
خێراتر بکرێت، پێداویستى و خەمی خەڵک بکرێتە پێشینەى کارەکان.
هەر
بۆیە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسیمان
ساڵێكی نوێ لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكەین، بە ئامانجی
چاودێریکردن و باشکردنی رۆڵى دامەزراوە فەرمیەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەم و
داواکارییەکانی هاوڵاتیان.
لە
کۆتاییدا، ئومێدەوارین ساڵی نوێ، ساڵى خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و باشترکردنی ژیان و
گوزەرانی هاونیشتیمانیان بێت.