ته‌نیا بۆ بیر هێنانه‌وه: پرسی ده‌ستور
17/03/2020
وتار و پەیام
له دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی "قانون اداره الدوله العراقیه للفتره الانتقالیه" و به‌ر له بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق ئه‌م 7 وتاره له ژێر سه‌رناوی "پرسی ده‌ستور" د‌ا نوسراوه و له سایتی "ریفۆرم بۆ" د‌ا به زنجیره بڵاو کراوه‌ته‌وه.
· تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی عیراق
· چه‌ندین ده‌ستور و یه‌ك ئه‌نجام
· كورد چۆن به‌شداری نوسینی ده‌ستور بێ؟
· ململانێ‌ی بیروبۆچونه‌كان
· خواسته‌كانی كورد له ده‌ستوری نوێ
· كێ كوردستان ئه‌پارێزێ؟
· سنوری كوردستانی عیراق كوێ‌یه؟
پرسی ده‌ستور: تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی عیراق 1
2005-05-18
عیراق ساڵی 1921 له دوای كۆنگره‌ی قاهیره، كه به سه‌رپه‌رشتی وینستن چه‌رچل وه‌زیری ئه‌وسای "وه‌زاره‌تی موسته‌عمه‌رات"ی بریتانی به‌سترا، بۆ دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه ستراتیجی و نه‌وتی‌یه‌كانی ئیمپریالیزمی بریتانی، له 3 ولایه‌تی عوسمانی: به‌سرا و به‌غداد و موسل، كه ده‌یان نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و دین و مه‌زه‌ب و عه‌شیره‌تی جیاواز و جۆراوجۆری تێ‌دا بو، به زۆری هێزی زه‌مینی و ئاسمانی ئینگلیزی، دروست كرا. سه‌رده‌مێ له لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی ئینگلیزه‌وه به داگیركراوی به‌ڕێوه ئه‌برا و، سه‌رده‌مێكیش له ژێر مانداتی ئه‌وان‌دا مایه‌وه، تا له 1932 د‌ا عیراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بو به ئه‌ندامی "كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان".
خواستی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جوڵانه‌وه‌ی سیاسی "كوردستانی جنوبی" له حكومه‌تی بریتانی و له حكومه‌تی عیراق "سه‌ربه‌خۆیی كوردستان" بو.
له‌م عیراقه‌دا، كه هه‌ندێ به موزاییك و، هه‌ندێ به چه‌پكه‌گوڵ و، زانای عیراقی بواری زانستی جوگرافی د شاكیر خه‌سباك، به "مه‌تحه‌فی ئه‌جناس" ناوی ئه‌با، ئه‌وه‌نده كێشه‌ی ره‌گه‌زیی، نه‌ته‌وه‌یی، دینیی، مه‌زه‌بیی، جۆراوجۆری تێ‌دایه، كۆكردنه‌وه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاشتی و ته‌بایی و دڵنیایی و رازی بونه‌وه، له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌دا پێكه‌وه بژین، كارێكه هه‌تا بڵێ‌ی سه‌خت و دژوار و ئاڵۆزه.
زۆر له‌وانه‌ی باسی حامورابی و سۆمه‌ر و ئه‌كه‌د و بابل و، عیراقی ئه‌رزی 7 هه‌زار ساڵ شارستانی ئه‌كه‌ن و، باسی یه‌كێتی و ژن‌وژنخوازی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆئاشوری و سوننه و شیعه و مه‌ندائی و یه‌زیدی... ئه‌كه‌ن، له ناخی دڵی خۆیان‌دا، گاڵته‌یان به قسه‌كانی خۆیان دێ، ئه‌گه‌ر خۆیشیان ئه‌و خۆهه‌ڵكێشانه‌یان له ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌كردنی ناڕاستی عه‌ره‌بی‌دا، لێ بوبێ به راست، ئه‌وا ئه‌وانه‌ی گوێ‌یان له‌و قسانه ئه‌بێ، فشه‌یان پێ‌ی دێ.
زیاتر له 80 ساڵ پێكه‌وه ژیان، له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌ت‌دا، نه‌ك ناسنامه‌ی عیراقی بۆ دروست نه‌كردون، بگره روخانی سه‌دام، ده‌رگای داخراوی زیندانێكی گه‌وره‌ی كردۆته‌وه كه ناوی عیراق بو، هه‌مو ئه‌م گروپه جیاوازانه‌ی كه به زۆر ئاخنرا بونه ئه‌م زیندانه‌وه، ئیستا ده‌رچون هه‌ر یه‌كه‌یان داوای مافی تایبه‌تی خۆی ئه‌كا.
هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره په‌یكه‌ری له‌شی گه‌لی عیراقی به روتوقوتی خسته به‌رچاوی دنیا. ریزبه‌ستنی خه‌ڵكی عیراق بۆ ده‌نگدان:
نه له سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازی بیروباوه‌ڕی سیاسی - دیمۆكراتی، لیبرالی، ئیشتیراكی، قه‌ومی عه‌ره‌بی، شیوعی.... بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازی پرۆگرامی سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری... حیزب و گروپه‌كان بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی - خێڵه‌كی و ناوچه‌یی بو.
نه له سه‌ر بنچینه‌ی دینیی – ئیسلامی بو.
به‌ڵكو ریزبه‌ستنی خه‌لكی بۆ ده‌نگدان:
له سه‌ر بنچینه‌ی مه‌زەبیی - دینیی شیعی، سوننی.
له سه‌ر بنچینه‌ی ئیتنی - كوردی، توركمانی، كلدۆ ئاشوری... بو.
عیراقی قۆناغی ئیستا، كه ده‌ستوری هه‌میشه‌یی تێ‌دا ئه‌نوسرێته‌وه، له به‌رده‌م دوڕییانێكی مێژویی دایه:
رێ‌یه‌كیان، به‌ستنی گرێبه‌ندێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه له نێوان پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كی‌یه‌كانی گه‌لی عیراق د‌ا، به تایبه‌تی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب، یان له نێوان كورد و عه‌ره‌بی شیعه و عه‌ره‌بی سوننه‌دا، كه ره‌نگ بداته‌وه له ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یی‌دا، "دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سامان و ئه‌رز" و "هاوبه‌شی راسته‌قینه" له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی و له جۆری حوكمڕانی ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ‌دا دابین بكا.
رێ‌یه‌كه‌ی تریان، هه‌ڵوه‌شانی ئه‌م قه‌واره ده‌ستكرده‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی هه‌رێمایه‌تی و ناوده‌وڵه‌تی‌یش، رێگه نه‌دا ببێ به چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، له ناو سنوری خۆی‌دا ببێته چه‌ند "كانتۆن"ی جیاواز و له یه‌ك دابڕاو.
به‌لاداخستنی كێشه چاره‌نوسسازه‌كان به ده‌نگدانی زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی له ناو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراقی‌دا، له كاتێك‌دا نوێنه‌رانی لیستی شیعه‌ی عه‌ره‌ب زۆرایه‌تی كۆمه‌ڵه‌كه‌ن و، نوێنه‌رانی لیسته‌كانی سوننه‌ی عه‌ره‌ب، كورد، توركمان، مه‌سیحی، عه‌لمانی‌یه‌كان.. كه‌مایه‌تی پێك ئه‌هێنن، جۆرێ له ناهاوسه‌نگی له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوردا دروست ئه‌كا، كه ئه‌گه‌ر ده‌ستوره‌كه به زۆرایه‌تی ده‌نگی شیعه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراقیش‌دا تێ بپه‌ڕێ، له ریفراندۆم‌دا بێگومان ره‌ت ئه‌كرێته‌وه. ئه‌وسا عیراق ئه‌باته‌وه به‌رده‌م دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی نیشتمانی كه سه‌رله‌نوێ ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی بنوسێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه رو نه‌دا، نوسه‌رانی ده‌ستور، ئه‌بێ په‌نا به‌رنه‌وه به‌ر پێڕه‌وی سه‌ره‌تای سازان (ته‌وافوق). ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه نه‌ئه‌هێڵێ هیچ لایه‌ك هه‌مو داواكانی به‌ده‌س بهێنێ و نه‌ئه‌هێڵێ هیچ لایه‌ك هیچ له داواكانی ده‌س نه‌كه‌وێ!
پرسی ده‌ستور: چه‌ندین ده‌ستور و یه‌ك ئه‌نجام 2
2005-05-19
عیراق له چاو ئه‌وه‌دا ده‌وڵه‌تێكی تازه‌یه چه‌ند جارێ ده‌ستوری تێ‌دا دانراوه و گۆڕاوه.
جاری یه‌كه‌م، قانونی ئه‌ساسی عیراقی.
پرۆژه‌ی ئه‌م قانونه پسپۆڕی ئینگلیزی نوسیوێتی، له كاتێك‌دا كه عیراق هیشتا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزدا بو. "مه‌جلیسی ته‌ئسیسی عیراق" له 20 ی 7 ی 1924 د‌ا ئه‌م "قانونی ئه‌ساسی"یه واته ده‌ستوری عیراقی په‌سه‌ند و، تا روخانی رژێمی پاشایه‌تی و دامه‌زرانی رژێمی جمهوری له 14 ی 7 ی 1958 د‌ا كاری پێ كراوه.
كورد له نوسینی ئه‌م ده‌ستوره‌دا هیچ ده‌ستێكی نه‌بوه، به‌ڵام له ناو مه‌جلیس‌دا له كاتی ده‌نگدان‌د‌ا ده‌نگیان بۆ په‌سه‌ندنی داوه.
ئه‌م ده‌ستوره، ئه‌گه‌رچی له چاو سه‌رده‌می خۆی‌دا، هه‌ندێ له مافه بنه‌ڕه‌تی‌یه‌كانی هاووڵاتی‌یانی سه‌لماندوه، به‌ڵام ئازادی سیاسی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی له نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ن‌دا دابین نه‌كرد بو.
شاعیری به ناوبانگی عیراق مه‌عروف ره‌سافی، كه خۆی چه‌ند جارێ ئه‌ندامی پارله‌مانی عیراق بوه، له باسی ئه‌م ده‌ستوره‌دا وتویه‌تی:
علم ودستور ومجلس امه
كل عن المعنی الصحیح محرف
واته: ئاڵایه‌ك و ده‌ستورێك و ئه‌نجومه‌نێكی گه‌ل، كه هه‌مویان له مه‌عنای راسته‌قینه‌یان لادراون.
به درێژایی ئه‌م سه‌رده‌مه كورد له خه‌باتی سیاسی و چه‌كداردا بوه بۆ به ده‌س هێنانی مافه‌كانی.
شۆڕشه‌كانی شیخ مه‌حمود (1923 - 1931)، شۆڕشه‌كانی بارزان (1930 - 1931) و (1943 - 1945)، راپه‌ڕینی 6 ئه‌یلولی 1930، خۆپیشاندانه‌كانی 1948، 1952، 1956... له‌م سه‌رده‌مه‌دا بون.
حیزب و رێكخراوه سیاسی‌یه‌كانی كورد قه‌ده‌غه بون و، ئه‌ندامه‌كانیان ئه‌گیران و راو ئه‌نران.
رۆژنامه سیاسی‌یه‌كان، له به‌ر ئه‌وه‌ی بواری ده‌رچونی قانونی‌یان نه‌بوه، به نهێنی ده‌رچون.
جاری دوه‌م، ده‌ستوری موه‌قه‌تی عیراقی.
دوای كوده‌تای 14 ی ته‌موزی 1958 كه رژێمی جمهوری راگه‌یه‌نرا وه‌كو یه‌كێ له نیشانه‌كانی گۆڕینی سیاسی رژێمی پاشایه‌تی به جمهوری له 27 ی 7 ی 1958 د‌ا "ده‌ستوری موه‌قه‌ت" بڵاو كرایه‌وه. سه‌رانی حیزبی وه‌ته‌نی دیمۆكراتی، به تایبه‌تی پارێزه‌ر حسێن جه‌میل، ئه‌م ده‌ستوره‌یان نوسیوه. كامیل چادرچی رێبه‌ری حیزبی وه‌ته‌نی دیمۆكراتی بو.
بۆ یه‌كه‌مین جار له مێژوی عیراق و ده‌وڵه‌تانی تری ناوچه‌كه‌دا ده‌ستوری موه‌قه‌تی عیراقی دانی نا به بونی كوردا. له ماده‌ی سێیه‌می‌دا نوسی بو: "عه‌ره‌ب و كورد هاوبه‌شن له‌م نیشتمانه‌دا، ئه‌م ده‌ستوره دان ئه‌نێ به مافی نه‌ته‌وه‌یی‌یان‌دا له ناو یه‌كێتی عیراق‌دا".
له نوسینی پرۆژه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌دا كورد ده‌ستی نه‌بوه، له ماده‌ی دوه‌می‌دا نوسی بوی: "عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب" ئه‌م ماده‌یه پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی سێیه‌می بو، جێگه‌ی ناڕه‌زایی كورد و هێزه سیاسی‌یه‌كانی بوه، به‌ڵام به گشتی هێزه سیاسی و پیشه‌یی‌یه‌كانی كورد و رۆژنامه و گۆڤاره‌كانی و رای گشتی، پشتیوانی‌یان له‌م ده‌ستوره كردوه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ره‌تا كورد هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی سیاسی و رۆشنبیری به ده‌س هێنا، به‌ڵام دواتر درێژترین و خوێناوی‌ترین شۆڕشی كورد له سه‌ده‌ی بیسته‌م‌دا له ئه‌یلولی 1961 د‌ا ده‌ستی پێ كرد.
جاری سێیه‌م، ده‌ستوری موه‌قه‌ت.
عه‌بدوسه‌لام عارف، به كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی، ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی روخاند و وه‌زار‌تێكی تازه‌ی له هاوبیره نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی خۆی پێك هێنا، ئه‌ویش له 1964 د‌ا ده‌ستورێكی موه‌قه‌تی دانا. ده‌ستوره‌كه‌ی ئه‌م له چاو ده‌ستوره‌كانی پێش خۆی‌دا زۆر دواكه‌وتو تربو. له ماده‌ی 19 د‌ا نوسی بوی: "عیراقیه‌كان هه‌مو یه‌كسانن له ئاستی قانون و هه‌موشیان یه‌كسانن له ماف و فرمانی گشتی‌دا و له‌مه‌دا هیچ جیاوازی‌یه‌كیان له نێوان‌دا نیه به هۆی ره‌گه‌ز و رێچه‌ڵه‌ك و زمان و دینه‌وه و گشت هاونیشتمانان هاوكاری ئه‌كه‌ن بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی ئه‌م نیشتمانه به عه‌ره‌ب و كورده‌وه. ئه‌م ده‌ستوره دان ئه‌نێ به مافی نه‌ته‌وه‌یی‌یان‌دا له ناو یه‌كێتی عیراقی‌دا."
له نوسینی پرۆژه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌دا كورد ده‌ستی نه‌بوه.
له‌م سه‌رده‌دا، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ ماوه‌ی ئاگربڕ و "نه‌شه‌ڕ و نه‌ئاشتی" تێكه‌وت، چه‌وساندنه‌وه‌ی كورد و وێرانكردنی دێهاتی كورد و نیشته‌جێ كردنی عه‌ره‌ب له كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بو. ئه‌م سه‌رده‌مه قۆناغێكی شومه له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی – چه‌كداری كوردا، جوڵانه‌وه‌ی كورد له روی سیاسی و پێشمه‌رگه‌یی‌یه‌وه ناكۆكی تێ كه‌وت و كه‌رت بو، له پاڵ شه‌ڕی كورد – عیراق د‌ا شه‌ڕی كورد – كورد ده‌ستی پێ كرد.
جاری چواره‌م، ده‌ستوری موه‌قه‌ت.
به‌عس به كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له 17 ی 7 ی 1968 د‌ا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌س. ده‌ستورێكی موه‌قه‌تی دانا به‌لام ئه‌م ده‌ستوره دوای رێككه‌وتنی ئازاری 1970 ده‌سكاری كرا به‌و جۆره‌ی دانی نابو به‌وه‌دا كه: "گه‌لی عیراق پێك دێ له دو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی عه‌ره‌ب و كورد..."
ئه‌گه‌رچی به‌عس له ده‌ستوری عیراق د‌ا ئه‌وه‌ی سه‌لماند بو كه كورد و عه‌ره‌ب دو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كین گه‌لی عیراق پێك ئه‌هێنن، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا:
گه‌وره‌تری كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌عریب، ته‌هجیر، ته‌رحیل، ئه‌نفال، كیمیاباران، تێكدانی سروشتی كوردستان، هه‌ڵته‌كاندنی بنچینه‌كانی ئابوری دێهات و هه‌ڵوه‌شاندنی ته‌ونی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵی كوردستان، به سه‌ر كوردا هات.
ئه‌م ده‌ستوره تا روخانی به‌عس له 9 ی 4 ی 2003 د‌ا به موه‌قه‌تی مایه‌وه.
هیچ كام له‌م ده‌ستورانه:
• نه‌یتوانی كۆمه‌ڵێ بهێنێته به‌رهه‌م ناسنامه‌ی "ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه" یا "نه‌ته‌وه – ده‌وڵه‌ت" ی عیراقی هه‌بێ و، "هه‌ستی هاووڵاتیبونی عیراقی" له ناخی دانیشتوانی عیراق‌دا بخوڵقێنێ.
• نه‌یتوانی كێشه‌كانی چه‌ساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی، جیاوازی تائیفی، ناكۆكی چینایه‌تی، چاره‌سه‌ر بكات و، ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌بایی سیاسی، له ناو كۆمه‌ڵی عیراقی د‌ا دابمه‌زرێنێ.
• نه‌یتوانی گه‌شه‌كردنی ئابوری و، نزمترین ئاستی خۆشیی گوزه‌ران و ئاسوده‌یی ژیان، بۆ دانیشتوانی عیراق دابین بكات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عیراق یه‌كێك بو له وڵاته هه‌ره زه‌نگینه‌كانی جیهان له نه‌وت و غاز و ئاو و ئه‌رزی كشتوكاڵ د‌ا.
• نه‌یتوانی ئاسایشی ناوخۆی عیراق و ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی دابین بكا، له كاتێك‌دا به‌شێكی زۆری داهاتی عیراق بۆ ئاسایشی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی به فیڕۆ ئه‌ڕۆیشت و، عیراق یه‌كێ له گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه جه‌نگی‌یه‌كانی ناوچه‌كه و گه‌وره‌ترین داووده‌زگای پۆلیسی و سه‌ركوتكردنی هه‌بو.
دوای روخانی به‌عس بۆشایی‌یه‌كی ده‌ستوری دروست بو. ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری ئه‌مه‌ریكی ویستی ئه‌م بۆشاییه به نوسینی ده‌ستورێكی نوێ پڕ بكاته‌وه. كه "مه‌جلیسی حوكم" دروست بو، مه‌جلیسی حوكم له‌و باره‌یه‌وه خه‌ریك بو، به‌ڵام مه‌رجه‌عی باڵای شیعه سه‌ید عه‌لی سیستانی فتوای د‌ا كه ده‌ستور ئه‌بێ له لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی دانیشتوانی عیراقه‌وه بنوسرێ. فتواكه‌ی سیستانی رێ‌ی بڕی له هه‌ر ته‌قه‌لایه‌ك بۆ نوسینی هه‌ر ده‌ستورێ، هه‌میشه‌یی یا كاتیی بێ، بۆیه مه‌جلیسی حوكم قانونێكی دانا ناو نرا "قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ماوه‌ی گواستنه‌وه". به پێ‌ی ئه‌و قانونه رێوشوێنی هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و نوسینی ده‌ستور دیاری كرا.
له 30 ی 1 ی 2005 د‌ا هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ هه‌ڵبژاردنی 275 ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و بۆ هه‌ڵبژاردنی 111 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان و بۆ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی هه‌مو پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجام درا.
له 6 ی 4 ی 2005 د‌ا كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق به زۆرایه‌تی 227 ده‌نگ له كۆی 257 ده‌نگ "ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی" هه‌ڵبژارد. جه‌لال تاڵه‌بانی به سه‌رۆكی كۆمار و عادل عه‌بدولمه‌هدی به جێگر‌ی یه‌كه‌م و غازی یاوه‌ر به جێگر‌ی دوه‌م.
له 7 ی 4 ی 2005 د‌ا ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی له به‌رد‌م كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی‌دا سوێندی یاسایی‌یان خوارد و، هه‌مان رۆژ د ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌یان راسپارد ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێك بهێنێ.
له 28 ی 4 ی 2005 د‌ا سه‌رۆكی وه‌زیران و جێگره‌كانی و وه‌زیره‌كانی، له كۆی 185 ئه‌ندام كه ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه بون 180 ده‌نگیان به ده‌س هێنا.
له 3 ی 5 ی 2005 د‌ا ئه‌ندامانی وه‌زاره‌ت "سوێندێكی قانونی ناته‌واویان" له به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق‌دا خوارد. له سوێنده‌كه رسته‌ی "نیزامی دیمۆكراتی فیدرالی" لێ ده‌رهێنرا بو.
له 10 ی 5 ی 2005 د‌ا كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق له ناو ئه‌ندامه‌كانی خۆی‌دا 55 كه‌سی هه‌ڵبژارد به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور.
به‌مجۆره پرۆسه‌ی نوسینی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق، یان به واته‌یه‌كی تر "پرسی ده‌ستور"، ده‌ستی پێ كرد.
پرسی ده‌ستور: كورد چۆن به‌شداری نوسینی ده‌ستور بێ؟ 3
2005-05-20
میكانیزمی نوسینی ده‌ستور
ماده‌ی 61 و بڕگه‌كانی له - ئه‌لف تا زێ - ی قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت "قاد" هه‌نگاوه‌كانی نوسین و په‌سه‌ندن و كار پێ كردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی له عیراق د‌ا رون كردۆته‌وه.
كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق ئه‌بێ نوسینی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق ئه‌وپه‌ڕی تا 15 ی 8 ی 2005 ته‌واو بكا و، به شێوه‌یه‌كی فراوان بۆ گفتوگۆ و لێدوان و تاووتوێ كردن له ناو خه‌ڵك‌دا بڵاوی بكاته‌وه، ئینجا بیخاته به‌رده‌م گه‌ل بۆ ریفراندۆم.
ئه‌گه‌ر زۆرایه‌تی ده‌نگده‌رانی عیراق ره‌شنوسی ده‌ستوره‌كه‌یان له ریفراندۆم‌دا په‌سه‌ند، ئه‌وا تا 15 ی 12 ی 2005 سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنی گشتی ئه‌نجام ئه‌درێ و، تا 31 ی 12 ی 2005 ئه‌بێ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی نوێ و حكومه‌تی نوێ‌ی عیراق بۆ چه‌ند ساڵی داهاتو به شێوه‌یه‌كی ئاسایی بكه‌ونه كار.
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق نه‌یتوانی تا 15 ی 8 له نوسینی ده‌ستور ببێته‌وه، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه به ره‌زامه‌ندی زۆرایه‌تی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌توانی داوا بكا له ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی ماوه‌كه‌یان بۆ درێژ بكاته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی له 6 مانگ تێ نه‌په‌ڕێ.
ئه‌گه‌ر زۆرایه‌تی ده‌نگده‌رانی عیراق، یان دوسێیه‌كی 3 پارێزگای عیراق، ره‌شنوسی ده‌ستوره‌كه‌یان نه‌په‌سه‌ند، كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق هه‌ڵئه‌وه‌شێته‌وه و، تا 15 ی 12 ی 2005 هه‌ڵبژاردن بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق ئه‌بێ دوباره بكرێته‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و حکومه‌تی عیراق، كه هه‌ردوكیان درێژ‌ه پێ ده‌ری ماوه‌ی گواستنه‌وه ئه‌بن، ئه‌بێ تا 31 ی 12 ی 2005 كار بگرنه ده‌س. ماوه‌ی ساڵێكیان له به‌رده‌م‌دا ئه‌بێ بۆ نوسینی ده‌ستور و په‌سه‌ندنی له دوه‌مین ریفرندۆم‌دا.
كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور
رۆژی 10 ی 5 ی 2005 كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق له كۆبونه‌وه‌یه‌كی ته‌رخان كراودا بۆ داڕشتنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق كۆمیته‌یه‌كی هه‌ڵبژارد كه 55 ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌كه‌ن. له 161 نوێنه‌ر كه ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه بون كۆمیته‌كه 142 ده‌نگی هێناوه. له كۆبونه‌وه‌یه‌كی تردا كۆمیته‌كه ئه‌بێ سه‌رۆك و جێگر‌ی سه‌رۆك و بڕیارده‌رێ بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ.
له‌و 55 كه‌سه‌ی هه‌ڵبژێردراون بۆ ئه‌ندامه‌تی كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور: 28 یان له نوێنه‌رانی لیستی شیعی و، 15 یان له لیستی كوردستانی و، 8 یان له لیستی عه‌لاوی و، 4 ی تریان له لیستی جۆراوجۆرن.
له‌وانه‌یه زۆریی ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی و، زۆریی درێژه‌دان به قسه و مشت‌ومڕ و لێدوان كاتی دیاریكراوی كۆمیته‌كه به قسه‌ی دوباره و بێهوده‌وه بكوژێ، ئه‌گه‌ر كۆمیته‌كه نه‌بێته چه‌ند "لاكۆمیته‌یه‌ك" و هه‌ر یه‌كه‌یان بابه‌تێكی ده‌ستوره‌كه بگرێته ئه‌ستۆ. به‌ڵام هه‌وڵدانی هه‌مو لایه‌نه‌كان بۆ به‌شدار بون به ژماره‌ی زۆر نیشانه‌ی گرنگی ئه‌ركه‌كانی كۆمیته‌كه و ناوه‌رۆكی ده‌ستوره‌كه‌یه.
چه‌ند سه‌رنجێ له پێكهاته‌ی كۆمیته‌كه:
یه‌كه‌م، لیستی یه‌كگرتوی شیعه به 28 ئه‌ندام به‌شدار بون، ئه‌مه له نیوه زیادتری تێكڕای ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه‌یه. له نیوه كه‌متریان داوه به هه‌مو پێكهاته‌كانی تری عیراق، له كورد و سوننه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆئاشوری و یه‌زیدی... بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌مو ده‌نگدانێك‌دا خۆیان مسۆگه‌ر بن.
له كاتێك‌دا گروپه جیاوازه‌كانی ناو لیستی شیعه له ململانێ‌دا بون بۆ به‌ده‌سهێنانی وه‌زاره‌ت، سیستانی داوای له ئه‌ندامانی لیسته‌كه كرد هه‌ڵپه‌ی وه‌زاره‌ت نه‌كه‌ن به‌ڵكو له كۆمه‌ڵه‌دا به ئه‌ندام بمێننه‌وه خه‌ریكی نوسینی ده‌ستور بن. پێ ئه‌چێ رێنماییه‌كه‌ی سیستانی‌یان جێبه‌جێ كرد بێ.
له هه‌ڵسوكه‌وتی نوێنه‌رانی شیعه‌دا هه‌ست به جۆرێ له "خۆگنخاندنی ئه‌نقه‌ست" ئه‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستور له كاتی دیاریكراودا ئاماده نه‌بێ، تا (به پێ‌ی بڕگه‌ی واوی ماده‌ی 61) سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی له 1 ی 8 ی 2005 د‌ا ناچار بێ داوا له ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی بكا 6 مانگی تر ماوه‌ی نوسینی ده‌ستور درێژ بكاته‌وه.
نوێنه‌رانی شیعه له كۆمیته‌كه‌دا ئه‌گه‌رچی هه‌ندێكیان ئاخوندی مێزه‌ر به سه‌رن و هه‌ندێكیان قات و بۆینباخیان له مل دایه، به‌ڵام هه‌مویان سه‌ر به یه‌ك قوتابخانه‌ی ئایدیۆلۆجی دینیی دیارن، كه فیقهی جه‌عفه‌ری‌یه. د عه‌لی ده‌باغ یه‌كێكه له نزیكه‌كانی سیستانی و، جاروبار بیروبۆچونه‌كانی سیستانی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رون ئه‌كاته‌وه. شێخ هومام حه‌مودی و شێخ جه‌لالی سه‌غیر دو ئاخوندی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی مه‌جلیسی ئه‌علای سه‌وره‌ی ئیسلامی عیراقن، د جه‌واد مالیكی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حیزبی ده‌عوه و، د سامی عه‌سكه‌ری‌یش پێشتر ئه‌ندامی حیزبی ده‌عوه بوه.
شیعه‌ی عیراق، ته‌جروبه‌ی شیعه‌ی ئێرانیان له به‌ر ده‌س دایه بۆ نوسینی ده‌ستور. دوای روخانی شا به هه‌مان شێوه‌ی ئیستای عیراق له لایه‌ن مه‌جلیسێكی هه‌ڵبژێردراوه‌وه "قانونی ئه‌ساسی ئێران" داڕێژرا و، خرایه به‌ر "ریفراندۆم". له ریفراندۆم‌دا په‌سه‌ند كرا و، كه‌وتنه جێبه‌جێ كردنی و، له‌و ساوه كار به‌و قانونه ئه‌كرێ. شیعه‌ی عیراق ژماره‌یه‌كی زۆر پسپۆڕی شاره‌زا و لێزانی قانونیان هه‌یه ئه‌توانن له كاتی نوسینی ده‌ستوردا پرسیان پێ بكه‌ن و كه‌ڵكیان لێ وه‌ر بگرن.
دوه‌م، نوێنه‌رایه‌تی سوننه‌ی عه‌ره‌ب له‌م كۆمیته‌یه‌دا ته‌نیا 2 ئه‌ندامه: عه‌دنان جه‌نابی و عه‌بدوڕه‌حمان نعێمی. سوننه‌ی عه‌ره‌ب به‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردن‌دا به‌شداری‌یه‌كی كه‌میان كرد، ژماره‌ی نوێنه‌ره‌كانیشیان به‌و پێ‌یه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق‌دا كه‌م و لاوازه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ئیستاوه ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌كرێ و، له نوسینی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی‌دا به‌شدار نه‌كرێن و بیروبۆچون و قازانجه‌كانیان له به‌ر چاو نه‌گیرێ، له ریفراندۆمی داهاتو‌دا ئه‌توانن ده‌ستور ره‌ت بكه‌نه‌وه و، ببنه هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ی ئیستا و، دوباره كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی تر بۆ كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی، ئه‌وسا ئه‌توانن به قورسایی و هێزێكی زۆرتره‌وه بێنه ناو هه‌ڵبژاردن و ناو هۆڵی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و ناو كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستوره‌وه.
سێیه‌م، نوێنه‌رایه‌تی لیستی كوردستانی له‌م كۆمیته‌یه‌دا 15 ئه‌ندامه.
نوێنه‌رانی لیستی كوردستانی له كۆمیته‌كه‌دا بریتی‌یه له: د فوئاد مه‌عسوم، قازی دارا نوره‌دین، د سه‌عدی به‌رزنجی، فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، د مونزیر فه‌زل، حه‌مید مه‌جید مو‌سا، د حسێن بالیسانی، سه‌ید ئه‌حمه‌د، دیندار نه‌جمان، عادل ناسر، نوری په‌ترۆس، سامی شه‌به‌ك، عه‌بدولخالق زه‌نگه‌نه ، نێرگز مه‌جید، مونیره عه‌بدول.
وه‌كو له ناوی نوێنه‌ره‌كان‌دا ده‌ر ئه‌كه‌وێ، له روی نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌وه: جگه له كورد، عه‌ره‌ب و توركمان و كلدۆئاشوری و، له روی دینی‌یه‌وه: موسوڵمانی سوننی و موسوڵمانی شیعی و مه‌سیحی و یه‌زیدی و، له روی بیروباوه‌ڕی سیاسی‌یه‌وه: دیمۆكرات و لیبرال و ئیسلامی و كۆمۆنیستی تێ دایه...
كورد چۆن به‌شداری نوسینی ده‌ستور بێ؟
سه‌ركردایه‌تی كورد نابێ به ته‌نیا به هیوای ئه‌و 15 كه‌سه‌ی كه چونه‌ته ناو كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستوره‌وه پشتی لێ بكاته‌وه و كاره‌كان به ته‌مای ئه‌وان به جێ بهێڵێ، به‌ڵكو ئه‌بێ له نزیكه‌وه ئاگاداری گفتوگۆ و روداوه‌كانی ناو كۆمیته‌كه بێ و، به وردی چاودێری بكات. نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی له ئاستی ئه‌و كاره‌دا نین، به‌ڵكو له به‌ر ئه‌وه‌ی ماده‌كانی ئه‌م ده‌ستوره كار له چاره‌نوسی كورد و پاشه‌ڕۆژی سیاسی عیراق ئه‌كه‌ن، له به‌ر ئه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی كاتی نوسینی "قاد" دوباره نه‌بنه‌وه، پێویسته:
1. گروپێ له شاره‌زاكانی بواره جیاوازه‌كانی كاروباری قانونی، سیاسی، جوگرافی، مێژویی، ئابوری، رۆشنبیری... له پسپۆڕه‌كانی كورد و عه‌ره‌بی عیراقی، دۆستی كورد، كۆ بكاته‌وه، به‌رده‌وام ئاگایان له گفتوگۆكانی ناو كۆمیته‌كه و داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی ماده‌كانی بن و، ئامۆژگاری نوێنه‌رانی كورد بكه‌ن و به‌ڵگه و بیانوی قانونی‌یان بۆ ئاماده بكه‌ن.
2. چه‌ند پسپۆڕێكی "قانونی ده‌ستوری" له وڵاتانی فیدرالی وه‌كو: كه‌نه‌دا، ئوسترالیا، سویسرا، به‌لچیكا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئه‌مه‌ریكا، روسیا، هیندستان، پاكستان... بانگ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پرسوڕایان پێ بكه‌ن و، كه‌ڵك له ته‌جروبه‌ی ئه‌وان وه‌ربگرن له بواری: دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، موڵكیه‌تی سامانی سروشتی، نواندنی دیپلۆماسی هه‌رێم له ده‌زگای دیپلۆماسی عیراقی و له سه‌فاره‌ته‌كانی‌دا، خۆپاراستنی له هه‌ڕه‌شه‌ی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی، پاراستنی كه‌مایه‌تی ره‌گه‌زی و دینیی...
3. ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان به وردی چاودێری گفتوگۆكانی ناو كۆمه‌ڵه و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و تاووتوێ كردنی هه‌مو بابه‌ته‌كانی ده‌ستور بكا و له هه‌مو كێشه گرنگه‌كان‌دا بیروڕای خۆی رون بكاته‌وه و، پشتیوانی له باشه‌كانی ده‌رببڕێ و، له سه‌ر چه‌وتی‌یه‌كانی به ده‌نگ بێ.
ئه‌م پرۆسه چاره‌نوسسازه، كه ئاینده‌ی كوردی له سه‌ر بنیات ئه‌نرێ، نابێ له پشتی ده‌رگای داخراوی ژوری كۆبونه‌وه‌كانه‌وه حه‌شار بدرێ، به‌ڵكو ئه‌بێ به‌و په‌ڕی رۆشنی‌یه‌وه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن‌دا بۆ رای گشتی كورد باس بكرێ، به تایبه‌تی ده‌ستور بۆ په‌سه‌ندنی له لایه‌ن خه‌ڵكی عیراقه‌وه، له‌وانه گه‌لی كورد، سه‌ره‌نجام ئه‌خرێته ریفراندۆمه‌وه.
پرسی ده‌ستور: ململانێ‌ی بیروبۆچونه‌كان 4
2005-05-22
هه‌ڵبژاردنی 30 ی 1 ی 2005 له هه‌مو ناوچه‌كانی عیراق‌دا نه‌توانرا وه‌كو یه‌ك به‌ڕێوه‌بچێ و به یه‌ك شێوه ئه‌نجام بدرێ.
ئه‌گه‌ر ناوچه‌كانی عیراق "سنورێكی وه‌همیی" نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی بۆ بكێشرێ، ئه‌شێ ببێته 3 ناوچه‌ی جیاوازی: كوردنشین، سوننه‌نشینی عه‌ره‌بی، شیعه‌نشینی عه‌ره‌بی، كه 3 پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی گه‌لی عیراقن.
له ناوچه‌ی پێكهاته‌ی یه‌كه‌م‌دا، كه خۆیان به %65 ی دانیشتوانی عیراق دائه‌نێن، له ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق، مه‌ڵبه‌ندی شیعه‌نشینی عه‌ره‌ب، سیستانی ده‌ستی خسته هه‌ڵبژاردنه‌وه. خۆی لێ كردن به خاوه‌ن. سه‌ره‌تا هه‌مویانی له لیستێكی یه‌كگرتودا كۆ كرده‌وه، ئینجا داوای لێ كردن بۆ ئه‌وه‌ی بچنه به‌هه‌شت بچن بۆ ده‌نگدان و بۆ ئه‌وه‌ی "ته‌ڵاق"یشیان نه‌كه‌وێ ده‌نگ به لیستی یه‌كگرتوی شیعه بده‌ن. ده‌نگده‌رانی شیعه به لێشاو به‌شدار بون و، زۆرایه‌تی كورسی‌یه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی‌یان به ده‌س هێنا.
له ناوچه‌ی پێكهاته‌ی دوه‌م‌دا، كه به سێگۆشه‌ی سوننی ناو ئه‌برێ، له ناوچه‌كانی رۆژئاوای عیراق، ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی ئه‌نبار، سه‌لاحه‌دین، نه‌ینه‌وا و به‌شێكی دیاله و ته‌ئمیم... چه‌ندین لا ده‌ستیان وه‌ر دایه ره‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌وه:
ته‌نزیمی قاعیده هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و ته‌قاندنه‌وه‌ی كرد له هه‌مو ئه‌وانه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ئه‌بن، هه‌ر له‌و دوكاندارانه‌وه كه كارتی خۆراكیان لا بو، تا ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی سنوقی ده‌نگدان ئه‌كه‌ن و، تا ئه‌وانه‌ی خۆیان ئه‌پاڵێون و ده‌نگ ئه‌ده‌ن. هه‌ڕه‌شه‌كانی قاعیده جێ‌ی خۆی گرت. هاوكات له گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، هه‌یئه‌تی عوله‌مای موسلیمین داوای له خه‌ڵك كرد بایكۆتی بكه‌ن. حیزبی ئیسلامی عیراق له پرۆسه‌كه كشایه‌وه. زۆرایه‌تی سوننه‌ی عه‌ره‌ب پێ‌یان وابو هه‌ڵبژاردن له عیراق‌دا سه‌رناگرێ. به‌مجۆره زۆرایه‌تی عه‌ره‌بی سوننه، به زۆر بێ یان به خوایشت، به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌بون و، ژماره‌یه‌كی كه‌میان گه‌یشتنه كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی.
له كوردستان هه‌ڵبژاردن بێ گیروگرفت به‌ڕێوه چو.
لیستی یه‌کگرتوی شیعه 146 جێگه و، لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان 75 جێگه و، لیستی عیراقیه 40 جێگه و، لیسته‌كانی تر ژماره‌ی كه‌میان به ده‌س هێنا. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا نه‌خشه‌ی سیاسی ناو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق "ناهاوسه‌نگ" به‌ڵكو "لاسه‌نگ" ده‌رچو.
ئیستا هه‌ر لایه‌ك، له پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق، سه‌ره‌كی و پچوك، داواكانی خۆی ئه‌هێنێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و، ئه‌یه‌وێ له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی‌دا بیچه‌سپێنێ.
• شیعه‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ناسنامه‌ی دینی به سه‌ر ده‌وڵه‌تی عیراق‌دا بسه‌پێنن.
• عه‌ره‌به نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان، چ عه‌لمانی و چ دینی، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی به سه‌ر ده‌وڵه‌تی عیراق‌دا بسه‌پێنن.
• كورد هه‌وڵ ئه‌دا وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی عه‌ره‌ب‌دا یه‌كێتی‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه له سه‌ر بنچینه‌ی فیدرالیزم دابمه‌زرێنێ.
• توركمان هه‌وڵ ئه‌دا وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی سێیه‌م بناسرێ و له پایه سه‌روه‌ری‌یه‌كانی ده‌وڵه‌ت و داووده‌زگا حكومه‌تی‌یه‌كان‌دا به‌شی بدرێ.
• یه‌زیدی ئه‌یانه‌وێ له ده‌ستوردا وه‌كو گروپێكی دینی دانپیانراو ناویان بهێنرێ.
• كلدۆ ئاشوری ئه‌یانه‌وێ مافی دینیی، سیاسی، رۆشنبیری، كارگێڕی.. یان، بسه‌لمێنرێ و، له داووده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت‌دا به‌شدار بكرێن.
مه‌سیحی‌یه‌كان له ناو خۆیان‌دا ناكۆكن هه‌ندێكیان ئه‌یانه‌وێ هه‌مویان له ژێر ناوی كلدۆئاشوری‌دا كۆ بكرێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێكی تریان خۆیان به یه‌ك نه‌ته‌وه نازانن، پێ‌یان وایه 3 نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن: كلدانی، ئاسوری، سریانی، به‌لام هه‌مویان به دین مه‌سیحی و به مه‌زه‌ب جیاوازن.
هه‌ر یه‌كێ له‌مانه نۆڕینی خۆی بۆ عیراقی نوێ و سه‌ره‌تا گشتی‌یه‌كانی دامه‌زراندنه‌وه‌ی هه‌یه، له هه‌مان كات‌دا داوای تایبه‌تی خۆی هه‌یه.
قانونی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت "قاد"، كه تا نوسینی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی و په‌سه‌ندنی و، هه‌ڵبژاردنی حكومه‌تێكی نوێ به پێ‌ی ده‌ستوری نوێ، كاری پێ ئه‌كرێ، ئه‌شێ هه‌موی یا هه‌ندێكی بكرێته بنچینه بۆ نوسینی ده‌ستوری داهاتو، به‌ڵام كه‌موكوڕی‌یه‌كانی و، گۆڕانی ته‌رازوی هێزه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی به قازانجی "شیعه‌ی سیاسی" بابه‌ته كۆنه‌كان، كه به چاره نه‌كراوی به جێ هێڵراون، ئه‌ژێنێته‌وه و بابه‌تی تازه ئه‌هێنێته گۆڕێ. له چه‌ندین بابه‌تی بنه‌ڕه‌تی‌دا بیروبۆچونی جیاواز هه‌یه، له ناو ئه‌وانه‌دا: ده‌وری دینی ئیسلام له ده‌وڵه‌تی عیراقی نوێ‌دا، عروبه و عه‌ره‌بایه‌تی عیراق، ناوه‌ندێتیی و نه‌ناوه‌ندێتیی، فیدرالیزم، سیسته‌می حوكمڕانی، مافی ئافره‌ت...
یه‌كه‌م، عیراق و ئیسلام
ده‌ستوره‌كانی عیراق، سه‌ره‌ڕای جیاوازی قۆناغه سیاسی‌یه‌كانی نوسینیان، هه‌مویان ئیكتیفایان به‌وه كردوه: "ئیسلام دینی ره‌سمی ده‌وڵه‌ته". دوای روخانی رژێمی به‌عس زۆر كه‌س به هیوا بون "دین له ده‌وڵه‌ت جیا بكرێته‌وه" و عیراقی نوێ "ده‌وڵه‌تێكی عه‌لمانی" بێ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م چاوه‌ڕوانی‌یه‌وه ده‌وری دین له ژیانی سیاسی‌دا، له چاو جاران‌دا به‌هێزتر بو.
عیراق له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابوردودا هیچ كاتێ، به ئه‌ندازه‌ی ئیستا، رێكخراوه دینی‌یه بنچینه‌وانه‌كانی ئیسلامی سیاسی، چ له ناو شیعه‌دا و چ له ناو سوننه‌دا، زاڵ نه‌بون به سه‌ر كۆمه‌ڵ‌دا.
له ناو شیعه‌دا چه‌ندین رێكخراوی دینی - سیاسی بڵاو بونه‌ته‌وه، له‌وانه:
مه‌جلیسی ئه‌علای سه‌وره‌ی ئیسلامی له عیراق‌دا. ئه‌میش چه‌ندین رێكخراوی تری سیاسی، چه‌كدار، فیكری، خێریی.. دامه‌زراندوه، كه گرنگترینیان رێكخراوی "به‌در"ه.
حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی ئه‌ویش 3 باڵی جیاوازن: حیزبی ده‌عوه، ته‌نزیمی عیراق، حه‌ره‌كه‌ی ده‌عوه‌ی ئیسلامی.
حیزبی فه‌زیله.
ته‌یاری سه‌در.
هه‌روه‌ها ده‌یان رێكخراوی پچوك و خۆجێیی كه به ناوی دینه‌وه كار ئه‌كه‌ن.
مه‌جلیسی ئه‌علا له ئه‌نجومه‌نی 7 پارێزگادا، له‌وانه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غداد، حیزبی فه‌زیله له ئه‌نجومه‌نی 3 پارێزگادا، له‌وانه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سرا، ده‌سه‌ڵاتدارن.
له ناو سوننه‌ش‌دا چه‌ندین رێكخراوی دینی – سیاسی بڵاو بونه‌ته‌وه، له‌وانه:
ته‌نزیمی قاعیده‌ی جیهاد و ته‌وحید و، ده‌یان رێكخراوی چه‌كدار كه به ناوی ئیسلامه‌وه كاری تێڕۆڕیستی ئه‌كه‌ن.
هه‌یئه‌تی عوله‌مای موسلمین، كه وه‌كو باڵی سیاسی رێكخراوه تێڕۆڕیستی‌یه‌كان ره‌فتار ئه‌كا.
ده‌یان رێكخراوی تری پچوك و خۆجێیی كه به ناوی دینه‌وه به ئاشكرا و نهێنی كار ئه‌كه‌ن.
حیزبی ئیسلامی عیراقی.
دینیی‌یه‌كان هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ناسنامه‌ی ئیسلامی به سه‌ر ده‌ستوردا بسه‌پێنن، بیانویان بۆ ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه كه زیاتر له %95 ی دانیشتوانی عیراق موسوڵمانن. له "قاد"ا زۆر زیاتریان له جاران سه‌پاند. (بڕگه‌ی ئه‌لفی ماده‌ی7) ئه‌ڵێ: "ئیسلام دینی ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته و به یه‌كێ له سه‌رچاوه‌كانی ته‌شریع دائه‌نرێ و، له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا نابێ قانونێ دابنرێ له گه‌ڵ سه‌وابیتی ئیسلام، كه ئیجماعی له‌سه‌ره، و له گه‌ڵ سه‌ره‌تاكانی دیمۆكراتی و مافه‌كانی كه له بابی 8 ی ئه‌م قانونه‌دا هاتوه، نه‌گونجێ. ئه‌م قانونه رێزی ناسنامه‌ی ئیسلامی زۆرایه‌تی گه‌لی عیراق ئه‌گرێ و، گشت مافه دینی‌یه‌كانی هه‌مو كه‌س له ئازادی باوه‌ڕ و ئه‌نجامدانی رێوشوێنه‌كانی دابین ئه‌کا." ئه‌م ماده‌یه لێكدانه‌وه‌ی جیاواز و جۆراوجۆر هه‌ڵئه‌گرێ.
ئیستایش ره‌نگه له كاتی نوسینی ده‌ستوردا هه‌مان پرس، گه‌رمتر له جاری پێش‌و، سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه. هه‌ندێكیان داوا ئه‌كه‌ن: "ئیسلام ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی ته‌شریع بێ" و، هه‌ندێكی تریان داوا ئه‌كه‌ن: "ئیسلام سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ته‌شریع بێ"، له نێوان ئه‌وانه‌دا و له نێوان ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵێن: "ئیسلام ئه‌بێ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ته‌شریع بێ" و، نه‌رمتر: "ئیسلام یه‌كێ له سه‌رچاوه‌كانی ته‌شریع بێ" مشت‌ومڕ دروست ئه‌بێ.
له‌وانه‌یه ئه‌مه ببێته یه‌كێ له مشتومڕه سه‌ره‌كی‌یه‌كانی دانه‌رانی ده‌ستور نه‌ك هه‌ر له نێوان لایه‌نگرانی ئیسلامی سیاسی و لایه‌نگرانی جیاكردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو له نێوان لایه‌نگرانی شه‌ریعه‌ت‌دا خۆیان‌دا.
ئه‌گه‌ر ئیسلام كرا به "ته‌نیا سه‌رچاوه" یا "سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی" كام شه‌ریعه‌ت ئه‌كه‌ن به سه‌رچاوه؟ فیقهی شیعی یان فیقهی سوننی؟
ئه‌گه‌ر فیقهی شیعی به زۆرایه‌تی ده‌نگ سه‌پێنرا، كام فیقهی شیعی كاری پێ ئه‌كرێ؟
دوه‌م، عیراق و عه‌ره‌ب
نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب، دینی و نه‌دینی‌یان، ئه‌یانه‌وێ ماده‌ی كۆنه‌كانی ده‌ستوره كۆنه‌كانی عیراق كه "عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب" له ده‌ستوری داهاتو‌دا جێگیر بكه‌ن و، ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی عیراق ساخ بكه‌نه‌وه و، عیراق وه‌كو هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تری عه‌ره‌بی له قه‌ڵه‌م بده‌ن. بیانویان بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه له %80 زیاتری دانیشتوانی عیراق عه‌ره‌بن.
ئه‌مه كێشه‌یه‌كی كۆنه له نێوان كورد و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب‌دا. ئه‌وان پێ‌یان داگرتوه له سه‌ر ئه‌وه‌ی: "عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب". كوردیش پێ‌ی داگرتوه له سه‌ر ئه‌وه‌ی: "گه‌لی عه‌ره‌بی عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و گه‌لی كوردی عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی كورد".
كورد تا چه‌ند ئه‌توانێ ئه‌مه به‌وان بسه‌لمێنێ، یان ئه‌وان تا چه‌ند ئه‌توانن به سه‌ر كوردی‌دا بسه‌پێنن؟ وه‌كو چاره‌یه‌كی مامناونجی (بڕگه‌ی بێ‌ی ماده‌ی 7) ی "قاد" نوسیوێتی: "عیراق وڵاتێكی فره‌نه‌ته‌وه‌یه و گه‌لی عه‌ره‌بی تێ‌دا به‌شێكی له جیابونه‌وه‌نه‌هاتوی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به". ئه‌م گۆڕینه ئه‌گه‌رچی خواستی كوردی نه‌هێناوه‌ته دی به‌وه‌ی به ئاشكرا بڵێ: "كوردی عیراق به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی كورد"، به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌كی فراوانی له ناو نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی عیراق و سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بی‌دا وروژاند. عه‌ره‌بی توڕه كردوه، كوردیشی پێ رازی نه‌كراوه.
لێره‌دا چه‌ند پرسیارێ دێنه پێشه‌وه:
كورد تا چه‌ند ئه‌توانێ عیراق له وڵاتانی عه‌ره‌بی داببڕێ؟
كورد چه‌ند قازانج ئه‌كا له دابڕینی عیراق له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی؟
كورد چ زه‌ره‌رێ ئه‌كا له مانه‌وه‌ی عیراق له ناو وڵاتانی عه‌ره‌بی‌دا؟
كورد ئه‌یه‌وێ وه‌كو عه‌ره‌ب به نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی دابنرێ، ئه‌گه‌ر گه‌لی عه‌ره‌ب له عیراق‌دا به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و عیراقی عه‌ره‌بی به‌شێكه له نیشتمانی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب، كوردیش به‌شێكه له نه‌ته‌وه‌ی كورد و كوردستانی عیراق به‌شێكه له نیشتمانی گه‌وره‌ی كورد.
سێیه‌م، عیراق و فیدرالیزم
ده‌وڵه‌تی عیراق ساده بێ یا لێكدراو؟ ناوه‌ندی بێ یا نه‌ناوه‌ندی؟ فیدرالی بێ یا نه؟ ئه‌مانه‌ش له‌و پرسانه‌ن كه ئه‌بێ ده‌ستوری نوێ یه‌کاڵایان بكاته‌وه.
ماده‌ی 4 ی "قاد" نوسیوێتی: "نیزامی حوكم له عیراق‌دا جمهوری، فیدرالی، دیمۆكراتی، پلورالی‌یه، ده‌سه‌ڵات له نێوان حكومه‌تی فیدرالی و حکومه‌ته‌كانی هه‌رێم و پارێزگاكان و شاره‌وانی‌یه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌یه خۆجێییه‌كان‌دا دابه‌ش ئه‌كرێ، نیزامی فیدرالی له سه‌ر بنچینه‌ی راستی‌یه جوگرافی و مێژوییه‌كان و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه، نه‌ك له سه‌ر بنجینه‌ی رێچه‌ڵه‌ك، ره‌گه‌ز، ئیتنی یا نه‌ته‌وه‌یی یا مه‌زه‌بی."
عیراق ماوه‌یه‌كی درێژ ناوه‌ندێكی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتدار حوكمی كردوه. هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی سامان و ده‌سه‌ڵات و هۆیه‌كانی ژیانی گرتۆته ده‌س خۆی. ناوه‌ندێتی بۆته به‌شێ له بیری سیاسی كاربه‌ده‌ستان و، كردویانه به بیانویه‌ك بۆ پاراستنی یه‌كێتی ئه‌رز و گه‌لی عیراق. چه‌ندین وه‌چه و چه‌ندین نه‌وه‌ی عیراقی له خوێندنگه و زانكۆ زانستی و جه‌نگی و پۆلیسی‌یه‌كانی عیراق‌دا به‌م بیره په‌روه‌رده كراون. هه‌ر جۆره باسێ له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان ناوه‌ند و چوارده‌وری‌دا چه‌ند كه‌م و لاواز بوبێ، به هه‌وڵدانی جیابونه‌وه‌خوازی دائه‌نرا. ئه‌م جۆره بیر كردنه‌وه‌یه تا ئیستایش له مێشكی گه‌لێ له سیاسی‌یه‌كانی عه‌ره‌ب‌دا، چ سوننی و چ شیعی، چ عه‌لمانی و چ دینی، ته‌نانه‌ت له مێشكی هه‌ندێ دیمۆكرات و كۆمۆنیستی عیراقی‌دا ماوه.
بۆ یه‌كه‌م جار له عیراق‌دا كورد باسی خۆبه‌ڕێوه‌بردن و "ئیداره‌ی موختاره" و "لامه‌ركه‌زی" و "حوكمی زاتی"... هێناوه‌ته ناو گفتوگۆی سیاسی‌یه‌وه. هه‌ر ئه‌ویش بۆ یه‌كه‌م جار حكومه‌تی عیراقی ناچار كرد له 1963 د‌ا "نه‌ناوه‌ندێتی كارگێڕی" و له 1970 د‌ا "ئۆتۆنۆمی" بۆ كوردستان بسه‌لمێنێ.
به‌ر له روخانی سه‌دام زۆری سه‌رانی موعاره‌زه‌ی عیراقی، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانی كورد بون، سه‌ره‌تای فیدرالی‌یان سه‌لماند بو بۆ رێكخستنی نێوان كوردستان و حكومه‌تی به‌غداد، ئه‌وه‌ش هیچ منه‌تێكی تێ‌دا نه‌بو چونكه كوردستان، به كرده‌وه خۆی له هه‌رێمێكی فیدرالی زیاتر، له ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌چو.
یه‌كێ له هه‌ڵه مێژویی‌یه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كورد له ساڵانی به‌رهه‌ڵستی سه‌دام و رژێمی به‌عس‌دا ئه‌وه بو: كێشه‌ی سنوری كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی فیدرالی كوردستانیان ئه‌وده‌م له گه‌ڵ هاوپه‌یمان و هاوكاره عیراقی‌یه‌كانیان ساخ نه‌كرده‌وه و هه‌ڵیان گرت بۆ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆ. ئه‌وده‌م ئه‌كرا وه‌كو مه‌رجی هاوكاری ئه‌م خواستانه‌یان پێ بسه‌لمێنرایه. هه‌رچه‌نده له‌وانه بو ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتیان كه‌وتۆته ده‌س لێ‌ی پاشگه‌ز ببنه‌وه و، بیانوی تازه ساز بكه‌ن، به‌ڵام كورد ئیستا به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی به ده‌سته‌وه ئه‌بو.
سه‌ره‌تای فیدرالی، له ناو زۆر كۆڕ و كۆمه‌ڵ و شار و ناوچه‌ی عه‌ره‌بی‌دا په‌سنده و، خه‌ریكه له هه‌ندێ ناوچه‌ی عیراق، بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانیان: كێشه‌ی ئاسایش، بێكاری و هه‌ژاری، كه‌می كاروباری خزمه‌تگوزاری ئاوی خواردنه‌وه و كاره‌با و زێراب و رێگاوبان و ئاوه‌دانكردنه‌وه، ئه‌بێته خواستی خه‌ڵكی. هه‌رێمی كوردستان نمونه‌یه‌كی باشی، له‌و لایه‌نه‌وه، له لا دروست كردون.
هه‌رچه‌نده تا ئیستایش له ناو عه‌ره‌ب‌دا هه‌ن فیدرالی‌یان پێ قبوڵ ناكرێ، وه‌كو له سوێندخواردنه‌كه‌ی وه‌زیره‌كان‌دا پیشانیان د‌ا، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئیستا سه‌لماندن و نه‌سه‌لماندنی سه‌ره‌تای فیدرالی نیه، به‌ڵكو جۆری فیدرالی و ناوه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاته‌كانێتی.
جۆری فیدرالی‌یه‌كه چیه؟ كارگێڕی‌یه، جوگرافی‌یه، مێژویی‌یه، نه‌ته‌وه‌یی‌یه، دینی‌یه، مه‌زه‌بی‌یه؟ له سۆنگه‌ی چیه‌وه چه‌ند پارێزگایه‌ك له هه‌رێمێكی فیدرالی‌دا یه‌ک ئه‌گرن و، چی پێكه‌وه كۆیان ئه‌كاته‌وه؟ بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێ له نه‌ناوه‌ندێتی كارگێڕی‌یان هه‌بێ؟ نزیكی جوگرافی‌یان له یه‌كتری و مێژوی هاوبه‌ش و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی؟ قازانجی ئابوری هاوبه‌ش؟ ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی؟ یا خۆپاراستنی مه‌زه‌بی له هه‌ڵاواردنی تائیفی؟ له یه‌كچونی ئایدیۆلۆجیا و سیسته‌می سیاسی؟
چواره‌م، عیراق و سیسته‌می حوكم
سیسته‌می سیاسی ئیستای عیراق، به پێ‌ی "قاد"، پارله‌مانی‌یه. كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق سه‌رۆك و جێگره‌كانی هه‌ڵئه‌بژێرێ. ئه‌مه له لایه‌كه‌وه باشه بۆ گه‌لی عیراق، چونكه جۆرێكه له گه‌ره‌نتی بۆ ژیانی دیمۆكراتی و رێ نه‌دان به كه‌س ببێته‌وه به دیكتاتۆر، یا ته‌نانه‌ت به ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می سه‌روی پارله‌مان. له لایه‌كی تره‌وه باشه بۆ كورد، چونكه له ناو پارله‌مانێكی چه‌ند سه‌د كه‌سی‌دا هه‌میشه ماوه‌ی سه‌ودا و سازان و پێكهاتن هه‌یه له نێوان فراكسیۆنی كورد و فراكسیۆنه‌كانی تردا، ئه‌وسا هه‌لێ له به‌رده‌م كوردا ئه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ببێته سه‌ركۆمار یا سه‌روه‌زیران، له كاتێك‌دا هه‌ڵبژاردنی كوردێ له ناو گه‌لێكی 25 – 27 ملیۆنی د‌ا، كه زۆرایه‌تی‌یان عه‌ره‌بن، ئه‌گه‌ر مه‌حاڵ نه‌بێ سته‌مه.
له ناو لیستی یه‌كگرتوی شیعی‌دا بۆچونێكی به‌هێز هه‌یه كه سیسته‌می سیاسی عیراق، وه‌كو سیسته‌می سیاسی ئێران، سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی بێ، به هه‌ڵبژاردنی گشتی له ناو خه‌لك د‌ا هه‌لببژێردرێ و، ئه‌و خۆی به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی وڵا‌ت بێ و، خۆی وه‌زیره‌كانی خۆی هه‌لبژێرێ و سه‌رۆكی وه‌زیرانی نه‌بێ. شیعه‌ی سیاسی پێ‌یان وایه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆرایه‌تی دانیشتوانی عیراقن مافێكی ئاسایی خۆیانه ئه‌وان سه‌رۆكی عیراق بن و، پێ‌یان وایه له هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی گشتی‌دا بۆ سه‌رۆكی كۆمار، جگه له پاڵێوراوی شیعه، هیچ پاڵێوراوێكی تر، كورد یا عه‌ره‌بی سوننی، هه‌لی ده‌رچون و بردنه‌وه‌ی نابێ.
پێنجه‌م، عیراق و ئافره‌ت
ئه‌گه‌رچی (بڕگه‌ی جیم له ماده‌ی 30) "قاد" ئه‌وه‌ی بڕی‌یه‌وه كه ئه‌بێ رێژه‌ی ئافره‌ت له چواریه‌كی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق كه‌متر نه‌بێ و، یاسای هه‌ڵبژاردن له‌وه‌یشی تێ په‌ڕاند هه‌مو لیسته‌كانی ناچار كرد كه دوای ناوی 2 پیاو ناوی 1 ئافره‌ت بنوسرێ، به‌م پێ‌یه سێیه‌كی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی ئافره‌تن و به‌شێكیان له رێگه‌ی لیستی یه‌كگرتوی شیعه‌وه بونه‌ته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه و زۆریان هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ئاكادیمین. ئه‌مه گۆڕینێكه نه‌ك هه‌ر له عیراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌دا، به‌ڵكو له هیچ جێ‌یه‌كی دنیای پێشكه‌وتوش‌دا رێژه‌یه‌كی به‌و ئه‌ندازه‌یه بۆ ئافره‌ت ته‌رخان نه‌كراوه. له راستی‌دا ئه‌م رێژه‌یه‌ی ژنان له كۆمه‌ڵه‌ی عیراقی‌دا ئه‌شێ به شتێكی روكه‌ش، بگره به جۆرێ له دیكۆری ته‌فره‌دانی چاو دابنرێ، چونكه هه‌ندێ له‌و ژنانه‌ی بونه‌ته نوێنه‌ر له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی ئیستای عیراق‌دا، له سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌م‌دا له بواری یه‌كسانی ژن و پیاودا، وه‌كو ژنه‌كانی ناو حه‌ریمه‌كانی سه‌رده‌می سوڵتانه‌كانی عوسمانی و شاهه‌كانی سه‌فه‌وی و قاجاری بیر ئه‌كه‌نه‌وه.
سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم له مانگی 12 ی ساڵی 2003 د‌ا بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ بو به سه‌رۆكی نۆره‌یی "مه‌جلیسی حوكم" له كۆتایی ئه‌و مانگه‌دا له كاتێك‌دا زۆری ئه‌ندامانی مه‌جلیس به هۆی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵه‌وه به‌م لاو ئه‌ولادا رۆیشتبون، هه‌لی به ده‌رفه‌ت زانی به كه‌مایه‌تی‌یه‌كی پچوك بڕیارێكی گرنگی د‌ا "قانونی ئه‌حوالی شه‌خسی" عیراقی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، بڕیاری د‌ا هه‌ر مه‌زه‌به به پێ‌ی فیقهی تایبه‌تی خۆی باری كه‌سایه‌تی رێك بخا.
ده‌قی بڕیاره‌كه به عه‌ره‌بی به‌م جۆره بو:
قرار (137)
قرر مجلس الحكم بجلسته المنعقدة بتاريخ 29/12/2003 ما يلي:
1. تطبيق أحكام الشريعة الاسلامية فيما يخص الزواج والخطبة وعقد الزواج والاهلية واثبات الزواج والمحرمات وزواج الكتابيات والحقوق الزوجية من مهر ونفقة وطلاق وتفريق شرعي او خلع والعدة والنسب والرضاعة والحضانة ونفقة الفروع والاصول والاقارب والوصية والايصاء والوقف والميراث وكافة المحاكم الشرعية (الاحوال الشخصية) وطبقا لفرائض مذهبه.
2. الغا‌ء كل القوانين والقرارات والتعليمات والبيانات احكام المواد التي تخالف الفقرة (1) من هذا القرار.
3. يعمل به من تاريخ صدوره.
السيد عبدالعزيز الحكيم
رئيس مجلس الحكم
29/12/2003
ئه‌وده‌م كه هێشتا جێبه‌جێ كردن و را‌گرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی "مه‌جلیسی حوكم" به ده‌س حاكمی ئه‌مه‌ریكی سه‌فیر پۆل بریمه‌ر بو، بریمه‌ر بڕیاره‌كه‌ی راگرت. رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان و كۆمه‌ڵی شارستانی دژی ئه‌م بڕیاره راوه‌ستان و، له كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری مه‌جلیس‌دا، كه زۆرایه‌تی ئه‌ندامه‌كانی به‌شدار بون، بڕیاره‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ئیستاش له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی‌دا هه‌مان ململانێ دوباره ئه‌بێته‌وه. ره‌نگه هه‌ندێ له داكۆكیكه‌رانی ئه‌م پرۆژه‌یه، ئه‌و ژنانه بن كه ئیستا ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراقن.
ئه‌مانه هه‌ندێكن له‌و بیروبۆچونه جیاوازانه‌ی چاوه‌ڕێ ئه‌كرێ له كاتی نوسینی ده‌ستوردا بێنه پێشه‌وه، بێگومان گه‌ڵێ كێشه‌ی تریش هه‌ن و به رێگاوه‌ن، به‌ڵام "ململانێ‌ی بیروبۆچونه‌كان" له ناو كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور و، دواتر له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی د‌ا، به ده‌نگدانی زۆرایه‌تی و كه‌مایه‌تی ئه‌ندامان به لادا ئه‌خرێن یان به پێكهاتن و "سازان"؟
پرسی ده‌ستور: خواسته‌كانی كورد له ده‌ستوری نوێ 5
2005-05-27
له ناو هه‌ندێ كۆڕ و كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بی عیراق‌دا سه‌باره‌ت به كورد و ده‌وری كورد له نوسینی ده‌ستور و، ده‌وری كورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی و، به‌شداری كردنی كورد له كاروباری عیراق‌دا بیروبۆچونی جیاواز هه‌یه:
له ناو كوڕ و كومه‌ڵه لیبرال و دیمۆكرات و عه‌لمانی‌یه‌كان‌دا ئومێدێكی گه‌وره به كورد هه‌یه كه ده‌ورێكی گرنگ و كاریگه‌ر بگێڕێ له نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی و، له دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی نوێ‌دا، عیراقێكی دیمۆكراتی پلورالی، عیراقێ كه مافه سه‌ره‌تایی‌یه‌كانی مرۆڤی عیراقی، بێ جیاوازی نه‌ته‌وه و ره‌گه‌ز و دین، تێ‌دا دابین بكرێ...
عیراقی نوێ عیراقی هه‌موان بێ، عیراقی عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و كلدۆئاشوری ... بێ. عیراقێ بێ هاووڵاتی‌یه‌كانی نه‌ك هه‌ر به پێ‌ی مادده نوسراوه‌كانی ده‌ستور و قانونه‌كانی به‌ڵكو به كرده‌وه‌ش له بواری ژیان و كار كردن‌دا ئه‌و هه‌سته‌یان له لا دروست ببێ كه خۆیان به یه‌كسان و خاوه‌نی وڵا‌ت و ده‌وڵه‌ت بزانن.
به‌ڵام له ناو هه‌ندێ كۆڕ و كۆمه‌لی عه‌ره‌بیی‌دا، حوكمڕان و نه‌حوكمڕان، كه هه‌تا دوێنێ هه‌ندێكیان دۆست و هاوپه‌یمانی جوڵانه‌وه‌ی كورد بون، به ئاشكرا باس و خواسێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچونه هه‌یه، ئه‌ڵێن:
كورد هه‌رێمی كوردستانی خۆیان هه‌یه. له ناو هه‌رێمه‌كه‌یان‌دا سه‌ربه‌خۆن. هیچ داووده‌زگایه‌كی عیراقی – عه‌ره‌بی بۆی نیه ده‌س وه‌ر بداته كاروباریانه‌وه، یا ته‌نانه‌ت ئاگای له ئیشوكاره‌كانیان بێ. له هیچ شتێك‌دا پرس به عه‌ره‌ب ناكه‌ن و رایان وه‌رناگرن. كه‌چی هاتون بۆ به‌غداد و ئه‌یانه‌وێ له هه‌مو كاروباره‌كانی عیراق‌دا هاوبه‌ش بن؟
كورد به‌شی خۆی وه‌رگرتوه چی له به‌شی عیراقی عه‌ره‌بی ئه‌وێ؟
یان با كورد واز له عیراقی عه‌ره‌بی بهێنێ عه‌ره‌ب خۆی به‌ڕێوه‌ی ببا، یان با كوردیش رێگه بده‌ن به عه‌ره‌ب له كاروباره‌كانی ئه‌وان‌دا به‌شدار بێ یا هیچ نه‌بێ ئاگادار بێ!
ئه‌و هێزانه ئه‌گه‌ر بتوانن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ده‌وری كورد له نوسینی ده‌ستوردا لاواز بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستورێ دابڕێژن له گه‌ڵ ویست و بیروبۆچونه‌كانی خۆیان‌دا گونجاو بێ و، ئه‌گه‌ر بتوانن هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كورد بخه‌نه په‌راوێزی ناوه‌ندی بڕیاردانی سیاسی عیراقه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به ته‌نیا چاره‌نوسی سیاسی عیراق دیاری بكه‌ن.
به‌ڵام عیراق وڵاتی یه‌ك ره‌گه‌ز و یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك عه‌شیره‌ت و یه‌ك دین و یه‌ك مه‌زه‌ب و یه‌ك حیزب و یه‌ك بیروباوه‌ڕی سیاسی نیه. عیراق وڵاتی هه‌موانه. ئه‌گه‌ر بویسترێ عیراقی نوێ دابمه‌زرێنرێته‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه بژین، ئه‌بێ یه‌كتری قبوڵ بكه‌ن، دان به هه‌بونی یه‌كتری‌دا بنێن، مافی یه‌كتری بسه‌لمێنن و رێز له مافه‌كانی یه‌كتری بگرن.
ئه‌مانه ئه‌بێ له ده‌ستوری داهاتو‌دا وه‌كو گرێبه‌ندێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان نه‌ته‌وه و دین و مه‌زه‌ب و باوه‌ڕی سیاسی جیاواز ره‌نگ بداته‌وه و، میكانیزمێكی بۆ رێك بخرێ به كرده‌وه له ژیانی رۆژانه و، له پارله‌مان و حکومه‌ت و داووده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت‌دا جێبه‌جێ بكرێ.
بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی عیراقی نوێ كورد ئه‌بێ له ده‌ستوری داهاتو‌دا پێ د‌ا بگرێ له سه‌ر چه‌سپاندنی دو جۆره خواستی سیاسی عیراقی و كوردستانی، كه له لایه‌كه‌وه به توندی پێكه‌وه گرێ دراون و كار له یه‌كتری ئه‌كه‌ن و، له لایه‌كی تریشه‌وه جیاوازن و هه‌ر یه‌كه‌یان ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندێتی‌یه‌كانی عیراق و كوردستانه. ئه‌گه‌ر كورد به‌شێ بێ له عیراقی داهاتو ئه‌بێ خواسته عیراقی‌یه‌كانی له به‌ر چاو بگیرێ و، ئه‌گه‌ر بویسترێ له عیراقی داهاتو‌دا بمێنێته‌وه ئه‌بێ خواسته كوردستانی‌یه‌كانی خێبه‌جێ بكرێن:
كورد بۆ جێبه‌جێ كردنی خواسته عیراقی‌یه‌كانی ده‌ستورێكی ئه‌وێ:
» دیمۆكراتی بێ
واته هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ده‌ستاوده‌ست كردنی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌ره‌تای بنه‌ڕه‌تیی حوكمڕانی وڵا‌ت بێ.
ده‌سه‌ڵاته‌كانی كارگێڕی، یاسادانان، دادگایی، له یه‌كتری جیا بكاته‌وه.
» فیدرالی بێ
واته ده‌سه‌ڵات و سامان و ئه‌رز له نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم د‌ا دابه‌ش بكا.
» پلورالی بێ
واته فره نه‌ته‌وه‌یی و، فره ئایینی و، فره مه‌زه‌بی و، فره فه‌رهه‌نگی و، فره بیروباوه‌ڕی و، فره حیزبی و، فره رۆژنامه‌وانی.... بسه‌لمێنێ و، قبوڵی یه‌كتری و رێزگرتنی مافی یه‌كتری دابین بكا.
» پارله‌مانی بێ
واته پارله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك سه‌رۆكی وڵا‌ت هه‌ڵبژێرێ، وه‌زاره‌ت پێك بهێنێ، باوه‌ڕی پێ ببه‌خشێ و باوه‌ڕی لێ بسێنێته‌وه، قانون دابنێ، سیاسه‌تی ناوه و ده‌ره‌وه‌ی وڵا‌ت دابڕێژێ، بودجه‌ی ساڵانه تاووتوێ بكا، رێگه نه‌دا جارێكی تر رژێمی تۆتالیتاری و دڕنده‌ی سیاسی دروست ببن.
» مافی مرۆڤ دابین بكا
واته جاڕی گه‌ردونی و قانونی ناوده‌وڵه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ جێبه‌جێ بكا.
» دین و ده‌وڵه‌ت تێكه‌ڵاو نه‌كا
واته رێزی دینی ئیسلام و هه‌مو ئایینه‌كانی تر بگرێ و، نه‌هێڵێ دین بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به كار بهێنرێ و له گه‌ڵ قانون تێكه‌ڵاو بكرێ.
كورد بۆ جێبه‌جێ كردنی خواسته كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ستورێكی ئه‌وێ:
» ده‌سه‌ڵات له نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا دابه‌ش بكا.
» ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێم بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
» موڵكیه‌تی سه‌رچاوه سروشتی‌یه‌كان بگێڕێته‌وه بۆ دانیشتوانی هه‌رێم.
» پاراستنی ئاسایشی كوردستان له هێرشی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی دابین بكا.
» له سه‌فاره‌ته‌كانی عیراق‌دا نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێنێ.
» یه‌کسانی زمانی كوردی و عه‌ره‌بی له عیراق‌دا جێبه‌جێ بكا.
گونجاندنی هه‌ر یه‌كێ له‌م خواسته چاره‌نوسسازانه له ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق‌دا، جگه له یه‌كڕیزیی كورد و، پشتیوانی و هاوكاری نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و هێزه دیمۆكراتی‌یه‌كانیان، عه‌قڵ و مه‌نیتق و، شاره‌زا‌یی‌یه‌كی زۆری گه‌ره‌كه له زانینی هونه‌ری موناوه‌ره‌ی سیاسی و، سه‌ودا و سازین‌دا، له دانوسه‌ندنه‌كانی چه‌ند مانگی داهاتو‌دا.
تۆ بڵێ‌ی نوێنه‌ره‌كانی كورد له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق‌دا و، نوێنه‌رانی كورد له كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستوردا و، له پشتی ئه‌وانه‌وه سه‌ركردایه‌تی كورد له‌و ئاسته‌دا بن؟
پرسی ده‌ستور: كێ كوردستان ئه‌پارێزی؟ 6
2005-06-01
هێرش بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و بۆ سه‌ر خاكی كوردستانی عیراق له كوێوه هاتوه، له لایه‌ن له‌شكری ئێران و توركیا و سوریاوه، یان له لایه‌ن سپای ئوردون و عه‌ره‌بستانی سعودی و كوێته‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر، یان له پایته‌ختی عیراقه‌وه؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره لای هه‌مو كوردێ ئاشكرایه.
دوای ئه‌وه‌ی حکومه‌تی عیراق یه‌كه‌مین فه‌وجی نیزامیی جه‌یشی عیراقی دروست كرد به ناوی "فه‌وجی ئیمام موسای كازم"ه‌وه، هاوشان له گه‌ڵ هیزی زه‌مینی و ئاسمانی بریتانی هێرشی هێنایه سه‌ر كوردستان. "حكومه‌تی كوردستانی جنوبی"یان روخاند و كوردستانیان داگیر كرد و "ده‌شتی كانی ئاسكان"یان له سلێمانی كرد به باره‌گای هه‌میشه‌یی بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێوه سه‌ركردایه‌تی له‌شكركێشیه‌کانی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق بكه‌ن دژی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد.
به درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عیراق له 1921 ه‌وه تا روخانی له 2003 د‌ا فه‌رمانی هێرش بۆ سه‌ر گه‌لی كورد هه‌ر له به‌غداده‌وه ده‌رچوه و، گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ سه‌ر گه‌لی كورد و خاكی كوردستان هه‌ر جه‌یشی عیراق بوه.
حكومه‌ته‌كانی عیراق و دامه‌زراوه جه‌نگیی و ئه‌منی‌یه‌كانی، به‌رپرسن له قڕ كردنی سه‌دان هه‌زار كورد و له كاول كردنی كوردستان، له به‌ر ئه‌وه كورد هه‌قێتی له دامه‌زراوی جه‌نگیی و ئه‌منیی عیراق بترسێ و، نه ئیستا و نه له پاشه‌رۆژدا، بێ گه‌ره‌نتی ده‌ستوری و مادی، باوه‌ڕی پێ نه‌كات.
گه‌ره‌نتی ده‌ستوری ئه‌وه‌یه: به پێ‌ی ده‌ستوری نوێ‌ی عیراق، وه‌زیری دیفاعی عیراق هه‌میشه "مه‌ده‌نی" بێ، جه‌یش دور بێ له كاری سیاسی و حیزبی، ئه‌ركی سه‌ره‌كی پاراستنی سنور بێ، بودجه‌كه‌ی له چاو بودجه‌ی گشتی عیراق د‌ا دیاریكراو بێ، ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی و چه‌شنی چه‌ك و تفاقی جه‌نگیی سنوردار بێ، بێ ره‌زامه‌ندی پارله‌مانی كوردستان بۆی نه‌بێ بێته كوردستانه‌وه یا له‌شكركێشی تێ‌دا بكا.
به‌ڵام به ته‌نیا گه‌ره‌نتی ده‌ستوری به‌س نیه بۆ دڵنیا كردنی كورد به‌ڵكو له گه‌ل گه‌ره‌نتی ده‌ستوری‌دا ئه‌بێ گه‌ره‌نتی مادی‌یشی له گه‌ڵ بێ.
گه‌ره‌نتی مادی ئه‌وه‌یه: كوردستان بۆ پاراستنی خۆی ئه‌بێ هێزی تایبه‌تی خۆی هه‌بێ.
كه باس له هێزی تایبه‌تی كوردستان بكرێ ره‌نگه یه‌كسه‌ر بیر له پێشمه‌رگه بكرێته‌وه و بیر له‌م هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئیستا بكرێته‌وه.
پێشمه‌رگه جێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له مێژوی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و، له پاراستنی كوردا، به‌ڵام پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی چه‌كداردا له 1961 ه‌وه تا 1991 ئه‌ركی روبه‌روبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌ته‌كانی عیراقی له ئه‌ستۆدا بوبێ و، له 1991 ه‌وه تا 2003 ئه‌ركی پاراستنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له ئه‌ستۆدا بوبێ و، له قۆناغی ئیستادا ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش و به‌ره‌نگاری مه‌ترسی "ئیرهاب" و "حه‌ربی ئه‌هلی" له ئه‌ستۆدا بێ، ئه‌وا ئه‌م هێزه‌ی ئیستا ئه‌و هێزه تایبه‌تی‌یه نیه كه كوردستان له مه‌ترسی پاشه‌رۆژ بپارێزێ.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئیستا، هێزی خه‌ڵكی كوردستان نیه، هێزی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیه، به‌ڵكو هێزی حیزبه‌كانی كوردستانه، یان راستتر هێزی یه‌کێتی و پارتی‌یه، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش‌دا دڵسۆزی و گوێڕایه‌ڵی هه‌ر هێزه بۆ سه‌ركرده و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی نه‌ك بۆ گه‌لی كورد و بۆ خاكی كوردستان. سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه فه‌رمان له سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كانیان وه‌رئه‌گرن نه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێم و پارله‌مانی كوردستان.
راستی‌یه‌كی چه‌ند خۆشه كه ئه‌ڵێن: "ئاسایشی كوردستان له سایه‌ی پێشمه‌رگه‌وه پارێزراوه" له هه‌مان كات د‌ا راستی‌یه‌كی چه‌ند ناخۆشه كه ئه‌ڵێن "ترسناكترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی كوردستان پێشمه‌رگه‌یه."
هه‌مو جار كه پێوه‌ندی سیاسی نێوان پارتی و یه‌كێتی گرژی تێ ئه‌كه‌وێ هاوڵاتی‌یانی كوردستان ترسیان لێ ئه‌نیشێ "شه‌ڕی ناوخۆ" تازه ببێته‌وه. هه‌تا ئه‌م دو هێزه‌ش به‌مجۆره بمێننه‌وه مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ری ناوخۆ هه‌ر ئه‌مێنێ و، هیچ كاتێك و له هیچ هه‌ڵبژاردنێكی گشتی‌دا، له ترسی پێكادانی پێشمه‌رگه، ئه‌م دو حیزبه ناتوانن به ئازادی بۆڕبۆڕێنی سیاسی - دیمۆكراتی بكه‌ن، چونكه پێ‌یان بوترێ و پێ‌یان نه‌وترێ ره‌نگه پێشمه‌رگه‌ی تێوه بگلێ.
• هه‌تای كه‌ی ئه‌و دو هێزه به جیا له یه‌كتری كار بكه‌ن و له سه‌ركردایه‌تی دو حیزبی جیاوزه‌وه فه‌رمان وه‌ر بگرن؟
• هه‌تا كه‌ی ئه‌و دو هێزه ئامڕازی هاوسه‌نگیی چه‌كدار و سیاسی نێوان حیزبه‌كان بن.
• هه‌تا كه‌ی ئه‌و دو هێزه باوه‌ڕیان به یه‌كتری نه‌بێ و، هێزی یه‌كێتی نه‌توانێ بچێته ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دابمه‌زرێ و مه‌شق و موناوه‌ره بكا و، هێزی پارتی‌یش نه‌توانێ بچێته ناوچه‌كانی یه‌كێتی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست؟
• هه‌تا كه‌ی پێشمه‌رگه، له روی چه‌ك و ته‌كنۆلۆجیاوه، لاواز و دواكه‌وتو بێ؟
• به‌م حاڵه‌ی ئیستا سه‌ركردایه‌تی كورد چۆن ئه‌توانێ داوا له كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی دیفاعی عێراق و جه‌نه‌راله‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكا به چه‌كی پێشكه‌وتو پۆشته‌ی بكه‌نه‌وه.
• گریمان حكومه‌تی یه‌كگرتوی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، به‌ڵام هه‌ردو هێزی پێشمه‌رگه وه‌كو خۆیان و، هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ر به حیزبه‌كه‌ی خۆی مایه‌وه، چۆن ئه‌توانرێ داوا له عیراق بكرێ، به ره‌سمیی دان به پێشمه‌رگه‌دا بنێ و ئه‌م دو هێزه جیاوازه به شێوه‌یه‌كی قانونی وه‌كو هێزی پاراستنی كوردستان بناسێ؟
بۆیه ئه‌بێ ئه‌م هێزانه یه‌ك بخرێن و له سه‌ر بنچینه‌یه‌كی نوێ رێك بخرێنه‌وه.
ئه‌بێ پێشمه‌رگه له هێزی حیزبی‌یه‌وه بگۆڕێ به هێزێكی نیزامی ناحیزبی فه‌رمانبه‌ری حكومه‌تی یه‌كگرتوی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان. ئه‌بێ له هێزێكه‌وه كه هه‌میشه مه‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆ و حیزبیی لێ ئه‌كرێ، ببێته هێزێكی ئه‌وتۆ خه‌ڵك به هێزی پارێزه‌ری ئاسایش، ئاسایشی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی كوردستانی، بزانێ.
ره‌نگه ته‌جروبه‌ی كورد، له مه‌سه‌له‌ی یه‌كخستنی میلیشیای جیاوازدا له "جه‌یشی نیزامی" پێشكه‌وتودا، كه‌م بێ یان هه‌ر نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ی كورد یه‌كه‌م و دوا ته‌جروبه‌ی گه‌لانی دنیا نیه. ئه‌گه‌ر كورد خۆی، له‌م بواره‌دا، شاره‌زایی نه‌بێ ئه‌وا ته‌جروبه‌كانی كوبا، سانده‌نیسته‌كانی نیكاراگوا، جه‌زائیر، یه‌مه‌ن، ئیسرائیل، ئه‌ڵمانیای شه‌رقی و ئه‌لمانیای غه‌ربی... هه‌یه، كه چۆن هێزی چه‌كداری جۆراوجۆریان له ناو "جه‌یشێكی نیزامی" د‌ا توانه‌وه. ئه‌شێ سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌ڵك له ته‌جروبه‌كانی ئه‌وان وه‌ربگرێ.
یه‌كێ له ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئیستای سه‌ركردایه‌تی كورد له عیراق د‌ا ئه‌وه‌یه: "پلانێكی زه‌مانبه‌ندی كرا‌و" دابنێ بۆ دامه‌زراندنی هیزێكی تایبه‌ت - ناوه‌كه‌ی پێشمه‌رگه، پاسه‌وانی نیشتمان، یا هه‌ر ناوێكی تر بێ - بۆ پاراستنی كوردستان، ئه‌شێ ناوكه‌كه‌ی و شاده‌ماره‌كانی له ئه‌فسه‌رانی ئه‌م هێزانه‌ی ئیستا بێ، به‌لام ئه‌بێ له روی سه‌ركردایه‌تی و جۆری رێكخستنی و جۆری په‌روه‌رده كردنی و جۆری دابه‌شكردنی و، له روی ئه‌ركی نیشتمانی و دڵسۆزی سیاسی‌یه‌وه، جیاواز بێ له‌م هێزانه‌ی ئیستا.
هێزێكی له‌و بابه‌ته ئه‌توانێ كوردستان بپارێزێ!
پرسی ده‌ستور: سنوری كوردستانی عیراق كوێ‌یه؟ 7
2005-06-05
كوردستان ناوی جوگرافی‌یه بۆ ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كوردی تێ‌دا ژیاوه و ئه‌ژی.
كوردستان، ناوێكی دروستكراو نیه، به‌ڵكو ناوێكه له سه‌ده‌كانی ناوه‌راسته‌وه نوسه‌رانی مێژو و جوگرافیا به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی بۆ نیشانه دان به مه‌ڵبه‌ندی ژیانی كورد به كاریان هێناوه.
ئه‌م سنوره هێڵێكی سیاسی یا كارگێڕی دیاریكراو جیای نه‌كردۆته‌وه له سنوری ژیانی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێ‌ی، له به‌ر ئه‌وه‌ی كورد هه‌میشه نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌سته‌ی له خۆی به‌هێزتر بوه، نیشتمانه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی قانونی نه‌ناسراوه، زۆر جار و تا ئیستایش له هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت د‌ا ئینكاری كراوه و ئه‌كرێ و، ئه‌رزی لێ داگیر كراوه، ده‌ركراوه و جێگۆڕكێ به دانیشتوانی كراوه، ناوی گوند و چه‌م و چیاكانی گۆڕاوه...
"كێشه‌ی ئه‌رزیی" له زۆر جێ‌ی دنیا هه‌یه. جاری وا هه‌یه كێشه له سه‌ر خاوه‌نێتی گوندێك، شاخێك، جه‌زیره‌یه‌ك، چه‌مێك، لێواری ئاوێك، له نێوان دو ده‌وڵه‌ت د‌ا، یا ته‌نانه‌ت له ناو یه‌ك ده‌وڵه‌ت د‌ا له نێوان دو یه‌كه‌ی كارگێڕی د‌ا رو ئه‌دا و ده‌یان ساڵ ئه‌خایه‌نێ. گه‌لان ئاماده نین ده‌س له ئه‌رز و ئاوی خۆیان هه‌ڵبگرن.
حیزبوڵای لوبنانی رزگار كردنی "مه‌زاریع شه‌بعا" ی كردۆته بیانوی مانی داووده‌زگاكانی خۆی و چه‌كداره‌كانی. مه‌زاریع شه‌بعا له ژێر ده‌ستی ئیسرائیل دایه. گوندێكی پچوكه ساخ نه‌بۆته‌وه موڵكی لوبنان یا هی سوریایه، چونكه هه‌ردوكیان ئیدیعای موڵكیه‌تی ئه‌كه‌ن.
"كێشه‌ی ئه‌رزیی" سنوری كوردستانی جنوبی (به زاراوی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م) و كوردستانی عیراق (به زاراوی ئه‌م زه‌مانه) له دوای یه‌كه‌مین جه‌نگی جیهانی‌یه‌وه له به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردا دروست بوه و بۆته ناكۆكی‌یه‌كی سه‌ره‌كی له نێوان كورد و، سه‌ره‌تا له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئینگلیزی و، دوای ئه‌ویش، له گه‌ڵ هه‌مو حكومه‌ته‌كانی عیراق، هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌لیك فه‌یسه‌لی یه‌كه‌مه‌وه تا روخانی سه‌دام حسێن.
دوای روخانی رژێمی به‌عس و، هه‌ڵته‌كاندنی بنچینه‌كانی ته‌عریب له هه‌ندێ ناوچه‌ی كوردستانی د‌ا، گه‌لی كورد ئومێدێكی زۆری په‌یدا كرد زوڵمی مێژویی له سه‌ر هه‌ڵبگیرێ و، ناوچه كوردستانی‌یه تازه رزگاره‌كان بخرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ئه‌و ئومێده نه‌هاته دی. له لایه‌كه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكی رێگه‌ی نه‌دا ئه‌و ناوچانه بخرێنه سه‌ر هه‌رێم و، له لایه‌كی تره‌وه كه "قاد" نوسرا چه‌ندین كۆسپی قانونی دانا له به‌رده‌م گێڕانه‌وه‌ی ناوچه كوردستانی‌یه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم.
ماده‌ی 53 ی "قاد" كه بۆ به ره‌سمیی ناسینی حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كراوه و، گروپی كوردی له‌وانه به‌ڕێزان تاڵه‌بانی و بارزانی ئیمزایان كردوه، سه‌باره‌ت به سنوری كوردستان چه‌ند بڕگه‌یه‌كی قانونی رون و دیاری به سه‌ر كوردا سه‌پاندوه، كه هه‌مویان به زه‌ره‌ری ته‌واو ئه‌بن، ئه‌بێ هه‌وڵ بدرێ له كاتی نوسینی ده‌ستوردا راست بكرێنه‌وه، له‌وانه:
بڕگه‌ی ئه‌لف ئه‌ڵێ: دان ئه‌نرێ به حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستان د‌ا، كه حكومه‌تی ره‌سمیی ئه‌و ئه‌رزانه‌یه، له پارێزگاكانی دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و دیاله و نه‌ینه‌وا، له لایه‌ن حكومه‌تی ناوبراوه‌وه له 19 ی 3 ی 2003 به‌ڕێوه براوه...
به‌م پێ‌یه هه‌مو ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی كه له ژێر ده‌ستی سه‌دام د‌ا بون و له ئه‌نجامی روخانی رژێمی به‌عس د‌ا رزگار بون هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم مانه‌وه.
بڕگه‌ی ب ئه‌ڵێ: سنوری كارگێڕی هه‌ر 18 پارێزگاكه‌ی عیراق له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا بێ گۆڕین وه‌كو خۆیان ئه‌مێننه‌وه.
به‌م پێ‌یه كه‌ركوك وه‌كو خۆی مایه‌وه قه‌زا و ناحیه‌كانی كه دوای ساڵی 1968 لێ‌ی جیا كرا بونه‌وه نه‌خرانه‌وه سه‌ری.
هه‌روه‌ها ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی كه به‌سترا بون به نه‌ینه‌وا و سه‌لاحه‌دین و دیاله‌وه نه‌خرانه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
بڕگه‌ی ج ئه‌ڵێ: چه‌ند پارێزگایه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به مه‌رجێ له سێ تێ نه‌په‌ڕێ، جگه له به‌غداد و كه‌ركوك مافیان هه‌یه، له ناو خۆیان د‌ا هه‌رێمێ پێك بهێنن...
به‌م پێ‌یه:
1. هه‌رێمی كوردستان كه پێك دێ له 3 پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر و سلێمانی وه‌كو خۆی مایه‌وه، هیچ پارێزگایه‌كی تر، له‌وانه كه‌ركوك، بۆیان نه‌بو بێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
2. كه‌ركوك و به‌غداد نابێ له گه‌ڵ هیچ پارێزگایه‌كی تردا هه‌رێمێكی فیدرالی پێك بهێنن. ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌وه رازی بونێكی ژێرزاره‌كی‌یه به‌وه‌ی كه ئه‌شێ كه‌ركوك، به جیا له هه‌رێمی كوردستان و به جیا له هه‌رێمه‌كانی تری عیراق، خۆی به ته‌نیا یه‌كه‌یه‌كی فیدرالی بێ.
له‌م چه‌ند حه‌فته‌یه‌دا، كه ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی تێ‌دا ئه‌نوسرێ، ئه‌م كێشه‌یه دیسان سه‌ر هه‌ڵئه‌داته‌وه و، له دو ئاستی جیاوازدا ئه‌بێته مایه‌ی لێدوانی گه‌رم و مشتومڕی زۆر و ناكۆكی:
ئاستی یه‌كه‌میان، له ناو ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی نوسینی ده‌ستور و له ناو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی د‌ا.
ئه‌ندامانی كۆمیته‌كه، چ كورد بن و چ عه‌ره‌ب و توركمان، بیانه‌وێ یا نه‌یانه‌وێ، توشی ئه‌م پرسه ئه‌بن، به تایبه‌تی كاتێ كه دێنه سه‌ر دیاری كردنی سنوری هه‌رێمی كوردستان و، داوای كورد بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ سه‌ر هه‌رێم. ئالێره‌دا پرسیاره‌كه به زه‌قی دێته‌وه به‌رده‌م هه‌مویان: سنوری كوردستان كوێ‌یه؟ ئا لێره‌دا بۆچونه جیاوازه‌كانی كورد و ئه‌وان روبه‌ڕوی یه‌كتری ئه‌بنه‌وه و، ناكۆكی و گومان له یه‌كتری دروست ئه‌بێته‌وه.
ئاستی دوه‌میان، له ناو خه‌ڵكی عیراق د‌ا.
شۆڤێنی‌یه‌كانی عه‌ره‌ب، به درێژایی ده‌یان ساڵ، به هۆی پرۆگرامی خوێندن و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و نوسینه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ‌ی مێژوی عیراق و عه‌ره‌ب، عه‌ره‌بی عیراقیان به گیانی ره‌گه‌زپه‌رستی په‌روه‌رده كردوه. وایان تێ گه‌یاندون عیراق به‌شێكی له جیابونه‌وه نه‌هاتوی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به. زۆریان لایان وایه كورد ئه‌رزی خۆی نیه و له سه‌ر ئه‌رزی ئه‌وان دانیشتون و، ئه‌وه‌ی ئه‌وان به كوردیان به‌خشیوه توركیا و ئێران نیوه‌ی ئه‌وه‌یشیان نه‌داونه‌تێ.
شۆڤێنی‌یه‌كانی عه‌ره‌ب، چ عه‌لمانی و چ دینیی، هه‌وڵێكی زۆر ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رای گشتی عه‌ره‌بی عیراق دژی خواسته‌كانی كورد بوروژێنن و، ده‌وڵه‌تانی دراوسێ بكه‌ن به گژی د‌ا.
شه‌ری ده‌ستور، شه‌ڕێكی سیاسی سه‌خته، ئه‌بێ كورد خۆی بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كانی ئاماده بكا.
خۆ ئاماده كردن بۆ ئه‌م ململانێ‌یه: "كێشه ئه‌رزی‌یه‌كانی نێوان كورد و عیراق" و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی و به لادا خستنی به قازانجی كورد، كارێكی ئاسان نیه. به ئیدیعا و موزایه‌ده و هه‌راو هوریا و پرۆپاگانده‌ی دیماگۆگی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ناكرێ، هه‌ندێ جار ره‌نگه پرۆپاگانده به قازانجی كاتیی حیزب بێ به‌ڵام به زه‌ره‌ری هه‌میشه‌یی كورد ته‌واو ببێ.
ساخ كردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانی‌یه‌كان پلانێكی هه‌مه لایه‌نه‌ی ورد و ژیرانه‌ی ئه‌وێ، كه جگه له سه‌ركردایه‌تی كورد و نوێنه‌رانی كورد له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی د‌ا، ئه‌بێ چه‌ندین شاره‌زای ئه‌و ناوچانه و پسپۆڕی جوگرافیا و مێژو و قانون و كارگێڕی... بۆ كۆ بكرێته‌وه له‌م شه‌ڕه‌دا هاوكار بن.
به‌ر له هه‌ر شتێ پێویسته كورد ناوچه كوردستانی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم دیاری بكا.
ئه‌و ناوچانه‌ی داوای ئه‌كا بخرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كامانه‌ن؟
كامانه‌ن ناوچه‌كانی هه‌موی كوردن؟
كامانه‌ن ناوچه‌كانی تێكه‌ڵاون له كورد و نه‌ته‌وه‌كانی تر؟
كامانه‌ن ناوچه‌كانی له كورد زه‌وت كراون و، ئیستا كوردیان تێ‌دا بۆته كه‌مایه‌تی یا پاكتاوی نه‌ژادی كراون؟
كورد چی ئه‌كا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مایه‌تی‌یه نه‌كورده‌كانی دانیشتوی ناوچه كوردستانی‌یه‌كان به لای خۆی د‌ا رابكێشێ؟
كورد چۆن له گه‌ل توركمان، عه‌ره‌ب، مه‌سیحی‌یه‌كان، ره‌فتار ئه‌كا؟
كورد له سه‌ر كوێ پێ دائه‌گرێ و له سه‌ر كوێ سه‌ودا و سازان ئه‌كا؟
كورد له داواكاری‌یه‌كانی د‌ا بۆ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ئه‌بێ پشت ئه‌ستور بێ به بیانوی جوگرافی مێژویی و دیمۆگرافی و، به به‌ڵگه‌ی سیاسی و قانونی.
ئه‌بێ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه ساز بدرێن خۆیان ببن به ئاڵاهه‌ڵگری گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر كوردستان.
جگه له بزوێنه‌ری سیاسی جۆرێ له ده‌سكه‌وتی مادی‌یان بخرێته به‌ر چاو ئه‌گه‌ر به‌سترانه‌وه به كوردستانه‌وه، چ قازانجێ ئه‌كه‌ن.
ئه‌بێ میكانیزمێ دابنرێ بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر كوردستان.
چه‌ندین ساڵه كورد به رێگه‌ی جۆراوجۆر خه‌باتی كردوه بۆ به ده‌س هێنانی مافه‌كانی، له سه‌رو هه‌مویانه‌وه دیاری كردنی سنوری نیشتمانه‌كه‌ی، ئیستا كه له كاتی نوسینی ده‌ستوردا چاره‌نوسی ئه‌و ناوچانه به لادا ئه‌خرێ، سه‌ركردایه‌تی كورد له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی مێژویی سه‌خت دایه:
تا چه‌ند سه‌ركه‌وتو ئه‌بێ "كێشه ئه‌رزی‌یه‌كان" به قازانجی هه‌رێمی كوردستان به لادا بخا!