دلێر حسێن: پڕۆژە پێشنیارى ئێمە بۆ گەڕاندنەوەى موچەى پاشەکەوتکراوى لەرێگەى لەبرى خستن بوەتە بڕیارى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێم

21/09/2022

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر رایدەگەیەنێت؛ پڕۆژە پێشنیارى ئێمە بۆ گەڕاندنەوەى موچەى پاشەکەوتکراوى لەرێگەى لەبرى خستن (مقاصە) بوەتە بڕیارى ئەنجومەنى پارێزگاکانى هەرێم، بۆیە پێویستە لەم وەرزەى دانیشتنەکانى پەرلەمان بە یاسا پەسەند بکرێت.

دلێر حسێن، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەبارەى ئایندەى موچەى پاشەکەوتکراوى موچەخۆران و هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەیان، ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەو پڕۆژە پێشنیارەى ئێمە بۆ لەبرى خستن بۆ قەرزى هاوڵاتى لە پاشەکەوتى موچە بوە بڕیارى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و پارێزگاکانى دهۆک و سلێمانى و هەڵەبجەش، دواتر ئاڕاستەى حکومەتى هەرێم کرا، بەڵام نەخراوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

دەشڵیت: خۆشبەحتانە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانى وەزارەتى دارایی لەم کابینەیەى حکومەتدا ئەوەبو پاشکەوتى موچەى لە ئەماناتەوە کرد بە قەرز لەسەر حکومەت کە ئەمانات گەرەنتى دانەوەى نەبو ئێستا قەرزە لەسەر حکومەت و هەر دەبێت بدرێتەوە، بۆیە داواکارین لەم خولەى یاسادانان پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان کارى لە پێشینەیان ئەوە بێت پاشەکەوتى موچەى فەرمانبەران بە یاسا رێکبخات و پەسەندى بکەن.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان باس لەوە دەکات کە؛ حکومەت داواى قەرزى خزمەتگوزارییەکان لە هاوڵاتى دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا هاوڵاتى قەرزى لاى حکومەتە بۆیە ئەو پڕۆژەیەى ئێمە باشترین چارەسەرە کە لە سودى هاوڵاتیان و موچەخۆرانە بۆ لەبرى خستنى قەرزەکانى نێوان هاوڵاتیان و حکومەت بەتایبەت لە بابەتى قەرزى ئاو و کارەبا و غەرامەى هاتوچۆ و پێشینەکان.

دەشڵێت: وەک فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاکان و پەرلەمان لەبارەى موچە پاشەکەوتکراوەکانى موچەخۆرانەوە یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو پارەیەى بەناوى پاشەکەوت لاى حکومەتە نەفەوتێت و ئەو مافە بگەڕێنرێتەوە بۆ موچەخۆران.


هەواڵی زیاتر