رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە سەقامگیری بۆ بازاڕ بگەڕێتەوە و دۆخی موچە باش بکرێت

04/04/2021

هەواڵ و چالاکی

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێکی تیمەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی چاکسازی و نەمانی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەبێت، لە بارەی ھەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەکەش دەڵێت: هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت، ئەوەش دەبێتە هۆی نوێبونەوەی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان.

عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ھەڵسوڕاوان و دەستەی رایەڵە و بازنەکانی ئەنجومەنی قەزای شارباژێری بزوتنەوەی گۆڕان کە ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی تێیدا بەشداربون، باسی لە دۆخی سیاسی عێراق و هەرێم و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دۆخی رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان کرد.  

لە بەشێکی قسەکانیدا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، رایگەیاند: دوای پەسەندکردنی بودجەی فیدڕاڵی عێراق پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە و دابەشکردنی لە وادەی خۆیدا، ئەوەش بە ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی قاچاخچییەتی لە خاڵە سنورییەکان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت دەبێت.

وتیشی: وەک بزوتنەوەی گۆڕان هەموو هەوڵێکی تیمەکانمان لە حکومەت و پەرلەمان بە ئاڕاستەی چاکسازی دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، پێویستە هەڵسوڕاوانی قەزای شارباژێڕ بەشداری کارایان لەسەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەوڵی سەرکەوتنی بزوتنەوەکەیان بدەن لە هەڵبژاردنەکەدا.

هاوکات، عومەر سەید عەلی، باسی لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان کرد و وتی: "هەموو هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کۆنفڕانسی نیشتیمانی ببەسترێت و ئەوەش دەبێتە هۆی نوێبونەوە و رێکخستنەوە و پێداچونەوەی هەیکەلی بزوتنەوەی گۆڕان."


هەواڵی زیاتر