ژوری پەیجوری و باژێڕوانەکانی گۆڕان راپۆرتێک لەبارەی گوزەرانی هاوڵاتیان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی دەکەن

08/07/2020

ئەمڕۆ چوراشەممە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٠، لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆبونەوەی سەرجەم باژێڕوانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ژیان و گوزەران و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان کرا و بە راپۆرتێکی ورد دەدرێتە جڤاتی نیشتیمانی بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و حکومەت کاریان لەسەر بکەن.

ئاسۆ ڕەحیم، رێکخەری ژوری پەیجوری و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: مانگانە سەرجەم ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆیان دەکەن سەبارەت بە دۆخی گشتی و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان و کاروباری ناوخۆیی، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ماوەی چەند مانگێکە ئەو کۆبونەوانە نەکراون، ئێستا دەستیان پێکراوەتەوە.

وتیشی "لە کۆبونەوەی باژێڕوانەکاندا، بە راپۆرتێکی ورد کارو چالاکیی هەمو قەزاکان و کێشە و گرفتەکانیان دەخرێنەڕوو".

ئاسۆ ڕەحیم، ئەوەشی خستەڕوو "کۆبونەوەی ئەمجارە گرنگی خۆی هەیە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بە بەرنامەیەکی وردەوە بەشداربوە لە کابینەی نوێی حکومەت، پێشتر دیاری کرابوو چۆن بەشداربین، شەش مانگی یەکەم چۆن بێت و شەش مانگی دووەم چۆن بێت، ئێستا ئەو کاتە تێپەڕیەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەین کە چی کراوە و چی نەکراوە، ئەوەی خواستی خەڵک بو جێبەجێکراوە ئەوەی ئێمە بۆی چوین جێبەجێکراوە؟ یان هەر وەک خۆیەتی".

لای خۆشییەوە نزار مەحمود، باژێڕوانی هەڵەبجەی بزوتنەوەی گۆڕان، بە سایتی گۆڕان-ی راگەیاند: ئەمڕۆ نوێنەری قەزاکان کە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانن، کێشە و گرفت و داواکاری خەڵکی ناوچەکانیان گەیاندە ژوری پەیجوریی و بەشێک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بەمەبەستی ئەوەی لە رێگەی تیمی حکومەت و فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کاریان لەسەر بکرێت.

وتیشی "ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشداریکردنی لە کابینەی نۆیەمی حکومەت جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازیی و نەهێشتنی قۆرخکارییە".

رێکخەری ژوری پەیجوری گۆڕان, باسی لەوەشکرد "باژێڕوانەکان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ خەڵک هەیە، نوێنەرایەتی هەر (30) قەزاکەی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەم کۆبونەوەیەدا لە رێگەی راپۆرتەکانی ئەوانەوە دەزانین کێشە و گرفتەکانی خەڵک چییە، سنوربەزاندن و هێرشەکانی تورکیا چۆنە، پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق چۆنە، لە روی خزمەتگوزاری و ژیانی خەڵکەوە دۆخەکە چۆنە، پێشنیازو کارکردنی ئێمە چییە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەنجومەنی قەزاکان هاوشێوەی پردێکە، ئەم ئۆرگانانە جەماوەر دەبەستنەوە بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە پێچەوانەشەوە، لە راپۆرتێکی ورد دا داواکاریی جەماوەر دەنێرێت بۆ جڤاتی نیشتمانی و دوای تاووتوێکردنی جڤاتی نیشتمانی کاریان لەبارەوە دەکات".


هەواڵی زیاتر