دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبونەوەی گۆڕان و پارتی

16/01/2019

هەواڵ و چالاکی

کۆبونەوەى شاندى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆتایى هات و تێیدا بڕیاردراوە بە پێکهێنانى دو لیژنە، (سبەی) دەقی راگەیەندراوی هاوبەشی هەردولا بڵاو دەکاتەوە.

نیوەڕۆى سێشەممە، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە شاری سلێمانی و کۆبونەوە.


هەردولا بڕیاریان داوە دو لیژنە پێکبهێندرێت کە تایبەت دەبن بە دیاریکردنى کارنامەى حکومەت و پێوەرەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێ.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌؛ 
بەلاغی كۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان

لە درێژەی بەڕێوەچونی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌و خێراتركردنی گفتوگۆكان لەسەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم ‌و پێكهاتەكەی، رۆژی (15)ی(1)ی (2019)، شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوه‌. 

كۆبونەوەكە لە كەشێكی بەرپرسیارانە‌ و بە گیانی كاری هاوبەش ‌و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو ‌و وەك، هەردولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچو.

هەردولا، كۆكبون لەسەر بونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربوەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوە هەردولا دو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر كارنامەی حكومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت.
 
هەردولا جەختیان كردەوە لەوەی، دەبێت پەلە بكرێت ‌و چیدی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ‌و رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران دوا نەخرێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
پارتی دیموكراتی كوردستان


هەواڵی زیاتر