فراکسیۆنى گۆڕان: لە حکومەت بین یان ئۆپۆزسیۆن کار بۆ چاککردنى ئەم دۆخە دەکەین
07/11/2018
فراکسیۆنى
گۆڕان شێوازى کارى لە خولى نوێى پەرلەمان و هەوڵدان بۆ دروستکردنى لێکتێگەیشتن ئاشکرا
دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ئەگەر بەشدارى حکومەت بکەین ئامانجمان ئەوەیە
ئەم قەیرانە چارەسەر بکەین، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بین بە هەمان رۆحیەتەوە کار بۆ
چاککردنى ئەم دۆخە دەکەین و بەرنامە وپلانى خۆمان دەبێت.
عەلى
حەمە ساڵح، بە ئامادەبونى ئەندامانى فراکسیۆنى گۆڕان لە خولى نوێى پەرلەمانى
کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە شێوازى کارى داهاتوى ئەندامانى
نوێى فراکسیۆنەکە کرد لە کارکردن لە لیژنەکانى پەرلەمان و بەدواداچون بۆ کارەکانى
حکومەت و گەندەڵى و سکاڵاى هاوڵاتیان و وتى: "پێویستە بودجە رەوانەى پەرلەمان
بکرێت و گفتوگۆى جدى لەسەر بکرێت".
ئاماژەى
بەوەشکرد؛ فراکسیۆنى گۆڕان کاردەکات بۆ چارەسەرى قەیرانى دارایى و بە دامەزراوەیى
کردنى کەرتى نەوت و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و دروستکردنى لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو
هێزانەى لە خەمى گشتیدان بۆئەوەى بەیەکەوە ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
لە وەڵامى
ئەوەى ئایا بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریى کابینەى نوێى حکومەت دەکات یان فراکسیۆنەکەیان
دەبنە ئۆپۆزسیۆن، عەلى حەمەساڵح وتى:"ئەگەر لە دەسەڵات بین ئامانجمان ئەوەیە
ئەم قەیرانە چارەسەر بکەین، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بین بە هەمان رۆحیەتەوە کار بۆ
چاککردنى ئەم دۆخە دەکەین و بەرنامە و پلانى خۆمان دەبێت، بەڵام لەبارەى ئەوەى
بەشداربین یان نا، گۆڕان کۆمەڵێک ئۆرگانى هەیە، یەکێکیان فراکسیۆنى گۆڕانە ئێمە
کۆبونەوە دەکەین و بۆچونى خۆمان پێشکەش دەکەین، لەناو بزوتنەوەکەشدا بە راپرسى و
راوێژ، راى ئۆرگانەکان وەردەگیرێت".
وتیشى:"ئەگەر
بڕیاردرا لە حکومەتدا بەشداربین ئەوا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانى دارایى و دژایەتى
گەندەڵى و بەدامەزراوەیى کردنى کەرتى نەوت و تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و جێبەجێکردنى بەرنامەکانمان،
پڕۆژەمان ئامادەیە ئەگەر بچینە دەسەڵات و حکومەت کارى لەسەر بکەین".