کەریم عەلى: پێویستە حکومەت نەوتى سپى و بەنزین و گازوایل بە نرخى پشتیوانیکراو بخاتە بازاڕەوە
11/12/2022
ئەندامێکى
ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ پێویستە حکومەت نەوتى سپى و بەنزین و
گازوایل بە نرخى پشتیوانیکراو بخاتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا وەزارەتى سامانە
سروشتییەکان ئەو بڕیارەى نەداوە و بەرمیلێک نەوت بە (103) هەزار هاوڵاتیان
دەفرۆشتێت و لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەکە بە سستى بەڕێوەدەچێت.
کەریم
عەلى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانى لە لیژنەى سامانە سروشتییەکان
رایدەگەیەنێت؛ ئەو نرخە زۆرە کە لە بەرامبەر نەوت لەلایەن وەزارەتى سامانە
سروشتیەکانەوە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، ئێمە پێشتر بە نوسراو داوامان کردبو بەرمیلێک
نەوت بە (55) هەزار دینار بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت، بەڵام وەزارەتى سامانە سروشتییەکان
گوێیان لە پێشنیازەکان نەگرت و بەرمیلێک بە (103) دەفرۆشنە هاوڵاتیان.
بۆ ئەوەى
هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت، سنورى پارێزگاى سلێمانى پێویستى بە زیاتر لە (110)
ملیۆن لیتر هەیە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بڕى پێویست لە نەوتى سپى دابەش بکرێت،
هەرچەندە لە ناوچە سنورى و ساردەکان دەستپێکراوە، بەڵام پڕۆسەکە بە سستى بەڕێوە
دەچێت و تائێستا نزیکەى (15) ملیۆن لیتر دابەشکراوە، لەکاتێکدا بڕیاربو لە قۆناغى
یەکەمدا (19) ملیۆن لیتر دابەش بکرێت.
دەشڵێت: تێبینى
زۆرمان هەیە لەسەر پڕۆسەکە، پێویستە حکومەت بەرژەوەندى هاوڵاتیان بخاتە پێش هەمو
شتێکەوە ئەوەش بەوە دەبێت کە نەوتى خاو بداتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان و نەوتى سپى و بەنزین
و گازوایل بە نرخى پشتیوانیکراو بخاتە بازاڕەوە، بەڵام تائێستا وەزارەتى سامانە
سروشتییەکان و حکومەت ئەو بڕیارەى نەداوە.