لامەرکەزییەتی ئیداریی و دارایی دەتوانێت داهاتێکی زۆر باش بۆ هەر پارێزگایەک بەدەستبخات

04/02/2021

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: بزوتنەوەی گۆڕان لە بنچینەدا لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت دروستبووە، بۆیە وەک یەکەم حزب داوای جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتمان کردووە.

رێبوار ئەحمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) راگەیاند، وەک بزوتنەوەی گۆڕان یەکەم حزب بوین داوای جێبەجێکردنی دەسەڵاتی لامەرکەزییەتمان کردووە و پرۆژەمان هەبووە بۆی، دەمانەوێت لامەرکەزییەت لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێبکرێت.

دەشڵێت: بە جێبەجێکردنی پرۆژەی لامەرکەزییەت قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت، پێویستە حکومڕانی لەسەر بنەمای لامەرکەزی بێت، چونکە رۆتیناتی دارایی و ئیداریی کەم دەبێتەوە و کارئاسانی زیاتر بۆ هاوڵاتیان دەکرێت لە راپەڕاندنی کاروبارەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی (2009)ی پارێزگاکان خۆی لە خۆیدا جێبەجێکردنی دەسەڵاتی لامەرکەزییەتە، چونکە لەرووی کارگێڕیی و داراییەوە دەسەڵات دەدات بە پارێزگار و ئەنجومەنەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایەش جێبەجێنەکراوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت: "ئێمە داوا دەکەین دەسەڵات بدرێت بە پارێزگاکان نەک دەسەڵاتەکانیان بۆ شۆڕ بکرێتەوە، چونکە جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتی ئیداریی و دارایی دەتوانێت داهاتێکی زۆر باش بۆ هەر پارێزگایەک بەدەستبخات".


هەواڵی زیاتر