هێمن شێخانی: هەڵگری ئاڵای چاکسازی بزوتنەوەی گۆڕانە هۆکاری شکستی چاکسازیش یەکێتی و پارتین
05/01/2021
ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و لەپێناو بەرژەوەندى خەڵک و بەپێى رێککەوتننامەیەک لە حکومەتدایە و ئێستاش کاتى ئەوەیە چاکسازى فیعلى بکرێت و دەڵێت:" ئاڵا هەڵگرى چاکسازى بزوتنەوەى گۆڕانە، هۆکارى شکستى چاکسازیش یەکێتى و پارتین، چارەسەرنەکردنى کێشەکان هەرێمى کوردستانى بە دۆخێک گەیاندوە کە خەڵک لەم دۆخەدان و قەوارەى هەرێمیش بکەوێتە بەردەم مەترسى".
هێمن شێخانى، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) لەبارەى بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەت و پرسى چاکسازى و ئەو رەخنانەى لە بزوتنەوەکە دەگیرێن کاتێک باسى پێداچونەوە بە رێککەوتننامەکان دەکات، دەڵێت: "ئەوەى وایکرد بزوتنەوەى گۆڕان لە کابینەى نۆى حکومەت بەشداربێت، پەیوەندى بە ئیستیحقاقى هەڵبژاردن و رێژەى دەنگى خۆى هەبوە و هیچ لایەنێک خێرى بە ئێمە نەکردوە کاتێک چوینەتە ئەم کابینەیە و ئامانجى ئێمەش تەسلیم بون نەبوە، بەڵکو بە نیەتى چاکسازى بەشداریمان کردوە و رێککەوتنیشمان کردوە کە زیاتر لە (20) خاڵى بۆ خزمەت و بەرژەوەندى خەڵکى هەرێمى کوردستانە بەبێ جیاوازى، بەڵام بەداخەوە دەبینین هیچ خاڵێکى رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە یان بە کەموکوڕى کارى لەسەر کراوە".
ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى، رەتى دەکاتەوە چونى گۆڕان بۆ نێو حکومەت بۆ پۆست بوبێت یان لایەنێک خەیاڵى ئەوەى هەبێت بۆ بێدەنگ کردن چوبێت، "وەک گۆڕان لەگەڵ پارتى رێککەوتوین بە پلەى یەک بۆ ئەوەى چاکسازى لە حکومڕانى بکرێت، بەشى زۆرى ئەوەش بوەتە کارنامەى کابینەى ئەم حکومەتە، بەڵام ئەوەى دەیبینین بەداخەوە ئەوەیە کە چاکسازى وەک پێویست بەڕیوە ناچێت چ لە داهاتى نەوت تا خاڵە سنوریەکان و بوارەکانى دیکەش".
سەبارەت بە هەندێک رەخنەى گۆڕان لە ئێستادا، هێمن شێخانى دەڵێت: بەشێکى هۆکارى ئەوەى لەم دۆخەى ماوەى رابردودا بێدەنگ بوبین پەیوەندى بەوەوە نیە دەممان چەور کرابێت، بەڵکو پەیوەندى بەوەوە هەیە کە دۆخى تەندروستى و ئەو قەیرانانەمان لەبەرچاو گرتوە کە روى لە هەرێمى کوردستان کردوە لەروى تەندروستى و دارایى و ئەو فشارانەى لەسەر قەوارەکەشى هەیە، بەڵام ئیتر ئێستا کاتى ئەوەیە چاکسازى فیعلى بکرێت، پێویست ناکات ئەو داواکاریانەى ئێمەش لێکدانەوەى جیاوازى بۆ بکرێت، چونکە خودى دروستبونى گۆڕان کە بە بوێرانە هاتوەتە مەیدانەکە و داواکارى و پڕەنسیپ و بەرنامەى خۆى هەیە و بەردەوام دەبێت لەبەرگرى لە مافەکانى هاوڵاتیان و دژایەتى گەندەڵى جا لە حکومەت بین یان لە دەرەوەى حکومەت.
ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى بە ئاسایى دەبینێت کاتێک خاڵەکانى رێککەوتنیک جێبەجێ ناکرێت پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت لەلایەن هەردو لاوە، دەشڵێت:"هەڵگرى ئاڵاى چاکسازى بزوتنەوەى گۆڕانە، هۆکارى شکستى چاکسازیش یەکێتى و پارتین، چونکە تائێستا دو ئیدارەیى ماوە و هێزى پێشمەرگە یەک نەخراوە و قاچاخچێتى لە خاڵە سنوریەکان دەکرێت، پێویستە ئەو لایەنانە و سەرۆکى حکومەتیش بێدەنگ نەبێت لەو دۆخە و چارەسەرنەکردنى کێشەکان هەرێمى کوردستانى بە دۆخێک گەیاندوە کە قەوارەى هەرێمى کوردستانیش بکەوێتە بەردەم مەترسى".
لەبارەى هەندێک رەخنەش کە لە گۆڕان و فراکسیۆنەکەى دەگیرێت، هێمن شێخانى دەڵێت: پارتى و یەکێتیش رەچاوى دۆخى خۆیان بکەن هەردولا کێشەى ناوخۆییان هەیە و کێشەکانیان قوڵتریش بونەتەوە و چەند جەمسەرێکیان هەیە و میدیاى بەهێزیان هەیە دژ بە یەکتر بۆنمونە پارتى دو میدیاى گەورەیان هەیە یەکێکیان پاڵپشتى کابینەى حکومەت دەکات و یەکێکیان دژیەتى، بەهەمان شێوەیە یەکێتیش وایە "بۆیە دۆخى خۆیان ئەوەندە باش نیە کە پێیانوابێت بزوتنەوەى گۆڕان لاوازە، گۆڕان لە ئامانجى لاى نەداوە تەنها پێداگرى لە پرەنسیپەکانى دەکاتەوە، بۆئەوەش کە دەڵێن پێیەکیان لە حکومەت و یەکێکیان لە ئۆپۆزسیۆنە، ئەوە ئەوانن کە پێیەکیان لە حکومەت و پێیەکیان لە گەندەڵیدایە، لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران باسى چاکسازى دەکەن، بەڵام لە پشتەوە سەرقاڵى گەندەڵین، ئێمە فراکسیۆنمان هەیە و بەدەنگى هاوڵاتیان چونەتە پەرلەمان ئەرکى ئەوانە ئێش و ئازارى خەڵک ببینن و بیگەیەننە پەرلەمان و حکومەت".
هەروەک پێیوایە شێوازى مامەڵەى دەسەڵات لە رابردودا لە دۆسیەى نەوتدا، وایکردوە خەڵک رۆژى بەمڕۆ بگات و بەدبەخت ببن.
لەبارەى هەنگاوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ خۆ نوێکردنەوە و چون بەرەو کۆنفرانسى نیشتیمانى، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى کە باژێروانى هەولێرى بزوتنەوەکەیە دەڵێت: لە چەند مانگى رابردو بڕیاردراوە بۆ گرتنەبەرى هەنگاوەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى، هەنگاوەکان لە مەکۆکان دەستیپێکردوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسێک چونکە لاى گۆڕان گرگە راى هەڵسوڕاوان وەربگیرێت بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى.