بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆبونەوە .. وتەبێژى گۆڕان ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە ئاشکرا دەکات

23/01/2023

هەواڵ و چالاکی

شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کۆبونەوە و وتەبێژى گۆڕانیش رایدەگەیەنێت؛ لە کۆبونەوەکەدا هەمو ئەو پرسە هەنوکەیی و ئاڵنگارییانە تاوتوێکران کە پەیوەندى بە ژیانى هاوڵاتیان و دۆخى سیاسیی هەرێمى کوردستان و ناوچەکە و پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا هەیە.

ئەمڕۆ دوشەممە (23/1/2023)، شاندێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ جەلال تاڵەبانى سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلى و ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانیەوە پێشوازیان لێکرا.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ هەمو ئەو پرسە هەنوکەییانە تاوتوێکرانن کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و دۆخى سیاسى و ئیدارى و قانونى هەرێمى کوردستان و میکانیزمى پەیوەندییەکانى حکومەتى هەرێمى کوسدتان و حکومەتى عێراقى ئیتیحادى و ئەو دۆخە سیاسییەشەوە هەیە کە لە ناوچەکە دەگوزەرێت، لەگەڵ ئەو ئاڵنگاریانەى روبەڕوى نەتەوە و میلەتەکەمان دەبێتەوە.

ئاشکراشى کرد کە؛ پەیامى ئێمە ئەوەیە هەرێمى کوردستان پێویستى بە یەکگرتوتى و یەکدەنى هەمو لایەنە سیاسیەکانە بە لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە و هەمومان بەرپرسیارێتى هاوبەشمان لەسەرشانە بۆ وەڵامدانەوەى پێداویستى و داواکارییەکانى خەڵکى کوردستان لە پێشیانەوە باشکردنى پەیوەندییەکانى یەکێتى و پارتى، "چونکە ئێمە سێ لایەنین کە حکومەتمان پێکهێناوە بەهۆى خراپى پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتیەوە کێشە بۆ کاروبارەکانى حکومەتیش دروستبوە".

هەروەک ئەوەى خستەڕو کە لە ئایندەیەکى نزیکدا یەکێتى و پارتى کۆدەبنەوە و "ئەوەى ئێمەش پێمان بکرێت وەک بزوتنەوەى گۆڕان بۆ باشکردنى پەیوەندى نێوانیان ئەنجامى دەدەین، چونکە ویستمان سەقامگیربونى دۆخى هەرێمى کوردستانە".


هەواڵی زیاتر