جڤاتی‌ گشتیی‌ ده‌ره‌نجامی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ پارتی‌ و گۆڕان تاوتوێ ده‌كات

20/12/2018

جڤاتی‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پرسی‌ كۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كان و
هه‌روه‌ها دوایین پێشهاتی‌ سیاسی‌ و پرسی‌ به‌شداریكردنی‌ گۆڕان له‌
حكومه‌ت یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌.

ره‌وف عوسمان ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌
(سبه‌ی‌) راگه‌یاند: رۆژی (پێنجشه‌ممه‌) جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌كه‌
كۆبونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ ئه‌نجام ده‌دات و تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر دو ته‌وه‌ر
ده‌كات، ئه‌وانیش بریتین له‌ پرسی‌ كۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌
گۆڕان و هه‌روه‌ها دوایین پێشهاته‌ سیاسیه‌كانی‌ ناوخۆ و پرسی‌ به‌شداریی‌
گۆڕان له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

وتیشی‌: سه‌باره‌ت به‌ كۆنفرانسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ گۆڕان، ئه‌ندامانی‌
جڤاتی‌ گشتی‌ راوێژ و گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌
باڵا و له‌و لیژنه‌ باڵایه‌شه‌وه‌ (9) لیژنه‌ی‌ فه‌رعی‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن
كه‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كان به‌پێی‌ پسپۆڕیتی‌ له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا
داده‌نرێن و راده‌سپێردرێن بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌كاری‌ بكه‌ن بۆ به‌ستنی‌
كۆنفرانسی‌ ناوخۆیی‌.

له‌باره‌ی‌ پرسی‌ به‌شداریكردنی‌ گۆڕان له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌ت، ئه‌و
ئه‌ندامه‌ی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ گۆڕان كه‌ هاوكات یه‌كێك بو له‌
ئه‌ندامانی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ گۆڕان له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ گۆڕان و
پارتی‌ له‌ سلێمانی‌، وتی‌: تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن
گۆڕانه‌وه‌ نه‌دراوه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌ت یان نه‌كردن.

وتیشی‌: له‌ژێر رۆشنایی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆمان له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌
دانوستانكاری‌ پارتی‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێیی‌ جڤاتی‌ گشتیدا
هه‌ندێك له‌و خاڵانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ تاوتوێمان كردون، ده‌یانخه‌ینه‌
به‌ر باس و گفتوگۆ و پاشان به‌ راوێژی‌ ئه‌ندامان، راسپارده‌ و پێشنیار
به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ له‌باره‌ی‌
به‌شداریی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت له‌وێوه‌ ده‌درێت.

كۆبونه‌وه‌ی‌ جڤاتی‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوابه‌دوای‌ كۆبونه‌وه‌ی‌
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌)ی‌ وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و پارتی‌
دیموكراتی‌ كوردستان دێت كه‌ له‌ مه‌كۆی‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕان له‌ سلێمانی‌
به‌ڕێوه‌چو، تیایدا هه‌ردولا راگه‌یه‌ندراوێكی‌ هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و
هەردولا جەختیان لەسەر داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمە کردەوە بۆ بوارەکانی
شەفافیەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و باشتركردنی بژێوی خەڵك و
چاكسازی ریشەیی.

جڤاتی‌ گشتیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جڤاتێكی‌ راوێژكارییه‌ و پێكدێت له‌
ژماره‌یه‌ك ئه‌ندام كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پسپۆڕێتی‌ و ئه‌زمونی‌ كاری‌
له‌مێژینه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌ستنیشان كراون، كاری‌ ئه‌م جڤاته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌
پرسه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و هه‌روه‌ها پێدانی‌ پێشنیار و
راسپارده‌یه‌ به‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.


هەواڵی زیاتر