فراکسیۆنی گۆڕان: بە بەشداری لە حكومەت، گۆڕان دەستەمۆ نابێت

01/12/2020

فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ فه‌رمی‌ وه‌ڵامی‌ قسه‌كانی‌ دوێنێی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: بێمنەتانە ڕایدەگەیەنین فەرمون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ ڕای گشی ڕایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بوە.

وەڵامێك بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
دوێنێ دەرئەنجامی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە ئاڵۆزی لێكەوتەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وەك جۆرێك لە ھەڕەشە ڕایگەیاند كە داوا لە حزبەكەی دەكات بە رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بچێتەوە.
ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین:
١- بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا و تەنھا بەمەبەستی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی باری لاسەنگی دارایی و شەفافیەت لە داھات و بنەبڕكردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕێكەوتنی ئەنجامداوە و بەشداری لەحكومەت كردووە.
٢-لە دروستبوونی ئەم حكومەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پشودرێژانە شانی داوەتەبەر ھەمو ئەو نەھامەتییانەی كە حوكمڕانی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرھەمی ھێناوە، ھەمو ئەوەش لەپێناو چاکسازی و مانەوەی قەوارەی ھەرێم و دوبارەنەبونەوەی ئەزمونی دوئیدارەیی بوە.
٣- ھەرچی پۆستی بزوتنەوەی گۆڕان ھەیە لە حكومەتدا، مافی خۆیەتی نەك تەنھا وەك پشكی حزبی، بەڵكو گەر وەك ھاوڵاتیش كە ژمارەی ڕاستەقینەی زۆر زیاترە لەوەی كە لەئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەپێناو مانەوەی ھەرێمدا بە ٪‏١٢ی پۆستەكان ڕازی بوە كە خودی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیش دەزانێت چی دزی و ساختەكارییەك لە ھەڵبژاردنەكاندا ئەنجامدراوە.
٤- لێرەوە بێمنەتانە ڕایدەگەیەنین فەرمون وەك فراكسیۆنی پارتی كۆی بەرنامەی حكومەتی پێكھێنراو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بھێننە سەر مێزی گفتوگۆ و با لە پەرلەماندا شەفافانە بۆ ڕای گشی ڕایبگەیەنین و بزانین چەند خاڵ لەو كارنامەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵك جێبەجێ كراوە و كێ لایەنی كەمتەرخەم بوە؟.
٥- لە كۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستییەی حوكمڕانی بە بیر سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی بھێنینەوە كە حوكمڕانی ئامانج لێی خزمەتكردنی خەڵكە، چونە حكومەت بەمانای بێدەنگبون لە قوت و موچە و گەندەڵی نایەت، بەتایبەت كە ئەركی سەرەکی پەرلەمان چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوەیە لێی وەك لە ڕێكەوتنی پێكھێنانی كابینەكەشدا ھاتوە، تەنانەت كە ئەگەر پارتی بە تەنھا حكومەتی پێكبھێنایە، بۆیە بە بەشداری لە حكومەت، گۆڕان دەستەمۆ نابێت.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
١/١٢/٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر