لەسەر دۆسیەی عەلوەی کەلار پەرلەمانتارانی گۆڕان بەڵگەکانیان بردە دادگا

25/01/2021

سێ پەرلەمانتای فراکسیۆنی گۆڕان،  لەسەر دۆسیەی عەلوەی کەلار، چونە بەردەم دادگا و بەڵگەکانیان پێشکەش بە دادوەری لێکۆڵینەوەکرد.

دوای ئەوەی سکاڵای یاسایی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان تۆمار کرابوو، ئەمڕۆ هەریەک لە پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح، شیرین ئەمین، رزگار محەمەد چونە بەردەم دادگای بەرایی کەلار.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی دۆسیەکەوە بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: لەسەر داوای کەسێک کە پەیوەندی بە عەلوەی کەلارەوە هەیە سکاڵای یاساییمان لەسەر تۆمارکراوە، هەرچەندە سکاڵاکە هیچ بنەمایەکی نەبووە، بەڵام ئه‌وان چونەته‌ بەردەم دادگا و سەرجەم بەڵگەکانیان خستوەتەڕوو، دۆسیەکە پەیوەندی بە ملیۆنان دۆلاری خەڵکی کاسبی گەرمیانەوە هەیە و بەشێکە لەو بەدوادچاونانەی پێشتر کردومانە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو داوایانەی لەسەریان تۆمار دەکرێت، بەشێکی داوای یاساییە، بەڵام بەشێکی بۆ ماندوکردنیانە بۆ ئەوەی کۆڵ بدەن، رۆژێک لە هەولێر و رۆژێک لە پێنجوێن و ئێستا لە کەلار سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: تەنها خۆمان (80) دۆسیەی گەندەڵییمان داوەتە دادگا لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تا وەزیری و بەرپرسانی دیکە، لەسەر گەندەڵی و دۆسیەی نەوت و قاچاخچێتی و خاڵە سنورییەکان و بردنی ملیۆنان دۆلار، بەڵام تائێستا یەک کەسیان نەچوەنەتە بەردەم دادگا.

وتیشی: ئێمە لەسەر بەرگری کردن لە مافی خەڵک موڵکی گشتی بەدواداچون دەکەین و دەچینە بەردەم دادگا، لەسەر ئەوەی دەڵێین نابێت موڵکی گشتی و پارەی خەڵک ببرێت، نابێت قاچاخچێتی و گەندەڵیی بکرێت، هەر رۆژەی لە شوێنێک دەماندەنە دادگا، بەڵام ئەو بەرپرسانەی بە شەو خەریکی قاچاخچێتی و تاڵانیین و خەریکی بەهەدەردانی سامانی گشتیین، ئامادەنین بچنە بەردەم دادگاکان و لێپرسینەوەیان لێبکرێت.

عەلی حەمەساڵح، ده‌ڵێت: ئەم دۆسیانە ئاماژەی ئەوەیە دادگاکانی هەرێمی کوردستان توانای لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیان نییە لەوانەی سەروەت و سامانی وڵات دەبەن، بەڵام ئێمە لەسەر بەرگریکردن لە مافی خەڵک هەرکات سکاڵامان لەسەر تۆماربکرێت دەچینە بەردەم دادگا و سەرجەم بەڵگە و زانیارییەکان دەخەینەڕو".


هەواڵی زیاتر