گۆران عومەر: داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندن پێچەوانەی یاسایە بەتایبەت یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007

15/12/2020

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕەخنە لە بڕیارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەگرێت بۆ داخستن و هەڕەشەی داخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەڵێت: ئەم بڕیارانەی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ داخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێچەوانەی یاسایە، بە تایبەتی یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری 2013.

گۆران عومەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بە بڕیارەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری نوسیویەتی: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ داخستن و هەڕەشەی داخستن لە کەناڵەکانی راگەیاندن نیم و پێم وایە خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی بەرچاویان روون بێت بەوەی لە کوردستان چی روودەدات، کەناڵەکانی راگەیاندن باشترین سەرچاوەن بۆ گەیاندنی زانیاری بە خەڵک.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: خەڵکی کوردستان هۆشیارن و خۆیان دەزانن و دەتوانن هەواڵی راست و نا راست لەیەک جیا بکەنەوە، بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک نییە بۆ داخستن و هەڕەشەکردن لە داخستنی کەناڵەکانی راگەیاندن.

سەباەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یاساکان گۆران عومەر ڕایدەگەیەنێت: ئازادی راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین مافێکی سروشتی خەڵکی کوردستانە و خۆشبەختانە یاسای مافی بەدەست هێنانی زانیاری ئەو مافەی بە خەڵک و رۆژنامەنووسان داوە ئازادانە بنوسن و ئازادانەش داوای زانیاری لە حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان بکەن، ئێستا ئەوە حکومەتە یاسا پێشێل دەکات و زانیاری نادات بە رۆژنامەنووسان و خەڵک، دەیەوێت رێگریش بکات لە کاری رۆژنامەنوسی، بۆیە من بە هەموو شێوەیەک دژی دەوەستمەوە.


هەواڵی زیاتر