به‌ڵێن ئیسماعیل: جگه‌ له‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هیچ به‌دیلێكی‌ تر نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ بودجه‌ و موچه‌

16/11/2020

به‌ڵێن ئیسماعیل ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌ یاسای‌ بودجه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نه‌كراوه‌، ده‌شڵێت جگه‌ له‌ رێككه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هیچ به‌دیلێكی‌ تر نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ بودجه‌ و موچه‌.

له‌میانی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ به‌رنامه‌ی‌ (روماڵ)ی‌ رادیۆی‌ گۆڕان، به‌ڵێن ئیسماعیل رونیكرده‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م كابینه‌یه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دو جار ره‌شنوسی‌ یاسای‌ بودجه‌ ئاماده‌كرا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ كێشمه‌كێشمی‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێم و ناڕونی‌ ئه‌و بوجه‌یه‌ی‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌گاته‌ ده‌ست حكومه‌تی‌ هه‌رێم، نه‌توانرا یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ په‌رله‌مان، له‌ئێستاشدا ئومێدێكی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ له‌دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌ی‌ ئیتیحادی‌ بۆ ساڵی‌ 2021، بتوانرێت یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكرێت چونكه‌ ئه‌وكات هیچ بیانو و پاساوێك به‌ده‌ست حكومه‌ته‌وه‌ نامێنێت بۆ ره‌وانه‌نه‌كردنی‌ بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان.

وتیشی‌: له‌كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا نیه‌تی‌ چاكسازی‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئیراده‌ سیاسییه‌كه‌ ئیراده‌یه‌كی‌ لاوازه‌ كه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌بونی‌ سیمای‌ دوئیداره‌یی‌ له‌نێوان یه‌كێتی‌ و پارتیدا هه‌ر له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ پاره‌ و چه‌ك و چه‌ندین بابه‌تی‌ دیكه‌.

سه‌باره‌ت به‌ داهاتوی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ڵێن ئیسماعیل وتی‌: خوازیارین حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا بگاته‌ رێككه‌وتن له‌باره‌ی‌ پرسی‌ موچه‌ و موچه‌ چونكه‌ به‌بڕوای‌ ئێمه‌ هیچ به‌دیلێكی‌ تر نیه‌ جگه‌ له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی‌ كه‌ هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ به‌غدا و موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌شێكن له‌سیسته‌می‌ موچه‌ی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌ ناردنی‌ موچه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌ر پابه‌ندبونێك بكه‌وێته‌ سه‌رشانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم پێویسته‌ جێبه‌جێی‌ بكات.


هەواڵی زیاتر