کوێستان محەمەد: بڕیاری بەشداریکردنمان لە حکومەت نەداوە

17/12/2018

ئەندامێکی جڤاتی
گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پڕۆژەیەکیان داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستان
و تائێستاش بۆ بەشداریی کردن لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم یەکلایی نەبونەتەوە.

کوێستان محەمەد،
ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، رایگەیاند: پێویستە كابینه‌ی داهاتوی حكومه‌تی
هەرێم به‌رژه‌وه‌ندییەکانی خه‌ڵك لەبه‌رچاو بگرن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نوسیان وەک كابینه‌كانی
پێشو به‌ شكست كۆتایی نەیات.

رایگەیاند: تائێستا
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی به‌شداریی كردن یان نه‌كردن له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی
هه‌رێم یه‌كلایی نه‌كردوه‌ته‌وه‌، دوای کۆبونەوە فەرمییەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی
کوردستان و ئاشنا بون بە کارنامەی حکومەت و گره‌نتی جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی
كارنامه‌كه و هه‌نگاونان بۆ چاكسازیی و رونی له‌داهات و هه‌مو ئه‌و پرسانەی،
بزوتنەوەی گۆڕان زه‌مه‌نێكه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر‌ ده‌كه‌ین، ئەوکاتە‌‌ جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی
گۆڕان كۆبونه‌وه‌ی خۆی ده‌به‌ستێت و راسپارده‌ بۆ جڤاتی نیشتمانی دەنێرێت.

وتیشی :"دوا
بڕیار لای جڤاتی نیشتیمانییە بۆ بڕیاردان لەسەر ‌به‌شداریی كردن یان نه‌كردنی
بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بەو
پۆستانەی گۆڕان بە ئیستیحقاقی خۆی دەزانێت، کوێستان محەمەد رایگەیاند: هێشتا ئەو
پرسانە یەکلایی نەکراوەتەوە، چونكه‌ به‌رچاومان رون نییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئایا به‌شداریی
ده‌كه‌ین یان نا، هه‌ر كاتێك به‌شداریی بكه‌ین ئه‌و پۆستانه‌ی به‌ ئیستیحقاقی خۆمانی
ده‌زانیین داوایان ده‌كه‌ین.

کوێستان محەمەد
جەختی کردەوە؛ بزوتنەوەی گۆڕان وه‌ره‌قه‌یه‌كی كاری هه‌یه‌ و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و
خاڵانه‌دا‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كه‌ین، کە دو ته‌وه‌ر له‌خۆ ده‌گرێت، ته‌وه‌ری
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌وه‌ری حكومه‌تی ناوه‌ند، هه‌ردو ته‌وه‌ره‌كه‌ چه‌ند
خاڵێك له‌خۆ ده‌گرێت بۆ چاكسازیی و رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌مو ئه‌و
پرسانه‌ی له‌ رابردودا قسه‌مان له‌سه‌ركردوه‌.

وردەکاریی
بەرنامەی کاری بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ حکومەتی نوێ ئاشکراکرد کە خۆی دەبینێتەوە لە؛ كۆتایی
هێنان به‌ قه‌یرانی دارایی، چاككردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك، نه‌هێشتنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌،
رونی له‌ داهاته‌كان و داهاتی نه‌وت و دروستكردنی سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان‌،
لەگەڵ پرسی سه‌روه‌ربونی یاسا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی‌.

کوێستان محەمەد
ئاماژەی بەوەکرد؛ بەشێکی دیکەی کارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان په‌یوه‌ندیی به‌ په‌رله‌مان
و كاره‌كانی و یاسادانانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌رچی په‌یوه‌ست به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌
هه‌یه‌ خاڵه‌كان بریتیین له‌ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی
ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی بودجه‌ و موچه‌ی خه‌ڵكی
كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و موچه‌ی
پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئیستیحقاقاتی دیكه‌.

لەو
چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، كوێستان محه‌مه‌د ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە؛ کارناكه‌مه‌ی
ئێمه‌ له‌ ئێستا و له‌ رابردودا، هه‌مو پاكێجه‌كانی چاكسازییمان، هه‌مو رێككه‌وتنه‌كانمان
ته‌نها و ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هاونیشتمانییاندا بوه‌، هیچ خاڵێكی تێدانییه‌
له‌به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی بێت، بۆیه‌ ده‌بێت كابینه‌كانی داهاتوی حكومه‌ت ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی
خه‌ڵك لەبه‌رچاو بگرن بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌و كابینانه‌ی حكومه‌ت وه‌كو كابینه‌كانی
پێشو به‌ شكست كۆتاییان پێنه‌یه‌ت.


هەواڵی زیاتر