شاخه‌وان ڕه‌ئوف به‌گ: به‌شداریمان له حكومه‌ت هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و به‌دواداچونی فراكسیۆنه‌كه‌مان نه‌بوه و نابێت
07/01/2021
ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له به‌شداریكردنی حكومه‌ت هیچ سودمه‌ند نه‌بوه، به‌ڵكو ئامانجیانه، له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه گۆڕانكاری بكه‌ین له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان.
شاخه‌وان ڕه‌ئوف به‌گ، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، له میانی به‌شداریكردنی به‌رنامه‌ی دیته‌یڵی ڕادیۆی گۆڕان ڕایگه‌یاند: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له به‌شداریكردنی حكومه‌ت هیچ سودمه‌ند نه‌بوه، به‌ڵكو ئامانجمانه له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه گۆڕانكاری بكه‌ین له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان، به‌ئامانجی چاره‌سه‌ری گرفته ڕیشه‌ییه‌كان، چۆن ئێمه له شه‌قامه‌وه گوشارمان هه‌بوو له حكومه‌تیشه‌وه فشارمان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی خه‌ڵك و به‌لامانه گرنگه حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوبێت و خزمه‌تگوزاری پێوست بۆ خه‌ڵك دابین بكات.
سه‌باره‌ت به ڕێكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت له نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی شاخه‌وان ڕه‌ئوف به‌گ وتی: ئه‌وخاڵانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتوین له‌گه‌ڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت وه‌ك پێوست نه‌چونه‌ته پێشه‌وه و ئێمه‌ش بێده‌نگ نه‌بوین له نه‌چونه پێشه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كان و له په‌رله‌مان و حكومه‌تیش فشارمان هه‌بوه بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه و ڕه‌خنه‌شمان هه‌بوه له هاوبه‌شه‌كه‌مان له حكومه‌ت، چونكه ڕێكه‌وتنه‌كه‌مان له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره وتیشی: فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ر سه‌رجه‌م پرسه‌كان به‌دواداچونی هه‌بوه، چاودێری كاری تیمه‌كه‌ی خۆشمان له حكومه‌ت كردوه، به‌شداریمان له حكومه‌ت هیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و به‌دواداچونی فراكسیۆنه‌كه‌مان نه‌بوه و نابێت، ئێمه به‌ڕێڕه‌وی كاری په‌رله‌مانی خۆمان كارده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ی پێوستبێت وه‌ك نوێنه‌رێكی ویژدان زیندوی خه‌ڵك ده‌یكه‌ین.
له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت شاخه‌وان ڕه‌ئوفبه‌گ وتی: پێوسته ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پرسه‌كان بكات و كار به پێشنیاره گونجاوه‌كانی فراكسیۆنه جیاوازه‌كان بكه‌ن چونكه په‌رله‌مانی كوردستان موڵكی خه‌ڵكی كوردستانه.