گۆران عومەر: دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر هەڕەشەی جدیدایە
16/07/2020
پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار تێدەپەڕێت و هاوڵاتی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لەو ناوچانە بونەتە قوربانی، بەتایبەتیش لەروی دیموگرافی و پەروەردەیی و تەندروستیی و زمانەوە کە زیانێکی زۆر بەر کورد و پێکهاتەکان کەوتوە.
گۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی) دەڵێت؛ سەردانی ناوچە سنورییەکانیان کردوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی تۆپباران کردنی خاکی کوردستان و بەزاندنی سنورەکان بن و راپۆرتیان لەوبارەیەوە ئامادەکردوە
سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گۆران عومەر دەڵێت: لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و چەند لیژنەیەکى لاوەکى، سەردانی مەیدانیمان بۆ سەرجەم ئەو ناوچانە کردوە، لە شەنگالەوە تا خانەقین و مەندەلی، لیژنەی لاوەکیمان پێکهێناوە و ئاگاداری رەوشی سەرجەم ناوچەکانیان لە نزیکەوە کە بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، کە جگە لە جموجۆڵى داعش و گروپە چەکداریەکان و چەند هێرشێک و سوتاندنى باخ و بەرهەمى جوتیاران، هاوڵاتیانى ئەو ناوچانە روبەڕوى گرفت و دۆخى ناهەموار بونەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژە بەوەش دەکات؛ ماوەی (10) رۆژە لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و چەند لیژنەیەکى لاوەکى سەرقاڵی بەدواداچونن بۆ تۆپبارانکردنی خاکی کوردستان و بەزاندنی سنورەکان، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخەکە بن و راپۆرت ئامادە بکەن و لە دانیشتنی پەرلەمان بیخەنەڕوو.