رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان: پشتیوانی پڕۆژەی هاوبەشی هێزە سیاسیەکان دەکەین بۆ رێگریکردن لە دروستبونی شەڕی ناوخۆ

17/06/2021

هەواڵ و چالاکی

رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ نوێنەری رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە ماف و ئازادییەکان کۆبوە و رایگەیاند، پشتیوانی پڕۆژەیەکی هاوبەشی هەمو هێزە سیاسیەکان دەکەین بۆڕێگریکردن لەدروستبونی شەڕی ناوخۆ و پشتیوانیکردن لەڕێگەی ئاشتیانە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە (17/6/2021) نوێنەری رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لەماف و ئازادییەکان و بەشێک لە ئەندامانی ھاوپەیمانیەکە سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی، ئەندامانی خانە، جڤاتی نیشتیمانی و ژوری پەیوەندی سیاسی بزوتنەوەکە کۆبوە و لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمەوە گفتوگۆ کرا.
 
لە کۆبونەوەکەدا عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بەرنامەی بزوتنەوەکە ئاشتی و ئاشتەواییە لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی ئازادی و دیموکراسییە، دژی هەمو جۆرە شەڕ و شەڕەنگێزی و شەڕی کورد و کوردین، ئەو بەرهەمەی ئێستا هەیە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفالکراو و کیمیابارانکردنی خەڵكە.
 
وتیشی: پێشوازی لە هەمو هەوڵ و پڕۆسەیەک دەکەن کە ئاشتی و ئارامی تێێدا بەرقەرار بێت.

وه‌فده‌كه‌ی رێکخراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە ماف و ئازادییەکان له‌ نوێنه‌رانی‌ 40 وڵات كه‌ نوێنه‌رنی‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ده‌كه‌ن پێكهاتبون و ژماره‌یان 15 كه‌س بو، هاوكات هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان به‌رز نرخاند.


هەواڵی زیاتر