سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان: پێويستە بەزویی دەستگیرکراوانی بادینان ئازادبکرێن

26/01/2021

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان داوای دەستبەجێی ئازادکردنی دەستگیرکراوانی بادینان دەکات کە ژمارەیان نزیکەى (70) کەسە.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، گوڵستان سەعید سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان و جێگرى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند: یەکێک لە شانازییەکانى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە پاراستنى مافەکانى مرۆڤ بۆتە ناسنامەى ئەوەش لە رێگەى جێبەجێکردنى ئەو بڕگە و ماددە یاساییانەى لەگەڵ بنەماکانى مافەکانى مرۆڤ دێنەوە.

سەبارەت بە دەستگیرکراوانى بادینان، گوڵستان سەعید وتى،" ئەوەى بەدەست ئێمە گەیشتوە کەیسى (16) کەسە کە دەستگیرکراون، بەڵام ژمارەکە زیاترە و لە نێوان (50 بۆ 70) کەسە و چەند مانگێگە دەستبەسەر کراون بەبێ ئەوەى چارەنوسیان دیار بیت".

باسى لەوەشکرد، وەک فراکسیۆنى گۆڕان و وەک لیژنەى مافى مرؤڤ لەسەرەتاوە بەدواداچوون و چاودێرى ئەو بابەتەیان کردووە، بەڵام حکومەت و دامودەزگاکان هیچ کارئاسانییەکیان نەکردووە بۆ بینینى زیندانییەکان.

ئاشکرایکرد، وەک جێگرى سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤ لە بارەى ئەو بابەتەوە دوو جار پرسیارى ئاراستەى حکومەت کردووە و دواى لێکردوون چارەنوسى ئەو کەسانە دیارى بکرێن، بەڵام تا ئێستا حکومەت وەڵامى نەداونەتەوە.

ئەو ئاماژەى بەوەشکرد، ناکرێت هەرێمى کوردستان یەکێک لە شانازییەکانى بەروى دەرەوەدا ئەوەبێت کە رێز لە مافەکانى مرؤڤ ئازادى رادەربڕین دەگرێت، بەڵام لەسەر هەمان بابەت خەڵک بخاتە زیندانەوە و چارەنوسیشیان بە نادیارى بهێڵێتەوە.

 سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان جەختى کردەوە، ئەگەر کەسێک بەبەڵگەوە بوەتە هۆى مەترسى لەسەر ئەمنیەتى وڵات پێویستە بەبەڵگەوە بخرێتە روو بۆ پەرلەمان و دادگا و رایگشتى، ئەگینا ناکرێت بێ هیچ شتێک خەڵک لە زیندان بهێڵرێتەوە و خێزان و کەسوکاریشیان لە راڕایى و دودڵیدا بژین.


هەواڵی زیاتر