سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: بارتەقاى 800 مامۆستا و فەرمانبەرى زانکۆ زەوى دراوە بە یەک کۆمپانیا

19/10/2020

سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنن: ئەمڕۆ نزیکەى 470 مامۆستا و فەرمانبەرى زانکۆ لە سلێمانى، خۆپیشاندانیان کرد، لەکاتێکدا لەو زانکۆیەى ئەوان خزمەتى تێدا دەکەن، بەرپرسانی زانکۆ بە هاوکارى دەستەى وەربەرهێنان 84 دۆنم زەوى لە کەمپى نوێى زانکۆکەیان ، بەناوى قەرەبوەوە داوە بە کۆمپانیایەک بەناوى دایک! ئەگەر بێت و ئەم زەوییە دابەش بکرێت، زیاتر لە 800 مامۆستا و فەرمانبەر سود مەند دەبن.

دابان محەمەد و جەلال محەمەد و ئاشنا عەبدوڵا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنن: پشتیوانى لە مامۆستایان و فەمانبەرانى زانکۆ دەکەین بۆ گەیشتن بە داواکارى و خواستەکانیان، هەمو چین و توێژێک مافى سودمەندبونى هەیە، لە زەوى و سەروەت و سامانى ئەم هەرێمە، بەڵام بەم ڕێگا و ڕێکارە نایاسایى و نادادیەى ئێستا هەیە، مۆدێلێکى نوێى گەندەڵى و بەهەدەردانە، بەناوى چین و توێژە جیاوازەکانەوە دەکرێت، پێویستە سەندیکا و نوینەرایەتی چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانیش، وشیار و ئاگاداربن، بەناویانەوە بازرگانی نەکرێت.

ئەو پەرلەمانتارانە لە درێژەی نوسینەکەیاندا دەڵێن: بەناوى چین و توێژ و پیشە جیاوازەکانەوە، مۆدێلێکى نوێى گەندەڵى و بەهەدەردان و داگیرکارى زەوى و زار دەستى پێکردوە، کە لە بنەڕەتەوە چەند کۆمپانیایەکى دیاریکراون و  دەڵاڵێکى نزیک لە بەرپرسێکى حکومەت سەروکارى دەکات.


هەواڵی زیاتر