ئاراس وەلی: هەوڵ و ئامانجی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵکە لەرێگەی‌ ئەنجامدانی‌ چاکسازییەوە

06/07/2020

ئەندامێکی جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت: لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ پارتی‌ و یەکێتی‌ بەراشکاوی‌ باسی‌ خراپی‌ دۆخی‌ خەڵک و گەندەڵی‌ و بەهەدەردانمان کردوە لە پرسی‌ نەوت و خاڵە سنوریەکان و سیاسەتی‌ (29) ساڵی‌ رابردو، بە راشکاوی‌ پێیان وتراوە کە دەبێت تەحەمولی‌ بەرپرسیارێتییەکەی‌ بکەن، چونکە خەڵک هەیە لە (10) ساڵدا لە هیچەوە بوە بە ملیۆنەر.

ئاراس وەلی‌، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، دەڵێت: هەوڵ و ئامانجی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵکە لەرێگەی‌ ئەنجامدانی‌ چاکسازییەوە، دەشڵێت:"نزیکەی‌ زیاتر لە (85%) هەمو گفتوگۆکانمان بۆ پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نۆی‌ حکومەت لەسەر مەسەلەی‌ باشکردنی‌ گوزەرانی‌ خەڵک و چاکسازی‌ بنەڕەتی‌ بو لە هەمو جومگەکانی‌ حکومڕانی‌".

ئاراس وەلی‌، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی‌)دەڵێت:"ئێمە چوینەتە حکومەتەوە دەمانەوێت ئەو بنەما و تێگەیشتنانەی‌ هەمانە بۆ حوکمڕانی‌ تاقی‌ بکەینەوە بە هاوکاری‌ هێزەکانی‌ دیکەیش تەنانەت هێزەکانی‌ دەرەوەی‌ حکومەتیش کەشێک دروست بکەین لە کوردستاندا کەشی‌ یەکتر قبوڵکردن و لە یەکتری‌ تێگەیشتن بێت کە هاوڵاتی‌ لێی‌ سودمەند بێت، ئێمە نەچوینە حکومەت بۆئەوەی‌ قوتی‌ خەڵک ببڕدرێت، بەڵکو بۆئەوە چوینەتە حکومەت قوت و گوزەرانی‌ خەڵک چاک بکەین، بەڵام ئیستا بارودۆخیکی‌ تایبەت هاتوەتە پێشەوە و پێویستە فشار بکرێت لەو حیزبانە بە تایبەتی‌ پارتی‌ و یەکێتی‌ کە دەسەڵاتێکی‌ گەورە و رەهایان هەیە بەسەر سنورەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە لە گومرگ کە کۆمپانیای‌ زۆر گەورە و زەبەلاحیان هەیە کە داهاتێکی‌ زۆر زۆریان هەیە و لە سایەی‌ ئەواندا چەندان ملیاردێر و سەرمایەداری‌ گەورە دروست بون، ئەبێت حکومەت لێپێچینەوە لەمە بکات".

جەختیش دەکاتەوە لەوەی‌ وەک بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە روی‌ تیۆرییەوە زۆر کاری‌ گرنگیان کردوە لە گۆڕینی‌ ململانێی‌ سیاسی لە شەڕە تەقە و یەکتر کوشتن و بارەگا داگیرکردنەوە بۆ ململانێ لەناو پەرلەمان و هۆشیارکردنەوەی‌ خەڵک بەوەی‌ بێدەنگ نەبن بەرامبەر ناعەدالەتی‌ و ناشەفافیەت و گەندەڵی‌ و دەشڵێت:"ئێمە هێزێکین شتیکمان نییە کە شاردبێتمانەوە، ئێمە دەڵێین داهاتوی‌ ئەم وڵاتە بۆ ئەوەی‌ نەگەڕێینەوە بۆ ساڵانی‌ حەفتاکان و بۆ ئەوەی‌ بەرەو پێشتر و باشتر بڕۆین پێویستە شەفافانە کار بکەین و حیزب وەسیلەیە لەپێناو خزمەتکردنی‌ خەڵکدا، ئەو داواکارییانەی‌ هەمانە هیچ سودیکی‌ تایبەتی‌ بۆ بزوتنەوەکە نییە و لە پێناو خەڵکدایە، بەڵام زەرەر دەدات لە دەیان گروپ و خەڵک و ئەوەشە ناهێڵێت چاکسازی‌ بچێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە".



هەواڵی زیاتر