خولی پێنجەمی پەرلەمان لە بەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە

07/11/2018

رۆژی سێشەممە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچو، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا خولی پێنجەم دەتوانێت وەكو خولی پێشو بوێرانە نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵك بكات و دەستەمۆی حزب نەبێت لەگەڵ چەندین ئاڵنگاریی دیكە کە چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان لەم خولەیدا روبەڕوی ببێتەوە.

یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكیەكانی ژیانی دیموكراسیی و فرەیی، هەڵبژاردن و پەرلەمانە، لە هەرێمی كوردستانیش لەساڵی (1992)ەوە تا هەڵبژاردنی (2009)، پەرلەمان بونێكی روكەش و بۆ ماكیاژكردنی ئەو دیموكراسیە بو كە یەكێتی و پارتی پیشانی رای گشتی عیراقی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دەدا.

ساڵی (2009) دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، قۆناغێكی نوێ لە ژیانی دیموكراسیی و پەرلەمانیی لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.

روئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمان و ژیانی دیموكراسیی كەخۆی لەنوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی خەڵك و شەقام دەبینیەوە، لە نێو پەرلەمان و ژیانی پەرلەمانتاری گۆڕی و دانیشتنەكانی پەرلەمانی بە ئاراستەیەكی كاراو جیاوازتر لەخولەكانی پێشوی گۆڕی و داوای دەكرد پەرلەمان ببێتە مەرجەعی راستەقینەی بڕیاردان نەك حیزب.

بزوتنەوەی گۆڕان ئەو نەریتە سواو كۆنەی تێكشكاند كە دەبێت دەستەمۆكانی حیزب بچنە پەرلەمان. مۆدێلێكی نوێشی داهێنا كە پشتیوانیی لەگەنج كرد بچێتە پەرلەمان و بگاتە سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش.

گۆڕان پێی وابو دەبێت كاڵا بەباڵا وشەی گەنج لەبیركردنەوە و تەمەنیشدا خۆی لەژیانی پەرلەمانتاری ببینێتەوە و جەختیدەكردەوە لەسەر ئەوەی كە ركابەریی و ململانێی سیاسی حیزبەكان بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان و كۆتایی بەوە بێت لەسەر هەر بابەتێكی هەستیار لایەنەكان پەنا بۆ چەك و شەڕی برا كوژی بەرن.

هەروەك گۆڕان پێی وابو دەبێت پەرلەمان ژیان و داواكاریی خەڵك بەهەند وەربگرێت و هەوڵ بدات لەرێگەی پەسەندكردنی یاساكانەوە ژیانی سیاسی و حوكمڕانیی و دادوەریی و كارگێڕیی و كارو گوزەرانی خەڵك رێكبخات و دادوەریی بەدەست بێت، بۆ ئەمەش روبەروی چەندین ئاستەنگ بوەوەو چەندین قوربانیشی بۆدا.

گۆڕان داوای دەكرد پەرلەمان رۆڵی لێپرسینەوە و چاودێرییكردنی خۆی بەسەر حكومەت و جومگەكانی حوكمڕانیەوە ببینێت، هەروەها رەنگدانەوەی روئیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاری پەرلەمانی رونتر دەركەوت، كاتێك لە خولی چوارەمدا د. یوسف محەمەد، لە پشكی گۆڕان سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرت و لەماوەی كاركردنیدا وایكرد هەمو چاوەكان بچنە سەر پەرلەمان، كە وایكردبو پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی بەهێز دەربكەوێت و رۆڵ و پێگەی یاسایی و چاودێریی خۆی بۆ بگەڕێتەوە.

دواجار ملنەدان بۆ یەكێتی و پارتی و دەرچون لەسیناریۆ و شانۆگەرییەكانیان و درككردن بەوەی كەپەرلەمان لەژێر ركێفی ئەوان دەرچوەو بەدڵی ئەوان ناجوڵێتەوە وەك خولەكانی رابردو، خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان باجی ئازایەتی و هەڵوێست و نەچونە ژێربارو گوشاری دەسەڵاتیاندا.

خولی پێنجەم لەبەردەم چەند ئاڵنگارییەكدا دەبێت، گرنگترینیان گەڕانەوەی شكۆی شكاوە بۆ پەرلەمان، چونكە دەسەڵات بەویست و ئارەزوی خۆی دەرگای پەرلەمانی لەخولی چوارەمدا داخست. هەروەها دروستكردنەوەی متمانەیە لەنێوان خەڵك و پەرلەمان. پرسیارە سەرەكیەكەش ئەوەیە ئایا خولی پێنجەم دەتوانێت هاوشێوەی خولی چوارەم بوێرو بەهەڵوێست و سەكۆ و دەنگی خەڵك بێت. یان دەچێتەوە دۆخەكەی رابردوی و دەبێتە ئامرازو دەستەمۆی دەسەڵات.؟


هەواڵی زیاتر