سەرۆکی‌ لیژنەی‌ لامەرکەزی‌: لامەرکەزییەت پەیوەندی‌ بە لەتبونی‌ قەوارەی‌ هەرێمەوە نییە

03/02/2021

سەرۆکی لیژنەی لامەرکەزیەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند؛ رەشنوسێکیان بۆ سیستمی لامەرکەزی‌ بۆ پارێزگاکانی هەرێم کردوە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردوە.

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی لامەرکەزیەت لە ئەنجومەنەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ (سبەی‌) رایگەیاند: بزوتنەوەی‌ گۆڕان و یەکێتی‌ نیشتیمانی‌ کوردستان و پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان هەریەکە و لای‌ خۆیەوە لیژنەیەکیان لە ئاستی‌ باڵا پێکهێناوە بۆ ئەوەی‌ بتوانن بیروبۆچونی‌ خۆیان لە چوارچێوەی پەیڕەوێکدا پێشکەش بە حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکە لەبارەی پرسی لامەرکەزییەوە.

ئاماژەی‌ بۆ ئەوەکرد؛ ئەو پەیڕەوەی بۆ سیستمی لامەرکەزی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت، بەشێوەیەکی‌ کاتی‌ بۆ پرسی‌ لامەرکەزیەت کاری پێدەکرێت تا ئەوکاتەی‌ یاسای‌ ژمارە سێی‌ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەموار دەکرێتەوە.

بەرزان شێخ محەمەد وتیشی‌ :"رەشنوسی‌ ئەوە پڕۆژەیەی کە ئامادەکراوە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی‌ کوردستان دەکرێت و بۆ گۆڕینی‌ سیستمەکە لە تەواوی‌ هەرێمی‌ کوردستان بۆ لامەرکەزی و بۆ سەرجەم پارێزگاکان کاری پێدەکرێت نەک تەنها بۆ یەک پارێزگا یان تەنها بۆ پارێزگای سلێمانی".

رایگەیاند:"ئێمە وەک بزوتنەوەی‌ گۆڕان پەیڕەوی‌ خۆمان پێشکەشی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان کردوە و بریاربو لە (15) مانگ حکومەت بڕیاری‌ لەسەر بدات، بەڵام تائێستا پەسەند نەکراوە و چاوەڕوانی‌ وەڵام و بڕیاری ئەوانین".

سەرۆکی لیژنەی لامەرکەزیەت جەختی‌ کردەوە ئەم پڕۆژەیە تەنها گۆڕینە لەم سیستمەی‌ ئێستاوە بۆ لامەرکەزی‌ و تەنها بۆ ناوخۆی‌ هەرێمی‌ کوردستانە و هیچ پەیوەندییەکی‌ بە لەتبونی‌ قەوارەی‌ هەرێمەوە نییە و تەنها گۆڕینی‌ سیستمی‌ مەرکەزییە بۆ لامەرکەزی‌.


هەواڵی زیاتر