لەسەر داوای خۆیان؛ پارێزبەندیی لەسەر دوو پەرلەمانتاری گۆڕان هەڵگیرا
01/02/2021
دوای پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی لەسەریان، بۆ ئەوەی لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتی خاڵە سنورییەکان بچنە بەردەم دادگا، پارێزبەندیی لەسەر هەریەک لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵگیرا.
رۆژی (12/1/2021) هەردو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد، بە نوسراوی فەرمی داوایان لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگرێت و ئاماژەیان بەوەکردوە، لەسەر باسکردنی دۆسیەی قاچاخچێتی لە سنوری باشماخ، سکاڵای یاساییمان لەسەر تۆمارکراوە و دادگا داوای رەزامەندی پەرلەمان دەکات بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەئێستادا هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئێمە لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و دانیشتنی پەرلەمانی ناوێت.
پەرلەمانتارەکان، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادگا، بۆ ئەوەش داوا دەکەن بەزوترین کات پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و دادگاش بە زوترین کات دانیشتنی دادگایی کردنیان ئامادە بکات.
دوو پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان رایانگەیاندوە: هەمو ئەو بەڵگە و زانیارییانەی پەیوەستن بە قاچاخچێتی و ئەوانەی بەو کارە هەڵدەستن، لەگەڵ ئەو (750) ملیۆن دۆلارەی بەتەنها لەماوەی (18) مانگی رابردودا دەستکەوتوە دەخەینەڕو.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە دو نوسراوی جیاوازدا کە رۆژی (14/12/2020) ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە، دادگای لێکۆڵینەوە پێنجوێن، لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، داوا پەرلەمان دەکات پارێزبەندیی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان هەڵبگیرێت بەمەبەستنی گرتنەبەر رێکاری یاسایی بەرامبەریان بەپێی مادەی (433/1) لە یاسای سزادانی عێراقی.
جوڵاندنی ئەو سکاڵایانە دوای ئەوەدێت کە لەماوەی رابردودا هەردو پەرلەمانتار چەندین بەدواداچونیان کردوە بۆ دۆسیە قاچاخچێتی رێکخراو لە دەروازە سنورییەکان، کە بەهۆیەوە زیانێکی گەورە بە سامانی گشتی و داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوە، ئاماژەیان بەوەکردوە، لەبری ئەوەی داهات بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی دەچێتە گیرفانی ژمارەیەک کەس و بەرپرسەوە.