بەڵێن ئیسماعیل: قوڵایی ستراتیژی چاکسازیی بۆ کێشە داراییەکان لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستانە
13/01/2021
سازدانى: باڵا ئاکۆ
بەڵێن ئیسماعیل رایدەگەینێت؛ قوڵایی ستراتیژی ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان لە ناو حکومەت و پەرلەمانی کوردستانە، دەشڵێت: تا بودجە پەسەند نەکرێت، پەرلەمان ناتوانێت رۆڵی چاودێری کارا ببینێت بەسەر خەرجی و داهاتەکانی حکومەتەوە.
بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە دیمانەیەکی (سبەی)یدا ئاماژە بە هۆکارەکانی لاوازی ئەم خولەی پەرلەمان دەکات و دەڵێت: دەستوەردانی هێزە سیاسییەکان و بەنیشتیمانی نەکردنی دامەزراوەکان، کاریگەری لەسەر رۆڵ و کاری پەرلەمان دروست کردوە تا رادەی زیادەڕەویکردن لە دەسەڵاتەکانی پەرلەمان، ئەوە جگە لە نەبونی هەماهەنگی باش لە نێوان فراکسیۆنەکان بۆ تاوتوێکردنی و پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکانەوە.
دەشڵێت: هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازى بە سستی دەڕوات بەڕێوە و حکومەت راپۆرتی سێ مانگی لەوبارەیەوە رەوانەی لیژنەی دارایی کردوە و لە دواین کۆبونەوەشدا لەگەڵ تیمی حکومەت داوامان کردوە هەنگاوەکان خێرا بکرێن و دەرەنجامەکانی دەربکەون.
دەقى دیمانەکە
* رەخنەى زۆر لەم خولەى پەرلەمان دەگیرێت بەوەى نەیتوانیوە وەک پێویست ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات بەوەى لەگەڵ خەمەکانى خەڵک بێت، جگە لەوەى وەک پێویست چاودێر نەبوە بەسەر حکومەت و لەروى تەشریعیشەوە وەزیفەى خۆى بەباشى جێبەجێ نەکردوە، ئەگەر ئێوەش هەمان ئەو تێبنیانەتان هەیە هۆکارەکەى بۆ چى دەگەڕێننەوە؟
بەڵێن ئیسماعیل: بێگومان هەمو دامەزراوەکان لە هەرێمى کوردستاندا نەبونەتە دامەزراوەیەکى نیشتیمانى و رۆڵ و کارى ئەو دامەزراوانە تا رادەیەکى زۆر بێ بەها کراوە و پەرلەمانى کوردستانیش لە چوارچێوەى ئەو دامەزراوانەن کە بەداخەوە بەو دەردە براوە، ئەمە هۆکارەکەى بۆ دو لایەن دەگەڕێتەوە لایەنێکى لە دەرەوەى پەرلەمانە کە بەداخەوە هێزە سیاسییەکان ئەم دامەزراوەیە گەرچى بەپێى نوسراو و یاسا و پەیڕەوەکانى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان ئەم دامەزراوەیە وەک مەرجەعى باڵاى سیاسى و یاسایی لە هەرێمى کورستان ناسێندراوە، بەڵام لە راستیدا مامەڵە لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە نەکراوە و حیزبەکان رۆڵ و کاریگەرى حیزبەکانیان گەورەتر کردوە لە رۆڵ و کاریگەرى دامەزراوەکان و لەناویشیاندا پەرلەمانى کوردستان.
تا حیزب نەگاتە ئەو قەناعەتەى کە بەڕاستى ئەم دامەزراوانە دامەزراوەى نیشتیمانى و رەسمى بن و نوێنەرایەتى خەڵکى کوردستان بکەن لە جێى حیزبەکانیان، بێگومان لەو هۆکارەى پەیوەندى بە دەرەوەى پەرلەمان هەیە بەردەوام دەبێت و پەرلەمانى کوردستان ناتوانێت بە رۆڵ و کاریگەرى خۆى هەستێت لەبەر ئەوەى تەداخول و ئەو رێکارانەى کە هێزە سیاسییەکان دەیگرنەبەر زۆرجار تەجاوزى دەسەڵات و تێڕوانین و رێکارەکانى کارى پەرلەمانى دەکات.
هۆکارێکى دیکەیان هۆکارى ناوخۆى پەرلەمان کە بەداخەوە تا ئێستا هەم دەستەى سەرۆکایەتى هەم فراکسیۆنەکان بەیەکەوە نەگەیشتونەتە لێکتێگەیشتن کە پێکەوەیی کارکردن و دانانى بەرنامەیەکى ستراتیژى بۆ شێوازى کارى پەرلەمانى دیاریبکەن هەرچەندە وەک تێبینى و وەک پێشنیاز هاتوەتە بەردەم ئەوەى کارى لەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە جێبەجێ نەکراوە لەبەرئەوەى ئەم دەستەى سەرۆکایەتییە و ئەم فراکسیۆنانە و چوارچێوەى کارى پەرلەمانیش هەر ئەوەیە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بریتییە لە سێ ئەرکى سەرەکى یاسادانان و چاودێرى و پەسەندکردنى بودجە، بودجەش ئەوە بۆ حەوت ساڵ ئەبێت نەهاتوەتە پەرلەمان کە ئەوەش یەکێکە لە کەلێنە هەرە گەورەکان ئێستا لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و پەرلەمانى کوردستاندا ماوەتەوە هەتاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت پەرلەمانى کورستان ناتوانێت چاودێرێکى ورد بێت لە بابەتى داهات و خەرجى و شەفافیەت و نەبونى گەندەڵى لە دامەزراوەکانى هەرێمدا، بۆیە ئەگەر پەرلەمان چالاک بێت دەبێت حکومەت ناچار بکات بە ناردنى بودجە بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت.
* بەڵام فراکسیۆنى گۆڕان لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى کە زۆرینەیە کۆبونەتەوە بۆئەوەى لەگەڵ کۆتاییهاتنى پشوەکان و دەستپێکردنى وەرزى نوێ پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ناوەڕۆکى ئەو کۆبونەوەیە چیە و پێتانوایە پەرلەمان دەتوانێت لەو ماوەیەى ماویەتى بتوانێت ئەرکەکانى وەک باشتر رابپەڕێنێت؟
بەڵێن ئیسماعیل: بێگومان ئەو هۆکارانەى وایانکردوە پەرلەمانى کوردستان کارا نەبێت پێویستى بە ئیرادەى سیاسى لایەنە سیاسییەکانە ئەوان ئەتوانن ئەو کارە جێبەجێ بکەن ئەگەر ئەوان ئەو کارە بکەن بێگومان فراکسیۆنەکان دەست کراوەتر دەبن لە رێوشوێنەکانى خۆیان و ئەو لێکتێگەیشتنە یان ئەو کۆبونەوانەى ئێستا لەنێوان فراکسیۆنى پارتى و فراکسیۆنى گۆڕان و تەنانەت نیازەکە وایە کە لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتیش کە وەک سێ پێکهێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان فراکسیۆنەکانیان لەناو پەرلەمانى کوردستان هەماهەنگى باشتر بکەن.
هەماهەنگییەکە بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕگە و مادانەیە کە لەناو رێککەوتنى سیاسى نێوان پارتى و گۆڕان نوسراوە ئەو بەشەى کە پەیوەندى بە پەرلەمانى کوردستانەوە هەیە بتوانن چالاکى بکەین، چونکە ئێستا گلەییەکى زۆر لە هەردولاوە هەیە لەسەر جێبەجێنەکردنى رێککەوتنەکە وەک خۆى کە ئەم کۆبونەوەیە بۆ ئەو بابەتە ستراتیجیانەیە کە لە رێککەوتنەکەدا هاتوە بۆ ئەوەى لەو ماوەیەى کە پەرلەمانى کوردستان لەبەردەمیدا ماوە بتوانێت دەست بەرێت بۆ ئەو یاسا سیاسى و نیشتیمانیانە ئەوانەى کە رەهەندى نیشتیمانیان هەیە لەسەرو هەمویانەوە کە هەمو جارێک باس دەکرێت و یەکێک لە کەلێنە گەورەکان لە هەرێمى کوردستان نەبونى دەستورە و لە رێککەوتنى نێوان پارتى و گۆڕاندا هاتوە کە پێویست دەکات ئەم خولەى پەرلەمان رەشنوسى پڕۆەژەیاساى دەستور لە هەرێمى کوردستان پەسەند بکات بۆ ئەوەى ئامادە بێت بۆ راپرسى.
کۆمەڵێک یاسا هەیە پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە لەوانە یاساى هەڵبژاردنەکان بەپێى ئەو واقعەى ئێستا هەیە و سازانێکى نیشتیمانى لەسەر بکرێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکانى داهاتو لەسەر بنەماى ئەو یاسا کۆنانە نەڕوات و بە یاسایەکى نوێ هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بکرێت، ئەو بابەتە گرنگ و ستراتیجییە بەلاى ئێمەوە ئەوە یەکێک دەبێت لەو پڕۆژەیاسایانەى کە ئێمە هەماهەنگى لەسەر ئەکەین و هەوڵدەدەین بە لێکتێگەیشتنى نێوان هەردولا لەو ماوەیەى ماوە کارى لەسەر بکەین و بێگومان کۆمەڵێک پڕۆژەیاساى دیکەیش هەن ئەوانەى کە پەیوەندییان بە ئازادى رادەربڕین و خۆپیشاندان و بابەتى ئاسایشى نیشتیمانى بۆ ئەوەى بتوانین پڕۆژەیاسایەک دابنێین کە وەک باسم کرد لەو چوارچێویەدا بێت کە لە رێککەوتنەکە نوسراوە لەسەرو هەموشیانەوە مەسەلەى کاراکردن و چاودێریکردنى پەرلەمانى کوردستانە میکانیزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەى پەرلەمانى کوردستان بتوانێت بە شێوازێکى باش کارەکانى خۆى راپەڕێنێت.
* ئومێدێکى زۆر هەبو بەوەى یاساى چاکسازى لانى کەمى ئەو گەندەڵى و نادادپەوەریەى هەیە نەیهێڵێت، وەک ئاگاداربن هەنگاوەکانى یاساى چاکسازی بەچى گەیشتوە ئایا راپۆرتەکانى حکومەت گەیشتونەتە پەرلەمان لەبارەى جێبەجێکردنى پەیڕەوەکانى یاساکە؟
بەڵێن ئیسماعیل: ئێمە پیش پەسەندکردنى یاساکە باسمان لەوە کرد کە بەداخەوە ئەو یاسایە نەدەبو ناوى بنرێت یاساى چاکسازى و ئێمە پێمانوایە پڕۆسەى چاکسازى پڕۆسەیەکى گەورەترە ئەم بەشە بچوکە لەوەى کە لە یاساکەدا پەسەندکراوە مەسەلەى چاکسازییە لە موچە و دەرماڵە و خانەنشینى و واتا ئەو رێکارانەى لە دەرەوەى یاسا لە چەندساڵى رابردو و لەماوەى حوکمڕانى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هێزە دەسەڵاتدارەکان بەشێوازێکى نا یاسایی و بۆ هەدەردان و بۆ ئەنجامدانى گەندەڵى بەداخەوە کۆمەڵێک رێکاریان دەرکردوە ئەم یاسایە ئەیەوێت ئەو رێکار و بڕیارانە بخاتەوە شوێنى خۆى.
ئێمە کاتى خۆشى پێمانوابو کە ئەم پڕۆژە یاسایە ناونەنرێت پڕۆژەیاساى چاکسازى، بەڵکو وەک رێکخستنەوە و وەک پێداچونەوە بەو بڕیار و رێکارە هەڵانەى کە حکومەت گرتویەتییە بەر دەسەڵاتیان بدەینێ بۆ ئەوەى بە شێوازێکى دروست رێکى بخەنەوە، بەڵام بە پڕۆژە یاساى چاکسازى رۆیشتوە و لە (1/7/2020) چوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
حکومەتى هەریمى کوردستان ئەو رێکار و رێنماییانەى کە پێویست بو دەریچواندوە پڕۆسەکە لەسەر ئەو بڕگە و مادانەى کە هەیە کەوتوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام بێگومان زۆر بە خاوى دەڕوات و لە ئاستى چاوەڕوانى ئێمەدا نییە، حکومەتى هەرێمى کورستان راپۆرتى سێ مانگى یەکەمى جێبەجێکردنى یاساکەى بۆ لیژنەى دارایی و ئەندامانى پەرلەمان ناردوە، ئێمە دیراسەمان کردوە و وەک هەنگاوى سەرەتایی بە ئیجابى دامانناوە، بەڵام بێگومان وەک ئەنجام هێشتا زۆر کەم بەشێک لە ئەنجامەکانى دەرکەوتوە لەبەر ئەوە لە کۆبونەوەى ئەمجارەماندا لەگەڵ تیمى حکومەت بە رون و ئاشکرایی پیمان وتون کە هەنگاوەکان خێراتر بکەن بۆ ئەوەى پڕۆسەى چاکسازییەک لە موچە و لە دەرماڵە و لە خانەنشینى و ئەو مادە یاساییانەى کراوە بە زویی چاکبکرێتەوە.
* لەماوەى رابردودا کۆمەڵێک هەنگاونران وەک راگرتنى زیاتر لە (10) هەزار دوموچە و ناشایستە لەلایەن وەزارەتى دارایى و بڕینى هەندێک مینحە لەلایەن وەزارەتى شەهیدانەوە، ئەوانە تا چەند دڵخۆشکەرن و چۆن ئێوە دەتوانن چاودێربن بەسەر جێبەجێکردنیانەوە؟
بەڵێن ئیسماعیل: بڕیارەکە لە چوارچێوەى یاساى چاکسازى دەرچوە بەپێى ئەو دەسەڵاتانەى کە لە یاساکە دراوە بە ئەنجومەنى وەزیران بۆ پێداچونەوە بە میلاکاتى حکومەت و بە بابەتى موچە و ئەو کەسانەى کە سودمەند دەبن بە بودجەى گشتى جا بە موچە بێت یان بە مینحە بێت یان بە خانەنشینى بێت پێداوچونەوەى بۆ بکرێت چونکە دڵنیا بوین لەوەى کە رێژەیەکى زۆر خەڵکى هەم نایاسایی تێدایە هەم خەڵکێک هەیە زیاتر لە جارێک سودمەند بوە لە بودجەى گشتى بڕیارەکە لەو چوارچێوەیەدا وەک سەرەتایەکى باش ئێمە هەڵسەنگاندنمان بۆکردوە.
بەڵام بێگومان پرۆسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە بەتایبەت لەناو هێزەکانى پێشمەرگە و هێزەکانى ناوخۆ و ئاسایش لە یەکەکانى (70) و (80) کە ئێمە وەک لەوەى لە یاساکە دیاریکرا و تەنها مەسەلە بڕینى موچەى ئەو کەسانە نییە کە موچەیەک یان زیاتر وەردەگرن یان لە دەرەوەى رێکار و یاسا کارپێکراوەکانى هەرێم مینحەى زیاتریان وەرگرتوە و موچەى زیاتریان وەرگرتوە و پێویستە ببڕدرێت، بەڵکو ئەبێت بە شێوازیک بێت پێداچونەوە بە مەسەلەى میلاکات و شێوازى کارکردنى ئەو فەرمانبەرانە بکرێت لە حکومەتى هەرێم.
چەند ساڵە ئێمە دەڵێین بندیوار لەوانەیە خەڵکێکى زۆر هەبێت کە موچە وەردەگرێت، بەڵام هیچ کارێک ناکات و لەوانەیە لەناو هیزەکانى پیشمەرگە چەندین خەڵک هەیە کە ناویان وەهمییە کە پێویست دەکات حکومەت رێکار و رێوشوێنى جددى بگرێتەبەر بۆ ئەوەى ئەو ناوانە دەربکات و لیستەکان پاک بکاتەوە لە خەلکانى وەهمى و بندیوار، پڕۆسەکە پڕۆسەیەکى گرنگ و ئاڵۆزە بەڵام بۆ ئەوەى چارەسەرى ئەو کێشانە بکەین پێویستە بە بوێرییەوە و بەو ئیرادەیەکى سیاسى بەهێزەوە دەست ببەین بۆ ئەو کەیسانە، چونکە خەڵکانێکى زۆر لێى زەرەرمەند دەبن و لەوانەیە گروپى گەورە دروست بێت بۆ رێگریکردن لەو هەنگاوەى حکومەت، بەڵام پێویست دەکات حکومەت و سەرۆکایەتى بە ئیرادەیەکى بەهێزەوە روبەڕویان ببێتەوە و هەمو ئەو رێگرى و لەمپەرانەى دێنە بەردەم جێبەجێکردنى یاساکە وەک خۆى لای ببەن.
* ئەنجومەنى وەزیران کۆمەڵێک بڕیارى یەکلەدواى یەکى دەرکردوە بۆ چاکسازى کە دواترینیان پێکهێنانى هێزێکى هاوبەشە لە خاڵەسنورییەکان بۆ رێگرى لە قاچاخچێتى کە ئێوەش بە لیژنەیەک کاتێک سەردانتان کرد بۆتان دەرکەوت کەمتەرخەمى و قاچاخچێتیان تێدا دەکرێت، ئایا ئەو بڕیارانە تاچەند دەتوانن کۆتایى بەو دۆخە بهێنن؟ ئێوە تا چەند ئاگادارن و بۆ لێپێچینەوە و قسەتان نیە لەکاتى جێبەجێنەکردنى بڕیار و هەنگاوەکانى چاکسازى؟
بەڵێن ئیسماعیل: بێگومان پەرلەمانى کوردستان، بەتایبەت لیژنەى دارایی بە بەردەوامى چاودێرێکى وردە بەسەر چۆنیەتى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى لە ماوەى رابردودا ئێمە لە لیژنەکە سەردانى تەواوى دەروازە سنورییەکانمان کردوە هەمو کێشە و کەموکورتییەکانى دیاریکردوە و بە راسپاردە ئاڕاستەى ئەنجومەنى کردوە بۆ جێبەجێکردن بۆ ئەوەى یاسا و بڕیارى لێدەربچێت ئەوەى لە خاڵە سنورییەکان دەگوزەرێت دو بەشە بەشێکى بریتییە لەو بەهەدەردان و گەندەڵى و قاچاخچێتیەى کە لە دەروازەکان دەکرێت بەشێکى دیکەیشى بریتییە لە ئەنجامدانى ئەو گرێبەستانەى کە لەگەڵ کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان کراوە بە شێوازێکى یاسایی بەڵام بێگومان ناعەدالەتییەکى زۆرى تێدایە لە خزمەتى کۆمپانیاکاندایە بە زیانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، ئەو داهاتەى دەستیان دەکەوێت زۆرینەى بۆ کۆمپانییاکان دەبات بەشێکى کەمى دێتە لاى حکومەت لەبەر ئەوە ئێمە لە هەردو دیوەکەى ئەو دیوە یاساییەى کە پەیوەندى بە گرێبەستى نێوان حکومەت و کۆمپانیاکان هەیە هەم ئەو دیوەى کە وەک بەهەدەردان و گەندەڵى و قاچاخچێتى و ئەوەى کە شێوازێکى مافیاگەرایی وەرگرتوە لە دەروازەکان بونى هەیە هەردو بریارەکە دەرچوە هەم پێداچونەوە بە گرێبەستى کۆمپانیاکان.
تا ئێستا لەوانەیە هەندێک ئامادەکارى بۆ کرابێت هەندێک رێوشوێنى بۆ گیرابێتەبەر، بەڵام وەک ئەنجام تا ئێستا ئەو کۆمپانیایانە وەک خۆیان بەردەوامن لەو شێوازى کارکردن و لەو گرێبەستانەى کە پێشتر بۆیان کراوە وەک باسم کرد بەشێکى زۆرى داهاتەکە بۆ کۆمپانیاکانە، دواترین بریاریان ئەوانەیە کە دەرچوە بۆ پێکهێنانى هێزێکى هاوبەش لە وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى پێشمەرگەبۆ دەروازە سنورییەکان بێگومان ئەوە یەکێک بوە لەو راسپاردانەى کە ئێمە پێشکەشى حکومەتى هەرێمى کوردستانمان کردوە یان ئەوات لەو هێزانەى کەلەبەردەستان هێزێکى هاوبەش دروست بکەن یان بتوانن هێزێکى نوێ دروست بکەین لە خەڵکانى بێ لایەن بە تایبەت لە فەرماندەکانى ئەو هێزانە بۆ ئەوەى لەژێر کاریگەرى هیچ گروپێکى سیاسى و ئەمنیدا نەبن بچنە خاڵە سنورییەکان ئەوەى ئێستا بڕیارەکەى لێدراوە هێزەکە بە هێزێکى هاوبەش لەنێوان وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە تەشکیل دەکرێت و ئەمزوانە ئەنێردرێتە دەروازە سنورییەکان بە رێگریکردن لە قاچاخچێتى و ئەو بەهەدەردانەى هەیە بۆ ئەوە ئێمە هەم چاودێر دەبین هەم دەبێت هاوکار بین چەند پێشنیازێکمان خستوەتە رو بۆ ئەوەى کە هێزەکە بتوانێت ئیشەکانى خۆى بە باشى جێبەجێ بکات هێزەکە هێزێکى تێکەڵاو بێت فەرماندەکیانیان خەڵکانى بێلایەن و دڵسۆز بن کە تێوەنەگلابن لە گەندەڵى لە هەموى گرنگرت ئەوەیە کە پێویستى بە پشتیوانییەکى سیاسى هەرسێ هێزەکە هەیە کە حکومەتیان پێکهێناوە بە تایبەتى یەکێتى و پارتى.
ئێمە لە دوا کۆبونەوەدا بە بەرپرسانى حکومەتى هەرێم و بە جێگرى سەرۆکى حکومەتمان وتوە کە چۆن لە بەغدا دەتوانن وەک عومقێکى سیاسى و ستراتیجى پێویست دەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانمان بۆ ئەنجامدانى چاکسازییەکە پێمانوایە عومقى چارەسەرکردنى کێشە داراییەکان لە هەرێمى کوردستانە لەناو حکومەت و پەرلەمانە، بۆیە دەبێت هەمو ئەو بڕیارانەى کە دەردەچن بۆ چاکسازى و دروستکردنى ئەم هێزەش بۆ رێگریکردن لە قاچاخچیتى لە چوارچێوەى ئەو بریارانەدا پێویست دەکات پشتیوانى بکرێت و هەرسێ لایەنەکە چیان پێدەکرێت بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە وەک خۆى بیکەن.
* ئەنجومەنى وەزیران خشتەیەکى زەمەنى پەسەند کرد بۆ ئامادەکردنى پڕۆژە یاساى بودجەى (2021)، تا چەند گرنگە پڕۆژە یاساى بودجە بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت؟
بەڵێن ئیسماعیل: یەکێک لە گرفتە هەرە گەورەکان لە هەرێمى کوردستان بەتایبەت بۆ ئیش و کارى پەرلەمانى بابەتى نەبونى پڕۆژەیاساى بودجەیە کە ئەوە بۆ ماوەى حەوت ساڵى رەوانەى پەرلەمانى کوردستان نەکراوە. ئێمە لە ماوەى ئەم شەش مانگەى رابردو هەم وەک فراکسیۆنى گۆڕان هەم وەک لیژنەى دارایی چەندین جار باسى ئەوەمان کردوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمساڵ نابێت لەژێر بیانوى هیچ ناوێکدا پڕۆژەیاساى بودجە نەنێرێت، بۆ نمونە ساڵى رابردو بیانوەکەیان ئەوەبو کە لەگەڵ بەغدا نەگەیشتونەتە ئەنجام و نازانن داهاتى جێگیرمان چەندە و خەرجیمان چۆنە، بەڵام ئەمساڵ فشارەکان بەردەوامە بۆ ئەوەى بە هەر شێوازێک بێت پڕۆژەیاساى بودجە ئامادە بکرێت.
لە کۆبونەوەى رابردوى ئەنجومەنى وەزیران هەردو وەزارەتى دارایی و پلاندانان راسپێردراون بۆ ئەوەى رەشنوسى پڕۆژەیاساکە ئامادە بکەن بۆ ماوەیەکى دیاریکراو کەم کە لانى کەم ئێمە داخڵى خولى نوێى وەرزى یاسادانان نەبینەوە لە (1/3)ـەوە پڕۆژە یاساى بودجە ئامادە بێت بۆ ئەوەى پەرلەمانى کوردستان جێبەجێى بکات لەو بیانوانەى کە باسیشى دەکەن؛ داهاتەکان جێگیر نیە و پێشنیازمان کردوە کە ئەو داهاتەى کە ئێستا لەبەردەستدایە ئەوە جێگیر بکەن لە پڕۆەیاساکە و وەک پەرلەمان دەسەڵات بدەینە ئەنجومەنى وەزیران لە هەمو بارێکدا بەشێوازیک داهات بەکاربهینن کە لە خزمەتى گشتى و موچەى موچەخۆرانى کوردستاندا بێت لەبەر ئەوە ئەوە خاڵێکى زۆر گرنگە کە پڕۆژەیاساکە ئامادە بکرێت و بە پەسەندکردنى پڕۆژەیاساکە بۆ ساڵى (2021) هەم بۆ کارى پەرلەمانى هەم بۆ رێکخستنەوەى خەرجى و داهات لە هەرێمى کوردستان دەتوانم بڵێم هەنگاوێکى گەورە دەچینە پێشەوە.
* وەک ئەندامێکى لیژنەى دارایى بێگومان ئاگادارى دانوستانەکان و دۆخى دارایى هەرێمیت، ئایا حکومەتى هەرێم دەتوانێت لە ئەگەریى نەناردنى پشکى هەرێم لە بەغداوە خۆى بژیەنێت و موچەى فەرمانبەرانى بدات، ئەگەر دەتوانێت بە چ میکانیزمێک ئەگەرناشتوانێت هۆکارەکەى چیە؟
بەڵێن ئیسماعیل: بێگومان کاتێک شاندى دانوستانکار بە سەرۆکایەتى جێگرى سەرۆکى حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان کە وەفدى دانوستانکارن لە بەغدا هاتنە پەرلەمانى کوردستان و هەمو رێوشوێنەکانى رابردویان لە بابەتى رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى عێراق خستەڕو و ئێمە لەوێ باسمانکردوە لە حاڵەتى رێکنەکەوتنى هەمومان فشارەکانمان بۆ ئەوەیە کە لەگەڵ حکومەتى عێراق بگەینە رێککەوتن ئێستا رێککەوتنێکى حکومى هەیە لەسەر ئەوەى کە بودجەى (2021) رەوانەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کراوە، بەڵام ئەوەى کە لەبەرچاومانە و لەلاى هەموان رونە کە ئەو پڕۆژەیاسایە وەک ئەوەى کە رۆشتوەتە پەرلەمانى کوردستان زەحمەتە بەو شێوازە تێبپەڕێت، بۆیە لەوانەیە گرفت و لەمپەر دروست ببێت بۆیە لە حاڵەتى رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتى عێراقى وەک باسم کرد عومقى چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانمان لە هەرێمى کوردستانە ئەو داهاتەى لە هەرێمى کوردستان هەیە وەکو داهات نەک وەک ئەوەى کە ئێستا دەچێتە ناو خەزێنەى گشتى و بەردەم وەزارەتى دارایی حکومەتى هەڕیمى کوردستان، بەڵام بە گشتى ئەو داهاتەى لە هەرێمى کوردستان هەیە بێگومان بەشى موچە و بەگەڕخستنەوەى پڕۆژەکان دەکات.
بەهۆى ئەو گەندەڵى و بەهەدەردانەى ئێستا لەداهاتى هەرێم هەیە لەو دەستێوەردانەى کە حیزبە سیاسییەکان بۆ قۆرخکردن و بۆ بەتاڵانبردنى داهاتى هەرێمى کوردستان دەستیان داوەتێ بێگومان ئەوەى ئێستا دەمێنێتەوە بۆ بەردەم خەزێنەى گشتى بەشى موچە ناکات، ئەرکى سەرەکى حکومەت خێرا ئەنجامدانى چاکسازییە لە هەمو سێکتەرەکان بەتایبەتى لە نەوت و خاڵە سنورییەکان و کەمکردنەوەى خەرجى و زیادکردنى داهات و ریکخستنەوەى داهاتەکانى ناوخۆ لە باج و رسومات بەمە هەنگاوێکى باش دەچینە پێشەوە.
دواتر پرسیاریکى جددى دێتە پێشەوە ئەگەر ئێمە حکومەتى عێراقى و هەرێمى کوردستان رێکنەکەون لەسەر یاساى بودجە، ئەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە حکومەتى عێراقى چۆن دیاریدەکرێت بێگومان بەپێى ئەو یاسایانەى کە لە عیراق هەیە ئەگەر بودجەى (2021) بەهۆى ناکۆکییەکانەوە پەسەند نەکرا ئەوکاتە ئەگەڕێینەوە بۆ یاساى ئیدارەى مالى و حکومەتى عێراقى ئەوکاتە بەشێک لە بودجەى هەرێمى کوردستان بەپێى ئەو یاسایە بۆ هەرێم دەنێرێت ئەوەش لەگەڵ داهاتەکانى ناوخۆ و بێگومان بەشى موچە دەکات، لە هەمو حاڵەتێکدا حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوتەریب لەگەڵ هەوڵدان بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى عێراقى بەڵام هەمو هێلکەکانى خۆى نەخاتە سەبەتەىحکومەتى عێراقییەوە ئەویش بە ئەنجامدانى چاکسازى تەواوەتى لە هەرێمى کوردستان و دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە کاتى خۆیدا.