ڕاگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە ..
15/07/2025
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان بانگەوازی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەمو پارت و ڕیکخراوە سیاسیەکان لەناوخۆدا دەكات، بەشێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بکرێتە بنەما و، هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان دوربخرێتەوە.
لەو راگەیەندراوەدا كە لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێم و قەیران و ئاڵنگارییەكان بڵاویكردوەتەوە بزوتنەوەی گۆڕان پێنج خاڵ وەك رێگەچارەی دەربازبوون دەخاتەڕوو، تێیدا دەڵێت: پەرەسەندنی ڕوداوەکان باشمان پێ ناڵێن، ئەرکی لایەنە سیاسیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە؛ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەین. یەكڕیزیی بۆ داواکردنی ماف و قوتی خەڵکی کوردستان بپارێزین، نەخشەڕێگای چارەسەر بۆ مافە دەستورییەکان بەهەماهەنگی و یەکگرتووی یەکتر دابڕێژین، بۆ هەر ئەگەر و مەترسیەک؛ بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز پێکەوە بدەین. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی هەر هەنگاو و کارێکی پێکەوەیین، کە ببێتەهۆی دەرچونی میللەتەکەمان لەو قەیرانەی بەرۆکی گرتوین.
دەقی راگەیەندراوەكە:
هاونیشتمانیانی کوردستان ..
هەرێمی کوردستان، لەناو قەیرانێکی قوڵی سیاسیی، دامەزراوەیی،
ئابوری و دارایدایە، کێشە و گرفت و نەبونی خزمەتگوزاری و بێ موچەیی؛ تەنگی بە ژیان
و بژێوی خەڵک هەڵچنیوە.
لەو چوارچێوەیەدا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و لابردنی
بارگرانی ژیانی هاوڵاتیان؛ بانگەوازی کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی هەمو پارت و ڕیکخراوە
سیاسیەکان لەناوخۆدا دەکەین، بەشێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی بکرێتە بنەما
و، هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان دوربخرێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە و بۆ دەرچون لە گێژاوی بێنە و بەرەی بێئەنجام،
دوپاتی چەند هەنگاوێکی کرداری دەکەین:
1. هەرچی زووە پەرلەمان کارابکرێتەوە،
کابینەی نوێی حكومەت پێکبهێدرێت و دامەزراوە شەرعیەکان چالاک بکرێن.
2. خۆمان بە دور بگرین لە هەر ململانێیەکی
سیاسی لەناوچەکە و عێراق، کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بگەیەنێ.
3. لەسەر بنچینەی نیشتمانی و دامەزراوەیی
پەیوەندەی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێکبخرێتەوە و دەستور بکرێتە بنەمای چارەسەری کێشەی
بودجە و پرسی نەوت و گاز.
4. هەرچی زووە هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ
حکومەتی ئیتحادی بدرێت، بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی
حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، حکومەتی هەرێم هەمو توانا داراییەکانی خۆی بخاتەگەڕ
بۆ دابەشکردنی موچەیەک لە نزیکترین کاتدا.
5. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بۆ داواکردنی
مافە ڕەواکانیان فشار و خۆپیشاندان بکەن، بەکارهێنانی توندوتیژی و ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەر
و خەڵکی سڤیل هێڵی سورە، پێویستە بەشێوەیەکی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان بکرێت
و بکەری شەهیدکردنی ئەو هاوڵاتیەی ناحیەی وەرتێ بدرێتە دادگا.
لە کۆتایدا، پەرەسەندنی ڕوداوەکان باشمان پێ ناڵێن، ئەرکی
لایەنە سیاسیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە؛ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەین.
یەكڕیزیی بۆ داواکردنی ماف و قوتی خەڵکی کوردستان بپارێزین، نەخشەڕێگای چارەسەر بۆ
مافە دەستورییەکان بەهەماهەنگی و یەکگرتووی یەکتر دابڕێژین، بۆ هەر ئەگەر و مەترسیەک؛
بڕیاری سیاسیی یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز پێکەوە بدەین. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی
هەر هەنگاو و کارێکی پێکەوەیین ، کە ببێتەهۆی دەرچونی میللەتەکەمان لەو قەیرانەی بەرۆکی
گرتوین.
١٥ی تەموزی
٢٠٢٥