عەدنان عوسمان: هەر حیزبێکی سیاسی بیر لە کەرامەت و ژیانی هاوڵاتیان نەکاتەوە روبەڕوی نەفرەت دەبێتەوە
05/12/2020
دوای کۆتایهاتنی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ناڕەزایەتییەکانی خەڵک گوزارشت لە دۆخی خراپی هەرێمی کوردستان دەکات، خەڵک مافی خۆیەتی ناڕەزایەتی و فشاریان هەبێت بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم .
عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: هەمو جۆرە توندوتیژی و فشارخستنە سەر خۆپیشاندەران لەژێر هەر ناو و بیانویەکدا بێت قبوڵکراو نیە و مەحکومی دەکەین، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کە گوزارشت لە دۆخی خراپی هەرێمی کوردستان دەکات و خەڵک مافی خۆیانە ناڕەزایەت و فشاریان بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم هەبێت.
راشیگەیاند؛ هەر حیزبێکی سیاسی بیر لە کەرامەت و ژیانی هاوڵاتیان نەکاتەوە، روبەڕوی نەفرەت دەبێتەوە، بۆیە هەمو هەنگاوێک بۆ قەتیسکردن و رێگریکردن لە خۆپیشاندان مەحکوم دەکەین.
لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، عەدنان عوسمان رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا تەئکید کرایەوە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی و پارتی و رەوانەکردنی وەفدێکی باڵا بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە و چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان.
هەروەک وتی:"دەبێت لە یاسای بودجە پشکی هەرێم زامن بکرێت و هەرێمیش بڕیارێکی ئازایانە بدات لەپێناو خەڵک بۆ کۆتایی هێنان بەم دڵەراوکێ و کێشانە، چونکە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، هیچ چارەسەرێکی دیکە لە ئارادا نیە".
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەوەکرد، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەست بوە بە کۆنفرانسی نیشتیمانی و پرسە ناوخۆیی و ئۆرگانییەکانی بزوتنەوەکە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
لەبارەی پرسی لامەرکەزیش، رونیکردەوە کە حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە و لەگەڵ سێ لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت کۆبونەوەی ئەنجام داوە، "بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پێمانوایە دەبێت رێگرییە یاساییەکانی یاسای ژمارە سێ لاببرێت و یاساکە هەمواربکرێتەوە، جگە لەوە تێگەیشتنی گۆڕان بۆ پرسی لامەرکەزییەت رونە".
داواشیکرد، ئەم دۆخە پڕ قەیرانەی ئێستا بکرێتە دەرفەتێک بۆ چاککردنی دۆخەکە و ئاساییکردنەوەی ژیانی هاوڵاتیان و موچە خۆران.