گۆڕان ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی دەست پێدەکات
13/11/2018
بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەكارییەكانی بۆ قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات و
لیژنەكانی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانس دەستبەكار دەبن و لەسەر هەمو ئاستەكان هەڵبژاردنە
ناوخۆییەكان ئەنجام دەدرێن.
د. رەئوف عوسمان، سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ گۆڕان هەنگاوە
كردارییەكانی بۆ خۆ نوێکردنەوە دەستپێدەكات و بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند رۆژی داهاتودا
لیژنەكانی ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتیمانی دەستبەكار دەبن و لیژنەی باڵای كۆنفرانس
و لیژنە لاوەکییەکان پێكدێن.
هەر لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكاندا بۆ بەستنی كۆنفرانس، ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان
رادەسپێردرێت تاوەكو بەتۆماری دەنگدەراندا بچێتەوە و نوێیان بکاتەوە.
سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرای كرد، دوابەدوای بەستنی كۆنفرانس،
هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رایەڵە و بازنەكانەوە دەستپێدەكات تا
هەڵبژاردنی تەواوی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، كە دواتریش ئەندامانی جڤات و خانەی
راپەڕاندن و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەبژێرن.
بەوتەی د. رەئوف عوسمان، هەنگاوەكانی گۆڕانكاری و خۆ نوێكردنەوە لەناو گۆڕاندا
دەستیپێكردوە و بەزوترین كات لیژنە تایبەتمەندەكان دەست بەكارەكانیان دەكەن.
بەپێچەوانەی ئەو حیزبانەی توانای خۆنوێكردنەوە و هەڵبژاردنیان نیە، بزوتنەوەی
گۆڕان لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی كرد، ئێستاش بەهەمان
گوڕ و تین لەسەر ئاستی هەمو ئۆرگانەكان پرۆسەی خۆنوێكردنەوەی دەستپێكردوە.