داوا ده‌كرێت شه‌ڕی‌ بژێوی ھاووڵاتیان لە پەرلەمانه‌وه‌ بكرێت

12/12/2020

شایان عه‌سكه‌ری‌ په‌رله‌مانتاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان داواكاریه‌ك ئاڕاسته‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: ھەر پەرلەمانتارێکی بەرێز خەمی بژێو و گوزەرانی ھاووڵاتیەتی ، ئەرک بکێشێ و ئەو بانگھێشتە واژوو بکات، شەڕی سەختی بژێوی ھاووڵاتی لە پەرلەمان بکات، گەر پەرلەمان بە دڵسۆزیەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات ھاووڵاتیش ناچار نابێت بۆ گوزەرانی خراپی خۆی خۆپشاندان بکات.

فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ دیكه‌ی‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان واژۆیانكردوه‌و و ده‌یانه‌وێت واژۆی‌ په‌رله‌مانتاران كۆبكه‌نه‌وه‌ و په‌پێی‌ بڕگه‌ی‌(1) له‌ ماده‌ی‌ (8)ی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دانیشتنێكی‌ تایبه‌ت سازبكرێت له‌سه‌ر پرسی‌ ڕشتنی‌ خوێنی‌ گه‌نجان و ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانه‌كان و داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان و ئه‌و ژماره‌ په‌رله‌مانتاره‌ی‌ دیكه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌ره‌ڕای‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی‌ هاوڵاتیان و شه‌هیدبونی‌ ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر،‌  په‌رله‌مانی‌ كوردستان هیچ دانیشتنێكی‌ تایبه‌تی‌ به‌و دۆخه‌ ڕێكنه‌خستوه‌.

 


هەواڵی زیاتر