دلێر عه‌بدولخالق: پێوسته‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ڕێككه‌وتنی‌ عێراق و هه‌رێم بكرێت و 30 ڕۆژ جارێك موچه‌ دابه‌شبكرێت

30/01/2021

جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر پێوستی‌ ڕێكه‌وتنی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراق ده‌كاته‌وه‌ و داواده‌كات ‌ چاكسازی‌ گشتگیر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامبدرێت و‌ مانگانه‌ موچه‌ له‌ واده‌ی‌ خۆیدا دابه‌شبكرێت.

له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا دلێر عه‌بدولخالق، ڕێكخه‌ری‌ ژوری‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: كۆبونه‌وه‌ی‌ نائاسایی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان تایبه‌تبوو به‌‌ پرسه‌ ناوخۆییه‌كان و دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عێراق، ئێمه‌ هه‌ڵوێستمان نه‌گۆڕه‌  له‌گه‌ڵ ڕێككه‌وتنی‌ هه‌ولێر و به‌غدادین، به‌شێوه‌یه‌ك مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پارێزراوبێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرنگه‌ پێوسته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌گه‌ری‌ دوه‌میش كه‌ ڕێكنه‌كه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد ئاماده‌بێت و له‌ ناوخۆدا چاكسازی‌ ڕیشه‌ی‌ بكرێت و موچه‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا بدرێت، خه‌ڵك مافی‌ خۆیه‌تی‌ مانگانه‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا موچه‌ی‌ پێبدرێت.

دلێر عه‌بدولخالق، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌جندای كۆبونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بۆ پرسه‌ ناوخۆییه‌كان وتی: له‌چه‌ند رۆژی رابردودا سێ ئه‌ندامی خانه‌ی ڕاپه‌راندن ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان ئاراسته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ كردوه‌، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتمانی بڕیاردرا له‌ زوترین كاتدا به‌رپرسیارێتیه‌ رێكخراوییه‌ به‌تاڵه‌كان له‌ خانه‌ی ڕاپه‌راندن و ئۆرگانه‌كانی دیكه‌ پربكرێنه‌وه‌.

وتیشی، سوپاس و پێزانینمان بۆ جوامێری ئه‌و سێ كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌ نارد، كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردودا دڵسۆزانه‌ له‌گه‌ڵمان بون و به‌نامه‌یه‌كی تایبه‌تی جڤاتی نیشتمانیش پێزانینیان ئاراسته‌ ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و دیار و هاوكاری ئێمه‌ن له‌ هه‌ركوێبن به‌ هاوكار و پاڵپشتی خۆمانیان ده‌زانین، دڵنیاین به‌شێك ده‌بن له‌و توانا‌ مرۆییه‌ی كار بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

پەیوەندیدار بە ئۆرگانەکانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، رێکخەری‌ ژوری‌ رۆژنامەوانی‌ وتی‌: هەمو ئەو ئۆرگانانەی‌ گۆڕان هەیەتی‌ پێویستە پابەندی‌ ستراتیژی‌ سیاسی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بن، لە کۆبونەوەی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ باس لەوە کرا هەر رێوشوێنێک کە بزوتنەوەکە بیدات لە چوارچێوەی‌ دەستوری‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان دەبێت.

جڤاتی نیشتمانی دامه‌زراوه‌ی سه‌ركردایه‌تی بواره‌كانی كاری سیاسی، رێكخراوه‌ی، كارگێری، دارایی و میدیایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌ له‌نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا، سه‌رپه‌رشتی هه‌موو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای هه‌موو ئاسته‌كانی په‌یكه‌ره‌ی رێكخراوه‌ییه‌.


هەواڵی زیاتر