جڤاتی گشتی تایبه‌ت به دۆخی دارایی و هه‌ڵبژاردنه ناوخۆیه‌كان كۆبویه‌وه
26/11/2020
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆنفرانسی شاره‌كان و كۆنفڕانسی نیشتیمانی ده‌به‌ستێت و خۆڕێكخسته‌وه‌ی و هه‌ڵبژاردنی ئۆرگانه‌كانی ده‌خاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئه‌مڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌سه‌رپه‌رشتی عومه‌ر سه‌ید عه‌لی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا، عه‌لی عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆكی جڤاتی گشتی سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه به سایتی گۆڕانی ڕاگه‌یاند: له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی گفتوگۆكراوه كه ته‌وه‌ره‌كانیش دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كان و به‌ستنی كۆنفڕانسه.
جێگری سه‌رۆكی جڤاتی گشتی وتیشی: له كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری ئاماده‌یبوو ئه‌ندامانی جڤاتی گشتی پرسیاره‌كانیان ئاڕاسته‌یكرد تایبه‌ت به خراپی دۆخی دارایی و دواكه‌وتنی موچه، وه‌زیری دارایی له‌ڕێگه‌ی داتاشۆوه و به ئامار و نوسراو پرسی خراپی دۆخی دارایی ڕونكردوه‌ته‌وه و ڕایگه‌یاندوه؛ به‌م نزیكانه شاندێك ده‌چێته به‌غداد بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی عێراق.
له ته‌وه‌ری دوه‌می كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له ئاماده‌كاریه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌نجامدانی كۆنفڕانسی نیشتیمانی كراو‌و بڕیاره له‌سه‌ر هه‌ردوو ته‌وه‌ری كۆبونه‌وه‌كه ڕاسپارده‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی جڤاتی نیشتیمانی بكرێت.
سلێمانی/ بڕیار نامیق