پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات
25/07/2026
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ١٧یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، جەخت لە گرنگیی یەکڕیزی و هەماهەنگیی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان.
لە پەیامەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە (٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادیران و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، هەروەها ڕۆڵ و پێگەی بزووتنەوەکەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بەرز نرخاندووە.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە: "جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزی، تەبایی و هەماهەنگیی نێوانمان و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە پارێزگاری لە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بکەین و تەواوی مافە دەستوورییەکانمان بەدەست بهێنین." داواش دەکات، ئەندامانی بزووتنەوەکە لە خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییدا لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلدا بەردەوام بن.
دەقی برووسکەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان:
لە یادی حەڤدەیەمین ساڵەی ڕاگەیاندن و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا، گەرمترین پیرۆزباییی خۆمان ئاراستەی بزووتنەوەکە و سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگرانی دەکەین و، ئومێدەوارین لە خەباتی مەدەنی و ڕیکخراوەییدا لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەردەوام بن.
لەم یادەدا، پێگە و ڕۆڵی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین.
لە هەمان کاتدا، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزی، تەبایی و هەماهەنگیی نێوانمان و تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەینەوە، بۆ ئەوەی پێکەوە پارێزگاری لە دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان بکەین و، تەواوی مافە دەستوورییەکانمان بەدەست بهێنین.
جارێکی دیکە ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆز دەکەین، هیوادارین هەمیشە سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢٥ـی تەمموزی ٢٠٢٦