به‌رزان محه‌مه‌د: به‌درێژایی شه‌قامی‌ سلێمانی - تاسلوجه‌وه‌ ‌زیادره‌وی ئه‌نجامدراوه‌ بۆ سه‌ر موڵكی گشتی

26/09/2020

سه‌رۆكی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ دواداچونی سنه‌وبه‌ره‌ سوتاوه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌سه‌ره‌تای رێگه‌ی سلێمانی - تاسلوجه‌وه‌ به‌درێژایی شه‌قامه‌كه‌ زیادره‌وی ئه‌نجامدراوه‌ بۆ سه‌ر موڵكی گشتی، له‌ ئێستاشدا شاره‌وانی و دارستان و پاوانی سلێمانی خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویه‌ ناگرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ سنه‌وبه‌ره‌كانی تێدا سوتاوه‌.

تایبه‌ت به‌ ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچونی لیژنه‌كه‌یان له‌سه‌ر سوتانی سنه‌وبه‌ره‌كانی سلێمانی، به‌رزان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌ دواداچونی سنه‌وبه‌ره‌ سوتاوه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به‌سایتی فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی راگه‌یاند: رۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی تایبه‌ت به‌و پرسه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچونی لیژنه‌كه‌مان ده‌خه‌ینه‌رو، له‌گه‌ڵ راپۆرتی پۆلیس و پۆلیسی دارستان و داواكاری گشتی.

سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ی پێیگه‌یشتون ده‌ڵیت له‌دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویه‌ كه‌ سنه‌وبه‌ره‌كانی تێدا سوتاوه‌ كه‌وتۆته‌ سنوری ماسته‌ر پلانی سلێمانیه‌وه‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی دارستان و پاوانی سلێمانی ده‌ستبه‌رداری خاوه‌نداریه‌تیه‌كه‌ی بوه‌ شاره‌وانی سلێمانی تا ئێستا خاوه‌ندارێتی نه‌گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كانی ئاینده‌ی لیژنه‌كه‌یان به‌رزان محه‌مه‌د ده‌ڵێت: له‌پلانماندایه‌ له‌رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ خاوه‌ندارێتی ئه‌و زه‌ویانه‌ بده‌ین به‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك و ئه‌و ناوچه‌یه‌ش سه‌وز بكه‌ینه‌وه‌ و به‌پشت به‌ستن به‌ راپۆرتی پۆلیس و داواكاری گشتی لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م و به‌رپرس له‌ سوتاندنی ئه‌و سنه‌وبه‌رانه‌ سزا بدرێن و لێپێچینه‌وه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و پرۆژانه‌ بكرێت كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ زیادره‌وییان كردووه‌.


هەواڵی زیاتر