عەدنان عوسمان: ناکرێ بێدەنگ بین لە قاچاخی و قۆرخکاری سنورەکان ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە

08/08/2020

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پشتیوانی بانگەوازێکی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەکات، کەداوای هەڵوێستیکردبو لەسەر قۆرخکاری و قاچاخی خاڵە سنورییەکان.

عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی و وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ‏ئەمە زەنگێکی مەترسیداری گەورەیە. ئەمە سەرەتایەکە بۆ فەرهودێکی رێکخراوانەو ئاشکرایانەی داهاتی نیشتمان و برابەش کردنی لە نێوان دەسەڵاتداراندا. بەردەوامی ئەمەو چارەسەرنەکردنی، ئاماژەیە بۆ نەبونی ئیرادەو بونی پاڵپشت وپشتگیریش.بەهیچ شێوەیەک ناکرێ بێدەنگ بین. ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەیە.

نوسینەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان

بەڕێزان لە سەرۆکایەتی حکومەت

تکایە ئەم قاچاخی و تاڵانی و مافیا گەریە ڕابگرن

ئەمڕۆ لەگەڵ چەندین جوتیارو حەیواندار، کە ھەمویان تووشی زیانی گەورەبوون بەدواداچونمان کرد
بۆ ئەم قاچاخی و تاڵانیەی کە ھەیە.

ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت لە ١٩٩١ نەبوە.
بە ئاشکرا لە بازاڕدا نوسینگەی قاچاخی دانراوە ھەرچیت بوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەکەت لێوەردەگرن و بۆت داخڵدەکەن.
ئەمڕۆ بەرادێک خەیارو سێو و پیازو قۆخ بە ٤ ھەزار دۆلار داخڵدەکەن، ھێڵکە بە ١٢ ھەزار دۆلار، جگەرە بە نیوەی بەھای گومرگەکەی و ھەرچی دیکەشت ھەبێت بۆت داخڵدەکرێت.
ئێستا تەنیا لە قاچاخی جگەرە مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار دەبرێت!
ئێستا لە شەقامی سەھۆڵەکەو بازاڕی دۆلارەکە با ئاشکرا نوسینگەی قاچاخی دانراوە چیت بوێت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە لە باشماخ و پەروێزخانەوە بۆت داخڵدەکرێت.

بڕیار بەدەست لە خاڵی سنوری وەلیدو خاپور لەگەڵ ڕۆژئاوا چی بڕوات و بێت تەنیا کۆمپانیایەکە، لە سحێلاوە دوو سەر حەیوان بە ٣٥ ھەزار داخڵدەکەن. زیانیان بە سەدان مەڕداڕ گەیاندوە.
ھەرچەندە ئەم قاچاخی و قۆرخکاریە واجھەکەی چەند کەسێکە، بەڵام بە دڵنیایی لوتکەی دەسەڵاتی حیزبی و ئەمنی و حکومی لە پشتە ئەگەرنا ناکرێت.
من لە مانگی ١٢ ی پار ساڵەوە بەو پەڕی وردەکاریەوە چی لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان ڕودەدات، خستمە بەردەست جەنابتان، لەبری ئەوەی چاکبکرێت ئێستا زیادی کرد...
ئەو بێشەرمیەی ئەوڕۆ من لەدزی و قاچاخی بینیم، سەیر بوو!
لە بازاڕدا نوسینگە دابنێیت و بڵێیت چیت دەوێ بێ گومرگ و پشکنین بۆت داخڵدەکەین و بە بازگەکانیشدا تێیدەپەڕێنین.

فەرموون ئەوە ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم بەشێکن لەم قاچاخیە، بەیەک بڕیار ڕێگای لێدەگیرێت، لە ھەر سنورێک قاچاخی بکرێت، ئەو ھێزەی لەوێیە فەسڵی بکەن.
ئایا دەکرێت موچە خۆرێک ئەمە دۆخی موچەکەی بێت، بەڵام مانگانە بەرپرسان و دەڵاڵەکانیان لەسەر حسابی خەڵک مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاریان دەستبکەوێت.

تێبینی: قسەم لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کردو، دەڵێ: ئێمە ھێزمان نیە ڕێگری لەم مافیاکاریە بکەین، نوسراوم کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و زیانی گەورە بەر جوتیاران کەوتوە.

ھیوادارم لە زووترین کاتدا بە کردار ڕایبگرن...


هەواڵی زیاتر