جڤاتی گشتی بەدواداچون بۆ کارەکانی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت دەکات
22/08/2020
بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و بەدواداچون بۆ کارەکانی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 22\8\2020 ژمارەیەک
لە ئەندامانی جڤاتی گشتی لەگەڵ سەرۆکی تیمی بزوتنەوەکەو وەزیری
ئاوەدانکردنەوە کۆبونەوە.
پێشڕەو ڕەئوف سکرتێری جڤاتی گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان بە سایتی فەڕمی گۆڕانی ڕاگەیاند: مستەفای سەید قادر
سەرۆکی تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت باسی لە کارەکانی تیمەکەیانی کردوەو
ڕایگەیاندوە؛ سەرەڕای قەیرانەکان و خراپی
دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، پێداگرن لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەی
بزوتنەوەی گۆڕان و ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کودستاندا.
لای خۆیەوە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە
کۆبونەوەکەدا ئاماژەی بە کارەکانی وەزاەتەکەیداو ڕایگەیاند: لە ماوەی
ڕابردوداو سەرەڕای ئەو بارودۆخەی ھەبوە، توانیویانە کۆمەڵێک پرۆژەی
جۆراوجۆر ئەنجامبدەن، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان بو کە وەک
قۆناغی یەکەم زیاتر لە ٧٠ پرۆژە جێبەجێکراو بڕی زیاتر لە ٤٠ ملیار دیناری
بۆ تەرخانکرا. ھەروەھا لە بەرنامەی وەزارەتماندایە و ئامادەکاریمان کردوە
بۆ چەندین پرۆژەی تری دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکان و کارنەمەی
وەزارەتەکەش بە شێوازێک داڕێژراوە لە خزمەتی هاوڵاتیاندابێت.
سکرتێری جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: بەشدارانی کۆبونەوەکە جەختیان
لەسەر تێپەڕاندنی ئاڵەنگاریەکان کردوەتەوە بەمەبەتی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و
بەجێگەیاندنی داواکاریەکانیان.