سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان: پێویستە پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینێ لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد

12/11/2020

تایبەت بە پرسی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادەوە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: پرسی بودجە و موچە و ئەو بڕە پارەیەی کە لە عێراقەوە دێت و بڕی تەواوکاری بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم پرسێکە کە ڕەھەندی سیاسی لە عێراق دا ھەیە، بۆیە ئەمرۆ دور لە ھەر بنەمایەک بەشە بودجەی ھەرێمیان لەو قەرزە دانەنا.

گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان نوسیویەتی: چەندین هۆکاری ناوخۆیی هەن بونەتە هۆکاری ئەم دۆخە کە ئەوانیش؛ ناڕونی لە داھات و ناشەفافیەت لە دۆسیەکانی نەوت، خراپ کۆکردنەوەی باج و ڕسومات و کۆنترۆڵ نەکردنی سنورەکان و قاچاخچێتی و گەندەڵی و دەستبەسەراگرتنی کۆمپانیای خزمەتگوزاری کەسی و حیزبی  کە داھاتەکان بۆ خەزێنەی حکومەت ناگەڕێتەوە، ھەنگاوەکانی چاکسازی خاو بەڕێوەدەچن، چاکسازی ھەموو بوارە جیاوازەکانی نەگرتۆتەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بەپێوستی دەزانێت پەرلەمان ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری کێشەکاندا و دەڵێت: دەبێ پەرلەمان ڕۆڵی خۆی ببینێ بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ حکومەت تا ھەنگاو بنێن بۆ چارەسەر کردن و پابەند بوون بەو ڕێکەوتنانەی کە لە ڕابردوو ھەرێم لەگەڵ بەغدا واژۆیان کردوە یاخود لە داھاتوو واژۆی دەکەن.


هەواڵی زیاتر