ڕاسپاردە وتاری جڤاتی گشتی بۆ (دیداری گۆڕانخوازان)

20/09/2025

دەقی وتارەكە:

ئامادەبوانی بەڕێز ...
کەسایەتی و هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان
سڵاوی جڤاتی گشتیتان لێ بێت

لەسەرەتادا، بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەین و هیوادارین ئەم دیدارە فراوانە ببێتە وێستگەی خۆڕێكخستنەوە و خۆنوێکردنەوە و چالاککردنەوەی بزوتنەوەكەمان، وەك چۆن لە سەرەتای دروستبونیەوە لەسەر دەستی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) ئومێد و ژیانەوەی سیاسیی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا.

ئامادەبووانی بەڕێز ...
ئێمە ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەیە كە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕابردووە پرشنگدارە، بە بیر هەمووانی بێنینەوە، كە بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتوانی جەماوەری گۆڕانخوازان و خەڵكی ناڕازی لە كوردستان توانیان دەستكەوتی گەورە بە دیبێنن، بەتایبەت بۆ یەكەم جار توانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بێت و دەزگا و دامەزراوەكانی بخاتە خزمەت هۆشیارکردنەوەی خەڵك.

بەڕێزان ... خوشك و برایان..
لەم دەرفەتەدا، بەسەر دەستکەوتە سیاسیەکانی گۆڕان بازدەدەین و ددان بەوەشدا دەنێین، كە هەڵە و كەموكورتی و كەمتەرخەمی سیاسی و ڕێكخراوەیی زۆریشمان كردووە، هاوشان بە هەمو ئەو پیلانە ناوخۆیی و دەرەکیەی لەسەر گۆڕان هەبووە، خۆشبەختانە بە پشتیوانی ئێوە و خۆڕاگری هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكە؛ توانیمان بزوتنەوەی گۆڕان بهێڵینەوە، ئومێد دەكەین ئەم ( دیدارەی گۆڕانخوازان ) وزە و تین و تاوی نوێمان پێ ببەخشێ و بۆ ئەم قۆناغە نوێیەش بە هەمان گوڕ و تینی سەردەمی دامەزراندنی گۆڕانەوە كار بكەین و درێژە بە خەبات و خۆڕێكخستنەوەی خۆمان بدەین.

بەڕێزان ... خوشك و برایان
ئێمە لە جڤاتی گشتی، كە جڤاتێكی ڕاوێژكارییە بۆ هەموو پرسە سیاسی و ڕێكخراوەییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، پێشنیار و ڕاسپاردەی خۆمان لەم خستووەتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی. ئەمڕۆش لەم (دیداری گۆڕانخوازان)دا، چەند ڕاسپاردەیەك دەخینە بەردەم ئێوەی بەڕێزیش بە ئومێدی ئەوەی هەموان كاری لەسەر بكەین:
یەكەم: پێشنیاز دەكەین سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەجدی كار بكەن بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە نوێیە, بچنەوە ناو خەڵك و لەگەڵ سەرجەم چین و توێژە كۆمەڵایەتیەكان پەیوەندییەكانیان پەرەپێبدەن لەگەڵا ژنان – گەنجان – خوێندكاران – بازاڕ - لەگەڵ هەموو ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان .
دووەم: پێشنیار دەكەین بزوتنەوەی گۆڕان میكانیزمی كاركردن و پەیوەندیەكانی لەگەڵا خەڵك لە پەیوەندییەكی حزبیی تەقلیدیەوە بگۆڕێ بۆ پەیوەندییەكی پیشەیی و مەدەنی كە بگونجێ لەگەڵا خەباتی ڕێكخراو و كۆمەڵەكانی ناو كۆمەڵگای مەدەنی.
سێیەم: پێشنیار دەكەین بزوتنەوەی گۆڕان پەرە بە پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەكانی خۆی بدات لەگەڵا حزب و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكان لە ناوخۆی كوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی .
چوارەم: پێشنیاز دەكەین بزوتنەوەی گۆڕان دۆخی ناوچەكە لە بەرچاو بگرێ و خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەر دەرفەت و گۆڕانكارییەك، كە بەسەر سیستەم و شێوازی حكومرانیدا دێت لە عێراق و لە ناو هەرێمی كوردستان .

لەكۆتایدا، هیوای سەركەتنتان بۆ دەخوازین.

جڤاتی گشتی
٢٠ی ٩ی ٢٠٢٥


هەواڵی زیاتر