یەکێتی نیشتمانیی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات

25/07/2026

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، جەخت لە پێویستیی یەکڕیزی و یەکخستنی هەوڵەکان دەکاتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە حوکمڕانی و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان.

لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی سەرکردایەتی، جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان کراوە، یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی گرژی و ململانێکانەوە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەربۆیە ڕایدەگەیەنێت: "لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکخستنی هەوڵەکانمانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی حوکمڕانی لە هەرێم."


لە کۆتایی پەیامەکەشدا، یەکێتی داوا دەکات داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بە جۆرێک بێت کە لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت لە هێزە سیاسییەکانی وڵات.

دەقى پەیامەکە:

بەڕێزان سەرکردایەتی و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
هەڵسوڕاوانی بەڕێزی بزوتنەوەی گۆڕان
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین

لەم بۆنەیەدا کە ناوچەکە و هەرێمەکەمان بەهۆی تاوسەندنی شەڕ و گرژییەکانەوە لە بارودۆخێکی هەستیاردایە، لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕیزی و یەکخستنی هەوڵەکانمانە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی حوکمڕانی لە هەرێم و داکۆکیکردنی بەرپرسانە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بەجۆرێکی وا لە ئاست خواست و چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت لە هێزە سیاسییەکانی وڵات.

جارێکی تر پیرۆزە و سەرکەتووبن

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 


هەواڵی زیاتر