"ئاواتى گشتیم ئەوە بوە کە گەلەکەم رزگاربێ و ئازادبێ"

22/12/2021

دیمانە

لە ساڵیادى لەدایکبونى نەوشیروان مستەفا ئەمین، روناکبیر و سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد، سایتى (گۆڕان) ئەم چەند دێرە لەسەر ژیانی بڵاو دەکاتەوە کە لە دەنگێکی تۆمار کراوی خۆیەوە، وەرگیراوە.
“من ناوم نەوشیروانە، کوڕی مستەفای ئەمینی مەلا خدرم. 22ی 12ی 1944 لە شیوی قازی بەرخانەقا، لە گەڕەکی سەرشەقام لە دایک بوم".
هاوسەرەکەم ناوی شوعلەی عەلی سەعیدە.
سێ مناڵم هەیە. یەکەمیان کوڕە، ناوی نمایە. نمایە یەکێکە لەو ناوانەی کاتی خۆی لە خەباتی نهێنی‌دا بەکارم ئەهێنا. چونکە کورتکراوەی ناوی خۆم و باوکم و باپیرمە. دو مناڵی ترم هەیە، کە بە سکێ لە دایک بون. کچێک و کوڕێکن. کوڕەکەیان ناوی چیایە، کچەکەیان ناوی چرایە. کوڕی یەکەمم ساڵی 1984 لە دایک بوە، دو مناڵەکەی تریش ساڵی 1986 لە دایک بون.

پلەی خوێندنم، لە سلێمانی وەختی خۆی سانەویم تەواو کردوە. دواتر لە جامیعەی بەغا علومی سیاسیم خوێندوە. پاشان رۆیشتوم بۆ جامیعەی ڤییەنا عیلاقاتی دوەلیم خوێندەوە.

من پێشەنگەکانی نوسینی کوردیم زۆر بەلاوە گرنگە. لەناو ئەوانەدا مەسەلەن: نوسینەکانی پیرەمێرد زۆر کاری تێ کردوم. جگە لە پیرەمێرد، نوسینەکانی ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، شێخ محەمەدی خاڵ و عەلادین سوجادی، کە ئەتوانین بڵێین، ئەوانە پێشەنگی نوسینی کوردین، لەلای من ئەوانە زۆر بە نرخن و کاریان تێ کردوم.

زۆر حەزم لە دەنگی سێوەیە. حەزم لە دەنگی تایەر تۆفیقە، حەزم لە دەنگی حەسەن زیرەکە، لە هی عەلی مەردانە، لە هی محەمەدی ماملێ‌یە.
لەم گەنجانەشا کۆمەڵێکیان هەیە، کە بە راستی دەنگیان خۆشە و گۆرانی‌یەکانیان خۆشە. مەسەلەن لەوانە: بەهجەت یەحیا بێجگە لەوەی دەنگی خۆشە، کەلیماتی جوان‌یش هەڵ ئەبژێڕێ. دانا غەنی. بەداخەوە ئەوانە هیچیان لێرە نین. مەسەلەن سەید ئەحمەدی بەرزنجی، ئەوەی لە سویدە. ئەمانە هەم شیعری جوان هەڵ ئەبژێرن، هەم دەنگ‌یشیان خۆشە و ئاوازەکانیشیان خۆشە.

ئاواتی گشتیم ئەوە بوە، کە گەلەکەم رزگار بێ و ئازاد بێ و لە وڵاتەکەی خۆی‌دا خۆی چارەنوسی خۆی دیاریی بکا. بۆ خۆشبەختی من چەند جاری تریش وتومە، رەنگە ئەم جیلەی ئێمە یان ئەم نەسلەی ئێمە لە چاو هەمو جیلەکانی پێش خۆمانا لە هەمویان بەختیارترین”.


هەواڵی زیاتر