نەوشیروان مستەفا: ناوماڵی كورد به موجامه‌له رێكناخرێت
19/05/2020
دیمانە
سازدانی: هۆشیار عه‌بدوڵا
4-1-2020
ره‌خنه له سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌گرێت به‌وه‌ی: سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، له‌وماوه‌یه‌دا له‌به‌غدا توانیویانه پۆستی زۆر گه‌وره‌و پاره‌ی زۆر به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه یه‌ك بست ئه‌رز، بگێڕنه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژه به‌وه‌شده‌كات كه ئه‌و رژێمه‌ی ئێستا له سوریا هه‌یه، هاوشێوه‌ی رژێمی به‌عسی عێراقیه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م رژێمه بروخێت، هه‌رچی رژێمێكی تازه له سوریا بێته سه‌ركار، له‌و رژێمه‌ی ئێستا خراپتر نابێت، له‌به‌رئه‌وه گۆڕان و روخانی رژێمی به‌عس له سوریا به قازانجی نه‌ك كوردی سوریا، به قازانجی هه‌مو نه‌ته‌وه‌ی كورده.
KNN: با له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ستپێبكه‌ین، ده‌وترێت كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له‌عێراق، عێراق به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌رو گۆڕانكاریدا ده‌كاته‌وه، عێراقیه‌كان به‌گشتی كورد به تایبه‌تی له كوێی ئه‌م گۆڕنكاریانه‌دا ده‌بن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وه‌ختێك ئه‌مه‌ریكا هاتوه بۆ ئێره یه‌كێك له سته‌مكارترین رژێمه‌كانی دنیای روخاندوه، دوای هاتنی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا بۆ یه‌كه‌مینجار هه‌ڵبژاردنێكی تاڕاده‌یه‌ک ئازادكراوه، ده‌ستورێك ئاماده‌كراوه كه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باش مافی مرۆڤی ده‌سته‌به‌ركردوه، مافه‌كانی كوردی ده‌سته‌به‌ر كردوه، حه‌ساری ئابوری له‌سه‌ر عێراق لابراوه، كۆمه‌ڵێك شتی له‌وبابه‌ته كراوه، ده‌كرێت به‌ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ میله‌تی عێراق دابنرێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا كه ئه‌مه‌ریكا رۆیشتوه له‌دوای خۆی ده‌وڵه‌تێكی به‌جێهێشتوه، ده‌وڵه‌تێكی تایفییه، یه‌كێكه له ده‌وڵه‌ته‌كانی كه له ریزی هه‌ره‌پێشه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه، ده‌وڵه‌تێكه نه‌یتوانیوه لایه‌نی كه‌می خزمه‌تگوزاری گشتی بۆ خه‌ڵك دابین بكات، به‌تایبه‌تی كاره‌باو ئاو و هه‌لی كاركردن و ...، هه‌وره‌ها كۆمه‌ڵێك ناكۆكی به‌جێهێشتوه له عێراقدا، ناكۆكی له به‌ینی شیعه‌و سونه، ناكۆكی له به‌ینی كورد‌و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، كۆمه‌ڵێك له‌و شتانه‌ی به‌جێهێشتوه، ئێمه له‌كوێی ئه‌و روداوانه‌داین، ئێمه به‌شێكین له ده‌وڵه‌تی عێراق، تائێستا هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمێكه له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدایه، هه‌رچی روداوێك له عێراقدا روبدات، گه‌نده‌ڵی بێت، تێرۆر بێت، بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌رمان ده‌بێت، ئێمه له كوێی ئه‌و روداوانه‌داین، تائێستا ئێمه ناكۆكیه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زیدا كه خۆی ده‌بینێته‌وه له‌كێشه‌ی ئه‌رزو كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و كێشه‌ی سامان، چاره‌سه‌ر نه‌بوه.
KNN: یه‌كێك له‌و ده‌ركه‌و‌تانه‌ی كه له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رونی و خێرایی ده‌ركه‌وت، ناكۆكی نێوان مالیكی و هاشمی بو كه هه‌ندێك پێیانوایه كه ئه‌وه كێشه‌ی (شیعه‌و سونه)یه، ئه‌م ناكۆكیانه تاچه‌ند په‌یوه‌ندیان به كورده‌وه ده‌بێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: عه‌ره‌بی عێراق دابه‌شبوه به‌سه‌ر دو ناسنامه تایفیدا باسی سونه ده‌كه‌ن مه‌به‌ستیان عه‌ره‌بی سونه‌یه، باسی شیعه ده‌كرێت مه‌به‌ستیان عه‌ره‌بی شیعه‌یه هه‌مو جارێك كورد به‌جیا به‌شدار ده‌كرێت، نه له‌سه‌ر شیعه حساب ده‌كرێت نه له‌سه‌ر سونه، چونكه ناسنامه‌ی ئێمه ناسنامه‌یه‌كی قه‌ومیه، كێشه‌كانی ئێمه‌ش كێشه‌ی قه‌ومیه تایفی نییه، ناكۆكی نێوان شیعه‌و سونه زۆر كۆنه، زۆر قوڵه، فیعله‌ن ئه‌و ناكۆكیه ئێستا خه‌ریكه ره‌نگده‌داته‌وه له ناكۆكیه‌كانی ناو حكومه‌ت، ئه‌ویش دیسان کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه ده‌بێت، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ردولادا جۆرێك له كێشه‌مان هه‌یه، ئێمه ناكۆكیمان نییه له گه‌ڵیاندا جۆرێك له كێشه‌مان هه‌یه، كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ سونه، كێشه‌ی زه‌ویمان هه‌یه، به‌شی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ی كه نه‌هاتونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌وتونه‌ته ئه‌و ناوچانه‌وه كه سونه زاڵه به‌سه‌ریدا، پارێزگای سونه‌نشینن، وه‌كو موسڵ، سه‌ڵاحه‌دین (تكریت)، دیاله، ئه‌مانه سونه‌نشینن ئێمه ناكۆكیمان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه، به‌نمونه له موسڵ ده‌مانه‌وێت شه‌نگار و ناوچه‌کانی تر بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ڵاحه‌دین ده‌مانه‌وێت دوزخورماتو بێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له دیاله ده‌مانه‌وێت خانه‌قین بێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مانه‌وێت كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌وناوچانه كێشه‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌رزه له‌گه‌ڵ سونه، له‌هه‌مانكاتدا كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌زدا كه حكومه‌تێكی شیعه زاڵه به‌سه‌ریدا، ئه‌و له‌سه‌ر سامان و ده‌سه‌ڵاته، عاده‌ته‌ن ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی له دنیادا كه داده‌مه‌زرێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان و ئه‌رز دابه‌شده‌كرێت، هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵ سنورێكی جوگرافی هه‌یه، هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی فیدراڵی به‌شێكی له سامانی وڵاته‌كه‌ی هه‌یه، به‌شێكی هه‌یه له‌ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی، ئێمه له‌سه‌ر ئه‌مانه كێشه‌مان هه‌یه له‌گه‌ڵ سونه‌ش و شیعه‌ش.
KNN: ئاراسته‌ی سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تی كورد، له‌ماوه‌ی رابردودا به‌چی ئاراسته‌یه‌كدا بوه، بۆچونێك هه‌یه وه‌كو به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌یت، كورد كێشه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ردولادا، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كورد ناوبژیوانه له‌م نێوانه‌دا یان لایه‌نێكی كێشه‌كه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ده‌توانێت هه‌ردوكی بێت، ده‌توانێت هه‌م ناوبژیوان بێت، هه‌م ته‌ره‌فیشه له كێشه‌كه‌دا، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ردولایاندا كێشه‌مان هه‌یه، تائێستا له‌سه‌ر حسابی چاوپۆشی له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان، ناوبژیوانیان كردوه، له‌مه‌ولا حه‌قوایه ئه‌و كێشانه‌ی ئێمه هه‌مانه له‌گه‌ڵ شیعه‌و سونه له عێراقدا، بیكه‌ینه به‌شێك له‌و ئاشته‌واییه گشتیه‌ی كه ده‌مانه‌وێت له عێراقدا بێته‌دی، كاتێك كه ئاشتی و ئاشته‌وایی دروستده‌بێت، له‌به‌ینی شیعه‌و سونه‌و كوردا، یه‌عنی كورد ناوبژیوانی ده‌كات بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ئاشته‌واییه دروستبكات، مه‌فروزه كێشه‌كانی خۆیشی بێنێته ناوه‌وه، بۆئه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ر بكرێت، وه‌كو چۆن ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین كێشه له‌به‌ینی سونه‌ی عه‌ره‌ب و شیعه‌ی عه‌ره‌ب چاره‌سه‌ربكرێت، كێشه‌كانی كوردیش له‌گه‌ڵ سونه‌و له‌گه‌ڵ شیعه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێت، ده‌توانین بیكه‌ینه به‌شێك له چاره‌سه‌ركردنی گشتی كێشه‌كانی عێراق.
KNN: به‌رای ئێوه كورد هیچ سودێكی له‌و ناوبژیوانیه بینیوه له‌ماوه‌ی رابردودا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ره‌نگه عێراق سودی وه‌رگرتبێت، ئه‌گینا كورد وه‌كو خۆی باوه‌ڕناكه‌م سودێكی وای بینیبێت، بێجگه له ئافه‌رین شتێكی كه‌ی وه‌رنه‌گرتوه، به‌عه‌كسه‌وه هه‌ندێكجار به‌شێك له عه‌ره‌بی عێراق، گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی وا ته‌ماشامان ده‌كه‌ن، كه كورد وه‌كو گه‌لێكی هه‌لپه‌رست سود له ناكۆكی به‌ینی شیعه‌و سونه وه‌رده‌گرین، ناوبژیه‌كه له بری ئه‌وه‌ی به‌چاكه بگه‌ڕێته‌وه بۆمان، له‌ناو هه‌ندێك توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی عه‌ره‌بدا به خراپ بۆمان شكاوه‌ته‌وه.
KNN: له‌م دابه‌شبونه‌دا سیاسه‌ت له كوردستاندا ئاراسته‌كانیش جۆرێك له دابه‌شبونی هه‌یه، كورد له كامیانه‌وه نزیكتره له شیعه نزیكتره یان له سونه؟ یان پێویسته له كامیانه‌وه نزیك بێت و له كامیانه‌وه دوربێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وابزانم له هاوپه‌یمانی ستراتیژی میله‌تاندا نا‌توانیت هه‌میشه خۆت له‌سه‌ر یه‌كلا ساغبكه‌یته‌وه ده‌توانین ئه‌مه به‌چه‌ند قۆناغێك حساب بكه‌ین، له‌سه‌رده‌مێكدا كه ئێمه له‌به‌رگریدا بوین دژی رژێمی به‌عسی، شیعه‌كانیش له‌به‌رگریدا بون دژی رژێمی به‌عسی، له‌به‌رئه‌وه به ته‌بیعه‌تی حاڵ ئامانجی هاوبه‌شمان هه‌بو قازانجی هاوبه‌شمان هه‌بو، ده‌كرا پێكه‌وه هاوكاری بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی ئامانجه هاوبه‌شه‌كه‌مان بهێنینه‌دی، كه ئه‌ویش روخاندنی رژێمی به‌عسی بو له عێراقدا، ئه‌و زه‌مانه كورد له شیعه‌وه نزیك بوه، شیعه‌ش له كورده‌وه نزیك بوه، له‌دوای روخانی رژێمی سه‌دامیش هێشتا شیعه له عێراقدا لاواز بون، هێشتا ده‌ستور نه‌نوسرابوه‌وه، ئه‌وكاته‌ش دیسانه‌وه بۆچونه‌كانی شیعه، هێزه سیاسیه‌كانی شیعه له بۆچونه‌كانی کورده‌وه نزیكبون، بۆچونه‌كانیان ئه‌وه‌بو كه لامه‌كه‌زیه‌ت له عێراقدا هه‌بێت، ده‌وڵه‌تێكی مه‌ركه‌زی وا نه‌بێت كه بتوانێت جارێكی دیكه گه‌لی عێراق بچه‌وسێنێته‌وه فیدرالیزم هه‌بێت، سیسته‌مێكی په‌رله‌مانی هه‌بێت، له‌م شتانه‌دا، به‌ڵام به مروری زه‌مه‌ن ته‌رازوه‌كه گۆڕاوه، ئێستا شیعه بون به‌هێزی یه‌كه‌م وده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌م له عێراقدا، ئێمه قازانجمان له‌وه‌دا نییه له‌گه‌ڵ لایه‌كدا بین دژی لایه‌كی دیكه، به عه‌كسه‌وه پێویسته دوری و نزیكیمان وه‌كو یه‌ك بێت له‌گه‌ڵ هه‌ردولایاندا.
KNN: له قسه‌كانی رابردوتدا باست له‌وه‌كرد، له‌گه‌ڵ شیعه‌دا كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و له‌گه‌ڵ سونه‌دا كێشه‌ی ئه‌رزمان هه‌یه، كورد له‌ماوه‌ی رابردودا ئه‌وله‌ویه‌تی به كام له‌م كێشانه‌داوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد، ئیهتیمامی به‌پاره‌داوه، ئیهتیمامی به پۆستی حكومه‌تی داوه، له‌وماوه‌یه‌دا توانیویانه پۆستی زۆر گه‌وره به‌ده‌ستبهێنن توانیویان پاره‌ی زۆر به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه یه‌ك بست ئه‌رزی كوردستان، كه له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه بگێڕنه‌وه.
KNN: ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی رابردودا ئه‌وله‌ویه‌تی كورد له دوای (2003)ه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات بوبێت و كێشه‌كانی كوردیش تائێستا له عێراقدا هه‌ر به ته‌عبیری خۆت له‌گه‌روی نه‌هه‌نگدا بێت، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م كێشانه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م كێشانه ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌به‌ینی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدادا هه‌یه له په‌یوه‌ندییه‌كی حیزبی دو حیزبیه‌وه بیكه‌ینه په‌یوه‌ندیه‌كی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ مه‌ركه‌زدا، راسته له به‌غدا پۆستی گه‌وره گه‌وره به‌ر كورد كه‌وتوه، به‌ر ئه‌و دو حیزبه كه‌وتوه، من وا هه‌ستناكه‌م ئێمه شه‌ریكێكی راسته‌قینه بین له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عێراقدا، ئه‌و وه‌خته‌ی ده‌ستور ده‌نوسرا، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه هێنابومانه پێشه‌وه مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه نه‌بو كه ئێمه پۆستی به‌رزمان هه‌بێت و له میزانیه‌ی عێراقدا به‌شی خۆمان وه‌ربگرین، به‌ڵكو گرنگترین مه‌سه‌له‌ی ئێمه ئه‌وه‌بو كه له‌وه‌وپێش به درێژایی مێژوی ده‌وڵه‌تی عێراقی كورد به‌شدار نه‌بوه له بڕیاردانی سیاسی،له په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا،له جۆری به‌ڕێوه‌بردنی حوكم له‌عێراقدا، من خۆم وا هه‌ستناکه‌م كورد شه‌رێكێكی راسته‌قینه بێت له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی‌دا، بۆئه‌وه‌ی ئه‌مه چاره‌سه‌ربكرێت وه‌كو چۆن له عێراق زیاتر له ده هه‌یئه‌تی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، له كوردستانیشدا چه‌ند هه‌یئه‌تێكیان دروستكردوه به‌ته‌مان ئێستا كۆمسیۆنێك دروست بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمدا، هه‌یئه‌ی نه‌زاهه هه‌یه دیوانی ره‌قابه‌ی مالیه هه‌یه، هه‌یئه‌تێك هه‌یه بۆ مافی مرۆڤ، ئێمه پێمانباشه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی ئێستا له به‌ینی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌یه بیگۆڕین و بیكه‌ین به په‌یوه‌ندیه‌كی نیشتیمانی، پێمان باشه كۆمسیۆنێكی تایبه‌تی دروستبكرێت كه جێگای ئیجماعی نیشتمیانی بێت، په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ده‌نگیبداتێ له‌به‌رده‌می په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا مه‌سئول بێت، ئه‌م هه‌یئه‌ته مه‌سئول بێت له دوشت، یه‌كێكیان له مفاوه‌زات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زی له به‌غدا، ئه‌ویتریشیان مه‌سئول بێت له‌وه‌ی كه ئه‌دائی نوێنه‌ره‌كانی ئێمه له به‌غداو ئه‌وانه‌ی كه پۆستی به‌رزیان هه‌یه‌و ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مانن و ئه‌وانه‌ی كه وه‌زیرن، چاودێری ئه‌وانه بكات و راپۆرتی خۆی بدات به په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌م هه‌یئه‌ته سه‌ربه‌خۆ بێت پیشه‌یی بێت، گرنگ نییه ئه‌ندامه‌كانی كێ بن، با هه‌مو ئه‌ندامه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كان بن، له‌و كه‌سانه‌بن كه توانایان هه‌یه‌و لێوه‌شاوه‌ن، به‌ڵام وابێت جێگای ئیجماع بن و له‌به‌رده‌می په‌رله‌ماندا به‌رپرس بن، نه‌ك هه‌مو جارێك كه كێشه دروست ده‌بێت له به‌ینی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا وه‌فدی دو حیزب ده‌چن بۆ ئه‌وێ كه‌س نازانێت چی ئه‌كه‌ن و چی ئه‌ڵێن و چۆن قسه ئه‌كه‌ن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه كۆمسیۆن یان هه‌یئه‌تێكی تایبه‌تی دروست بكرێت بۆ مفاوه‌زات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا، ئه‌م هه‌یئه‌ته له‌به‌رده‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا مه‌سئول بێت، له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌نجامی كاره‌كانی خۆی به‌و بسپێرێت ته‌ركیبه‌كه‌شی وه‌كو وتم با له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كان بن.
KNN: هۆكاری ئه‌وه‌ی كورد وه‌كو پێویست به‌شدار نه‌بوه له عێراقدا، ئایا ئه‌م دو هۆكاره هه‌یه یان هۆكاری تریش هه‌یه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له قسه‌كانی به‌ڕێزته‌وه ده‌ركه‌وت ئایا په‌یوه‌ندی به‌و تیمه‌وه هه‌یه كه له‌وێن وه‌كو ئه‌دا، په‌یوه‌ندیشی به‌وه‌وه هه‌یه كه لێره چاودێری ناكرێن، ئه‌وه كێشه‌كه‌یه به‌رای ئێوه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و خه‌له‌له‌ی له سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆئه‌وه‌ی كه شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستانی عێراقدا شێوه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنه كه له‌گه‌ڵ ئه‌م عه‌سره‌دا ناگونجێت، شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ره‌تایی دواكه‌وتوه، شێوه‌ی تاكحیزبیه له‌م مه‌نتیقه‌یه‌دا، شێوه‌ی تاك حیبزبیه له مه‌نتیقه‌ی هه‌ولێر و دهۆك، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و خه‌له‌له‌ی له سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌ماندا هه‌یه.
KNN: پێتانوایه له‌ماوه‌ی رابردودا له‌سه‌ر ئه‌زمونی كورد له‌سه‌ر خه‌باتی كورد له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، به‌غدا گه‌وره‌ترین مه‌ترسی هه‌یه، ئایاهێشتا به‌غدا مه‌ترسیه یان مه‌ترسی نییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ناتوانین بڵێین مه‌ترسی هه‌رگیز نامێنێت، ده‌وڵه‌تانی گه‌وره‌ی دنیا به نمونه ئه‌مه‌ریكا به‌و گه‌وره‌ییه‌ی خۆیه‌وه، چین و به‌ریتانیاو روسیا به‌و گه‌وره‌ییه‌ی خۆیانه‌وه، كه هه‌مو ئه‌مانه چه‌كی ناوه‌كیان هه‌یه له راده‌یه‌كی به‌رزی پێشكه‌وتندان ژماره‌یان زۆره‌و به زلهێز حساب ده‌كرێن له دنیادا، ئه‌وانیش دایمه كه نه‌خشه‌ی ئاسایشی خۆیان داده‌نێن، له‌سه‌ر ئه‌ساسی مه‌ترسی ده‌ره‌كی و ناوه‌كی دایده‌نێن، ئه‌وانیش وا هه‌ستده‌كه‌ن كه مه‌ترسیان له‌سه‌ره، بێگومان شه‌رت نییه مه‌ترسی هه‌ر مه‌ترسی سیاسی بێت، مه‌ترسی سروستیش هه‌یه جاری وایه لافاو دێت تسونامی دێت، تاعون دێت، كۆلێرا دێت، ئایدز دێت، ئه‌مانه‌ش ده‌بنه جۆرێك له مه‌ترسی، ئه‌وه‌ی له عێراقدا خۆم به‌لامه‌وه وایه، مه‌ترسی جینۆساید له‌سه‌ر كوردستانی عێراق نه‌ماوه، جارێكی كه هه‌ڵه‌بجه دوباره نابێته‌وه جارێكی كه ئه‌نفال دوباره نابێته‌وه، پێموانیه له ئێستاش و له‌چه‌ند ساڵی داهاتودا جه‌یشی عێراق بایی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بتوانێت بێت، هه‌رێمی كوردستان داگیربكاته‌وه‌و شاخه‌كانی كوردستان وه‌كو زه‌مانی به‌عسیه‌كان داگیربكاته‌وه، به‌عسیه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بوی حه‌فتا هه‌شتا ساڵی جه‌یشی عێراقی بون، كه هاتبون هه‌مو شاخه‌كانی كوردستانیان داگیركردبو، له‌به‌رئه‌وه، ئه‌وه دوباره نابێته‌وه به‌و حكومه‌ته‌ی كه ئێستا به‌كێشه‌ی خۆیه‌وه‌یه‌تی، من پێموایه كێشه‌كانی ئێمه مه‌ترسیه‌كانی ئێمه له‌ناو خۆماندایه، ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین مه‌ترسیه‌كانی ناوخۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، مه‌ترسی ناوه‌كی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ته‌بایی و یه‌كڕیزی له‌ناو میله‌ته‌كه‌ماندا بێنینه‌دی، نه‌وعێك له عه‌داله‌تی ئیجتیماعی بێنینه‌دی، چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له به‌ڕێوه‌بردنی سیسته‌می وڵاته‌كه‌دا بكه‌ین، ئه‌وه‌نده به هێز ده‌بین كه ده‌توانین روبه‌روی هه‌مو مه‌ترسیه‌كی ده‌ره‌كی ببینه‌وه، ئه‌و مه‌ترسیه ده‌ره‌كیان چی له عێراقه‌وه (له به‌غداوه) بێت، چی له‌ده‌وڵه‌تانی دراوسێوه بێت یان له‌هه‌ر جێگایه‌كی دنیاوه بێت، ئه‌گه‌ر ئێمه به‌یه‌كڕیزی روبه‌ڕوی ببینه‌وه، ده‌توانین ده‌ره‌قه‌تی بێین، به‌رای من ده‌بێت له پێش هه‌مو شتێك‌دا ئێمه ته‌ركیز بكه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسیه ناوه‌كیه‌كانی خۆمان كه ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته خه‌ته‌ره‌وه، كه ته‌بایی ده‌خاته خه‌ته‌ره‌وه كه یه‌كریزی میله‌ته‌كه‌مان ده‌خاته خه‌ته‌ره‌وه ئه‌مانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
KNN: ئه‌م بۆچونه پێچه‌وانه‌ی بۆچونی باوی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی فه‌رمانڕه‌وایه له كوردستان، ئه‌وان پێیانوایه پێویسته مه‌ترسیه ناوخۆیه‌كان دوابخرێت، هه‌مومان خۆمان یه‌كلابكه‌ینه‌وه بۆ مه‌ترسیه ده‌ره‌كیه‌كان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: وایه، به‌ڵام ئه‌وه بیانویه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه خۆیان حوكمڕانی وڵاته‌كه بن.
KNN: ئێستا تۆ پێتوایه مه‌ترسیه‌كان له‌ناوخۆوه‌ن و هیچ مه‌ترسیه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نیه، ئایا ئه‌م بۆچونه به‌تایبه‌تی له‌ئاستی عێراقدا قسه ده‌كه‌ین، پێچه‌وانه‌ی بۆچونێكی به‌ڕێزتان نیه له ساڵی (2003) كه پێتانوابو، شه‌ڕی گه‌وره‌ی كورد له‌وكاته‌دا له به‌غدایه، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاته‌ی كه به‌ڕێزت یه‌كێك بوی له فه‌ریقی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور و موناقه‌شه‌كردنی مافه‌كانی كورد له‌به‌غدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بیست ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نی هه‌رێمی كوردستاندا تێپه‌ڕیوه هه‌رێمی كوردستان به‌چه‌ند قۆتاغێكدا تێپه‌ڕیوه، قۆناغێكیان ئه‌و بۆشاییه ئیداری و سیاسیه بو كه به‌عسیه‌كان له كوردستان به‌جێیان هێشتبو، داموده‌زگای ئیداری بێسه‌ربو، قۆناغێكی تریان شه‌ڕی ناوخۆ بو، قۆناغێكی تر نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق بو هه‌ر قۆناغێك ئه‌وله‌ویه‌تی خۆی هه‌یه من چه‌ندجارێكیش ئه‌مه‌م باسكردوه‌و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه، له‌و قۆناغه كه ده‌بو ئێمه یه‌ك ده‌نگ بین، به‌یه‌ك ده‌نگ بڕۆین داوای مافه‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ین و قۆناغی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق بو، ده‌ستوری دایمی بو، بێگومان ئه‌وه ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می هه‌یه ده‌بێت هه‌مو شته‌كانی تر پشتگوێ بخه‌ین، ته‌كیز بكه‌ینه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ده‌ستوری عێراقیدا بچه‌سپێنین، به‌ڵام ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ته‌كه گۆڕاوه، ئه‌وله‌ویه‌ته‌كه نوسینی ده‌ستور نیه، ده‌ستور نوسرایه‌وه، ئێستا ئه‌وله‌ویه‌ته‌كه بۆ ئه‌وه‌یه كه كێشه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
KNN: به‌شێكی پێیوایه وه‌كچۆن نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور زۆر شه‌ڕی ویستوه، ره‌نگه جێبه‌جێكردنه‌كه‌یشی شه‌ڕی بوێت، بۆ ئه‌مه ره‌نگه پێیانوابێت كه مه‌ترسیه‌كان هێشتا له به‌غداوه دێن؟
نه‌شیروان مسته‌فا: بۆئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه بكه‌ن پێویسته له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا یه‌كڕیزی به‌دیبهێنن، ته‌بایی به‌دیبهێنن، عه‌داله‌تی ئیجتیماعی به دیبهێنن، ده‌ستورێكی رێك‌و پێكی باشمان هه‌بێت.
KNN: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی فه‌رمانڕه‌وای كورد له‌عێراقدا، هه‌ر ئه‌مه‌ی لێ شین بوبێت، یاخود ئه‌مه‌ی به‌رهه‌مهێنابێت كه ئێستا هه‌یه له‌عێراقداو مافه‌كان به‌مشێوه‌یه بن، ئێوه وه‌كو ئۆپۆزسیۆن پلان، یان پرۆژه‌تان چییه بۆ وتاری كورد به‌رامبه‌ر عێراق، بۆ داكۆکیكردن له مافه‌كانی كورد و سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی كه تائێستا له عێراقدا به هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: باسمكرد، پێمانباشه كۆمسیۆنێكی تایبه‌تی بۆ ئه‌وه دروستبكرێت، له‌سه‌ر بنچینه‌ی پیشه‌یی، وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌م دایه‌وه.
KNN: باست له‌وه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستور جێبه‌جێبكرێت پێویسته ناوماڵی كورد یه‌كبخرێت و یه‌ك گوتاری هاوبه‌ش و یه‌ك گوتاری راسته‌قینه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌یی هه‌بێت، دیدو ستراتیژی ئێوه بۆ ئه‌و رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورده به شێوه‌یه‌كی گشتی چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه پێمانوایه له‌سه‌روی هه‌موشتێكه‌وه، ده‌بێت ده‌ستورێكی باش بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بكرێت، كه جێگه‌ی ئیجماعی نیشتمانی بێت، بائێمه ده‌رسێك له میله‌تان وه‌رگرین، ئێستا شه‌ڕی گه‌وره له میسر له‌سه‌ر ده‌ستوره، شه‌ڕی گه‌وره له تونس له‌سه‌ر ده‌ستوره، شه‌ڕی گه‌وره له لیبیا له‌سه‌ر ده‌ستوره، له‌یه‌مه‌ن له‌سه‌ر ده‌ستوره، له‌سوریا له‌سه‌ر ده‌ستوره، ئه‌مانه هه‌مو خه‌ریكی ئه‌وه‌ن ده‌ستورێكی تازه بۆ وڵاته‌كانیان دابنێن، ئێمه بۆچی له ئێستاوه ده‌ستورێك به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا بسه‌پێنین، هه‌مو ساڵێك خۆپیشاندان بكه‌ین له دژی، بڵێین با بیگۆڕین، با له ئێستاوه ده‌ستورێك دابنێین، له‌ده‌یه‌ها ساڵی داهاتو بۆ چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی داهاتو، پێویستی به ته‌عدیل و گۆڕین نه‌بێت، ده‌توانین له‌مه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌ستورێكی رێكوپێكمان هه‌بێت، سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن له كوردستانی عێراقدا به‌رێكوپێكی رێكبخات، ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌یه‌كتری جیابكاته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی، ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی، ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی، هه‌مو ئه‌وانه بكات به ده‌سه‌ڵاتی حه‌قیقی، له‌ده‌سه‌ڵاتی كارتۆنیه‌وه بێته ده‌ره‌وه، سه‌ربه‌خۆییان پێببه‌خشێت، ده‌ستورێكی وامان هه‌بێت، پێموایه ناوماڵی كورد به‌وه رێكده‌خرێت، ناوماڵی كورد به موجامه‌له‌و ده‌عوه‌ت رێكناخرێت.
KNN: با له‌سه‌ر پاكێچه‌كانی چاكسازی قسه‌بكه‌ین، له‌دوا كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی خۆتاندا له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، جارێكی تر مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێكردنی شه‌ش پاكێجه‌كه‌تان كردوه‌ته پێشمه‌رج، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وه نه‌خشه‌رێگای نه‌گۆڕی ئێوه‌یه بۆ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات له كوردستانی عێراقدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌مان كردوه پێمانوایه له‌یه‌كه‌م كۆبونه‌وه چیمان وتوه، له ئاخیر كۆبونه‌وه‌ش هه‌ر وامان وتوه، په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركردوه، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركردوه، ئێمه شه‌ش پاكێجمان پێشكه‌شكردوه، له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردودا نه‌مانبینیوه یه‌كێك له‌و شتانه جێبه‌جێبكرێت به كرده‌وه، بچین بۆ كۆبونه‌وه، چی بكه‌ین، چی بڵێین، ده‌بێت عه‌ینی قسه‌كانی زه‌مانی قه‌دیم دوباره بكه‌ینه‌وه. كێ رێی لێگرتون بڕیاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێبكه‌ن، كێ رێی لێگرتون بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان جێبه‌جێبكه‌ن كه نازانم ژماره (1)و (2)ه جێبه‌جێی بكه‌ن، ئه‌و پاكێجانه‌ی ئێمه ته‌سلیممان كردوه، هه‌موی بۆ ئه‌وه‌یه كه بناغه‌ی ده‌وڵه‌تێكی عه‌سری، حكومه‌تێكی عه‌سری دابمه‌زرێنین، هیچی بۆ شتی تایبه‌تی خۆمان نیه، له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌وان بێن ئه‌مانه جێبه‌جێبكه‌ن، دایمه به پرۆژه‌ی موقابیل وه‌كو شه‌ڕه ده‌نوک، پرۆژه‌ی موقابیل ئه‌ده‌ن به‌ده‌م وچاوماندا، ده‌بینین هیچ جدیه‌تێكیان تیا نیه بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازیه‌كی ریشه‌یی، چاكسازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی له كوردستاندا بكرێت.
KNN: هێشتا داوای ئه‌و چاكسازیه ریشه‌ییه ده‌كه‌ن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ به‌رده‌وام هه‌رداوای ده‌كه‌ین.
KNN: بۆچونێك هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه ره‌نگه ئه‌م بۆچونه بۆچونی حیزبه فه‌رمانڕه‌واكانی كوردستان بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه چاكسازی هێنده ئاسان نییه، چاكسازی كاتی ده‌وێت چاكسازی زه‌مینه‌سازی ده‌وێت، به‌و كون فه‌یه كونه نییه كه ئۆپۆزسیۆن داوای ده‌كات، رای ئێوه چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: پێموایه ئه‌وه سوكایه‌تی كردنه به عه‌قڵی خه‌ڵك به مه‌سڵه‌حه‌تی خه‌ڵك، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌فه‌ریقا و له‌جه‌نگه‌ڵه‌كاندا ده‌ژین، ده‌زانن گه‌رما چیه و سه‌رما چیه‌و باشه چیه و خراپه چیه و نه‌خۆشی چیه و ساغی و سه‌لامه‌تی چیه، ئه‌وانه‌ی كه‌وا بیرده‌كه‌نه‌وه، بۆچی ده‌چن تازه‌ترین كۆمپیوته‌ر له دنیاوه ئه‌هێنن و به‌كاریده‌هێنن، تازه‌ترین ئۆتۆمبێل و جوانترین ئۆتۆمبێلی دنیا ئه‌هێنن به‌كاریئه‌هێنن، ئه‌ڕۆن به حسابی خۆیان تازه‌ترین سیسته‌می په‌روه‌رده ده‌هێنن و لێره به‌كاریده‌هێنن، تازه‌ترین سیسته‌می ته‌ندروستی و باشترین ده‌زگای ته‌ندروستی ده‌هێنن بۆ خه‌سته‌خانه‌كانی ئێره، عه‌قڵی كورد له‌و مسته‌وایه‌دابێت، بتوانێت تازه‌ترین سیسته‌می په‌روه‌رده جێبه‌جێبكات و تازه‌ترین سیسته‌می ته‌ندروستی جێبه‌جێبكات، تازه‌ترین كۆمپیوته‌رو تازه‌ترین ڤیدیۆ‌و تازه‌ترین ته‌له‌فزیۆن و تازه‌ترین ئۆتۆمبێل به‌كاربهێنێت، بێگومان ده‌توانێت تازه‌ترین سیسته‌می سیاسیش له وڵاته‌كه‌ی خۆیدا دابمه‌زرێنێت، پێموایه ئه‌و سوكایه‌تییه به گه‌له‌كه‌ی ئێمه، گه‌له‌كه‌ی ئێمه باش په‌روه‌رده كراوه، ئێمه به‌ره‌وژوری سه‌د هه‌زار مامۆستامان هه‌یه، ده‌یان هه‌زار دكتۆر‌و موهه‌ندیس و محامی و حاكم و قانونی و بزنسمانی باشمان هه‌یه، خه‌ڵكی تێگه‌یشتو عاقڵمان هه‌یه، میلته‌كه‌مان گه‌یشتۆته پله‌یه‌كی وا كه به‌ڕاستی، ده‌توانێت سیسته‌مێكی دیموكراتی زۆر باشی هه‌بێت، ئه‌وانه‌ی كه‌پێیان وایه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فكره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حیزبه شمولیه‌كان، عاده‌ته‌ن حیزبه شمولیه‌كان پێیانوایه میله‌ت نه‌زانه، میلله‌ت گه‌وجه، پێیانوایه میله‌ت پێویستی به حیزبی پێشڕه‌وه، له حیزبی پێشڕه‌ویشدا پێویستی به‌سه‌ركردایه‌تییه، له‌سه‌ركردایه‌تیشدا پێویستی به مه‌كته‌بی سیاسیه، له‌مه‌كته‌بی سیاسیش‌دا پێویستی به‌سه‌ر‌كرده‌یه‌كه كه رێگه‌یان نیشانبدات، ئه‌م سوكایه‌تی كردنه به عه‌قڵی خه‌ڵك، ژێرخانه‌كه‌ی بریتیه له ئایدۆلۆجیه‌تی حیزبی شمولی، ئه‌گینا میله‌ته‌كه‌ی ئێمه وه‌كو میله‌ته‌كانی دنیا، وه‌كو باسمكرد ده‌توانێت تازه‌ترین مۆدێلی حوكمڕانی بێنێت و لێره جێبه‌جێی بكات، پێویستمان به‌وه نیه له نوكه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین.
KNN: هه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چاكسازی نا، له‌سه‌ر دیموكراسیه‌تیش بۆچونێك هه‌یه كه دیموكراسیه‌تیش له‌هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌سازی ده‌وێت، ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا ده‌ڵێت ئێمه له قۆناغی راگوزه‌رو گواستنه‌وه‌داین، له بنچینه‌وه ده‌ستپێده‌كات، یان ده‌وتریێت له باخچه‌ی ساوایانه‌وه ده‌ستپێده‌كات نه‌ك له په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی تر؟ ئه‌م بۆچونه‌ش هه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه ئه‌وانه‌ن كه ده‌یانه‌وێت هه‌تا هه‌تایه خۆیان و كوڕ‌و كوڕه‌زاكانیان حوكمی ئه‌م وڵاته بكه‌ن.
KNN: له‌كاتێكدا كه باست له‌وه‌كرد، داوای چاكسازی ریشه‌یی بكه‌ن، هه‌ر به‌رده‌وامیش داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆچونێك هه‌یه كه ئێستا جۆرێك له ئاسایی بونه‌وه له په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئێوه‌و حیزبه فه‌رمانڕه‌واكاندا هه‌یه، ئایا ئه‌مه به جۆرێك له جۆره‌كان داكشان نیه له‌داواكاری جدی چاكسازی ریشه‌یی له هه‌رێمی كوردستان، یاخود دۆخه‌كه ئاساییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: تۆ بیستوته ئێمه ده‌ستمان هه‌ڵگرتبێت له هیچ یه‌كێك له خواسته سه‌ره‌كیه‌كانی خۆمان، هیچ هه‌ستت به‌وه‌كردوه؟
KNN: من نه‌مبیستوه، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌مه پرسیاری خه‌ڵك بێت، كاتێك ئێوه له‌ماوه‌ی رابردودا له‌ناكۆكیه‌كی توندترا بون، ئێستا دۆخه‌كه تاڕاده‌یه‌ك ئاساییتره؟ پرسیاره‌كه بابه دیوێكی تردا بكه‌م، كێ به‌رپرس بوه له‌و ناكۆكیه‌ی كه له‌رابردودا هه‌بوه، ئێستا بۆ دۆخه‌كه ئاساییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه زۆرمان پێباشه كه دۆخه‌كه ئاسایی بێت، ئارامی و ئاسایش هه‌بێت، دیموكراتیزه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ژینگه‌یه‌كی ئارام‌دا چاكتر ده‌كرێت، وه‌ك له ژینگه‌یه‌كی ناكۆكدا، ئێمه ئه‌و لایه نه‌بوین كه ته‌شه‌نوجمان دروستكردوه، ئێمه حه‌بس خانه‌مان نه‌بوه، كه‌س حه‌بس بكه‌ین، ئاسایشمان نیه كه‌س بگرین، دایره‌مان به‌ده‌سته‌وه نیه نانی خه‌ڵك ببڕین و كه‌س ده‌ربكه‌ین، ته‌شه‌نوج به‌و شتانه دروست ده‌بێت، ئه‌وان، لاكه‌ی تر خه‌ڵكی گرتوه، نانی خه‌ڵكی بڕیوه ده‌ریكردوه، سه‌ری زه‌لامی شكاندوه، قاچی زه‌لامی شكاندوه، زه‌لامی سجنكردوه، خه‌ڵكی رفاندوه، ئه‌وه ته‌شه‌نوجی دروستكردوه، كه ئه‌وه نه‌ماوه، ئێمه پێمانخۆشه ئێستا به‌ره‌و هێمنی و به‌ره‌و ئاسایش ده‌ڕۆین.
KNN: بۆچونێك هه‌یه، باسی به‌شداریكردنی ئۆپۆزسیۆن ده‌کات له‌كابینه‌ی حه‌وتدا؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه به‌لامانه‌وه‌و گرنگ نیه ئه‌شخاس بگۆڕدرێت، به‌لامانه‌وه گرنگ نیه، كێ دێت، كێ ده‌ڕوات، كێ ئه‌بێت به سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كێ ئه‌بێـت به وه‌زیر، موشكیله‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌شخاسدا نییه، موشكیله‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردن و سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌دایه، له‌به‌رئه‌وه زۆر به‌لامانه‌وه گرنگ نیه، كێ ده‌بێـت به حكومه‌ت، ئێمه شه‌ش پاكێجمان ته‌سلیمكردوه، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین بزانین كێ ئاماده‌یه، ئه‌و پاكیجانه یان به‌شێك له‌و پاكێجانه، یان له‌و پاكێجانه باشتر جێبه‌جێبكات، ئه‌وه‌مان به‌لاوه گرنگه.
KNN: با له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پرسیار بكه‌م ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆخه‌ی كورد تێیدا ده‌ژی له باكوری كوردستان، ئه‌و دۆخه‌ی كورد تیایدا ده‌ژی له خۆرئاوای كوردستان، رات سه‌باره‌ت به خه‌باتی كورد له باكوری كوردستان چییه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له باكوری كوردستان، له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی توركیا دروستبوه، ده‌وڵه‌تی توركیا ئینكاری بونی نه‌ته‌وه‌ی كوردی كردوه، به‌درێژایی حه‌فتا هه‌شتا ساڵی رابردو رێگه‌ی سه‌ركوتكردن و رێگه‌ی ئه‌منی گرتۆته‌به‌ر، حه‌لی عه‌سكه‌ری، هه‌روه‌ختێك له شوێنێكدا جوڵانه‌وه‌یه‌ك بوبێت شتێك بوبێت له‌شكركێشیان كردوه بۆ سه‌ریان و خه‌ڵكیان كوشتوه‌و قه‌تڵوعامی خه‌ڵكیان كردوه‌و جینۆسایدیان كردوه، ئێستا به ته‌جروبه خه‌ریكه بۆ ئه‌وانیش ده‌ره‌كه‌وێت كه رێگه‌ی چاره‌سه‌ری عه‌سكه‌ری و ئه‌منی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ناكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌كات له كوردستانی توركیا‌و له‌ناو توركیا ئه‌وه‌یه كه ئیعتیراف به هه‌ویه‌ی قه‌ومی نه‌ته‌وه‌ی كورد بكرێت له توركیا، مافه‌كانی كورد ده‌سته‌به‌ر بكرێت، ته‌نیا به‌و رێگه‌یه چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌گینا به‌وه‌ی جه‌یشی توركی هه‌موشی بێنن، كیمیاوی به‌كاربێنن، ئاخریه‌كه‌ی ده‌بێت دان به‌بونی كورد‌و مافه‌كانیدا بنێن و له‌و رێگه‌یه‌وه چاره‌سه‌ری ده‌کرێت.
به‌نیسبه‌ت سوریاشه‌وه، ئێمه پێمانوایه ئه‌و رژێمه‌ی ئێستا له سوریا هه‌یه، شه‌بیهی رژێمی به‌عسی عێراقیه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م رژێمه بروخێت، هه‌رچی رژێمێك بێته‌جێگای ره‌نگه له‌مه خراپتر بێت، به‌ڵام قه‌ت له‌مه خه‌ته‌رتر نابێت، بۆ كورد هه‌رچی رژێمێكی تازه له سوریا بێته سه‌ركار، له‌و رژێمه‌ی ئێستا خراپتر نابێت، له‌به‌رئه‌وه گۆڕان و روخانی رژێمی به‌عس له سوریا پێموایه به قازانجی نه‌ك هه‌ر كوردی سوریا، به قازانجی هه‌مو نه‌ته‌وه‌ی كورده.
KNN: دور له سیاسه‌ت بیستومانه كه به‌م نزیكانه كتێبێك چاپ ده‌كه‌ی به‌ناوی (به‌ده‌م رێگاوه گوڵ‌چنین) ده‌كرێت له‌وباره‌یه‌وه كه‌مێك قسه‌مان بۆ بكه‌یت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: به‌ڵێ، هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی به‌م باسه‌وه نیه، خۆت ده‌زانیت له‌ژیانمدا هه‌ر خه‌ریكی كاری سیاسی بوم، له‌به‌ر كاری سیاسی نه‌م په‌رژاوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه ره‌نگه به‌ئاره‌زوی خۆم بوایه رێگایه‌كی ترم هه‌ڵبژاردایه، ئه‌وكاتانه كه‌وتبمه ژێر زه‌ختێكه‌وه، یاخود ده‌ستم به‌تاڵ بوبێت، خه‌ڵك هیوایه‌تی تری هه‌یه، هی واهه‌یه هیوایه‌ته‌كه‌ی راوه، هی واهه‌یه هیواته‌كه‌ی مه‌له‌كردنه هی واهه‌یه هیوایه‌ته‌كه‌ی كۆڕ‌و دانیشتنه، من ئه‌وكاتانه كه بوارم بوبێت خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی شتی ئه‌ده‌بی بوم، له‌مناڵی و هه‌رزه‌كاریمه‌وه دیوانی شاعیره‌كانمان هه‌بوه زۆرم حه‌ز لێبوه، هه‌مو كاتێک كه فرسه‌تێكم هه‌بوبێت خۆم به‌وه‌وه مه‌شغوڵ كردوه ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه، ره‌نگه په‌یوه‌ندی زۆر كه‌می به سیاسه‌ته‌وه هه‌بێت.
KNN: ئه‌گه‌ر بكرێت به كورتی ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بدوێیت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی چه‌ند به‌شێكه، له‌به‌شێكیاندا هه‌وڵمداوه ئه‌و له‌خۆ بێگانه‌بونه‌ی كه كورد، هه‌م له مێژوی ناوچه‌كه‌و هه‌م له جوگرافیای ناوچه‌كه كورد خۆی به‌بێگانه ده‌زانێت، ئه‌مه ده‌ره‌نجامی ئه‌و داگیركراوی و ده‌ستبه‌سه‌ركراویه دورو درێژه‌یه كه كورد به‌سه‌ریهاتوه له‌ماوه‌ی رابردودا هه‌وڵمداوه ئه‌مه رونبكه‌مه‌وه كه ئێمه له‌م وڵاته‌دا خاوه‌نی ئه‌رزه‌كه‌ین، خاوه‌نی شاخ و داخه‌كه‌ین، خاوه‌نی شوێنه‌واره‌كانین، هه‌وڵمداوه به‌شێك له ئه‌ده‌بی میسۆپۆتامیا بهێنمه سه‌ر زمانی كوردی، له‌به‌شێكی تری‌دا من زۆر بایه‌خم به مێژوی میله‌ته‌كه‌م داوه، به‌شێك له مێژوی میلله‌ته‌كه‌م مێژوی ئه‌ده‌بیه، پێموایه سێ مه‌دره‌سه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی هه‌بوه، مه‌دره‌سه‌ی ئه‌ده‌بی كرمانجی سه‌رو كه مه‌لای جزیری و ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای باتێ و... بون، مه‌دره‌سه‌ی ئه‌ده‌بی گۆران كه خانای قوبادی و بێسارانی و میرزا ئه‌ڵماس خان و... بون، مه‌دره‌سه‌ی ئه‌ده‌بی بابان، باسه‌که له‌سه‌رئه‌ویه .