سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: ئەو هاوبەشییەى ئێستا لە حکومەت هەیە دەبێت شۆڕ ببێتەوە یان لامەرکەزییەتی تەواو هەبێت
08/02/2021
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، داوادەکات، هاوبەشی ئێستای حکومەت شۆڕببێتەوە بۆ پارێزگاکان، بەئامانجی بەشداری سەرجەم لایەنەکان و ڕێگری لە حوکمی تاکلایەنە.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە پڕۆسەی دەنگدان بە پارێزگاری نوێی هەولێر ئاشکرا دەکات و دەڵێت:"پێویستە ئەو هاوبەشییەی لە حکومەت هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگاکانیش رەنگ بداتەوە و هەولێریش کە پایتەختی هەرێمی کوردستانە دەبێت نمونەبێت بۆ هاوبەشی راستەقینەی هەموان و بڕیاردان".
ئەمڕۆ دوشەممە لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پڕۆسەی دەنگدان بە پارێزگاری هەولێر بەڕێوەچو، بەڵام هەریەکە لە فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو بەشداریی دانیشتنەکە نەبون و لەوبارەیەوە، عەبدولڕەحمان موهەندیس سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە (سبەی) راگەیاند: لە سەرەتاوە چەندین کاندید هاتونەتە ئەنجومەنی پارێزگا و وەک نیازپاکییەک فراکسیۆنی گۆڕان دەنگی پێداون، بۆیە دوای دەنگدانمان بە پارێزگاری پێشوی هەولێر، بڕیارمانداوە تا ئەو کاتەی ئەو سازان هاوبەشییەی دەمانەوێت نەک هەر بۆ فراکسیۆنی گۆڕان بۆ هەمو لایەنەکان و لایەنە سەربەخۆکان نەیەتەدی دەنگ نەدەنەوە و بەشداری ئەو دانیستنانە ناکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاری هەولێر دەشڵێت: ئەو هاوبەشییەی ئێستا لە حکومەت هەیە، دەبێت شۆڕ ببێتەوە یان لامەرکەزییەت بە تەواوی هەبێت، ئەو کاتە هەمو لایەکی تێدا بەشدار ببێت، چونکە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەبێت بۆ هەمو هاوڵاتیان بێت نەک تاکە حیزبێک خاوەندارێتی بکات.
ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی (2015)ەوە دو بەڕێوەبەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە لەسەر کارەکانیان لابراون و تا ئێستا نەگەڕێنراونەتەوە، "جگە لەوەش ئەو هاوبەشییەی ئێستا هەیە دەبێت شۆڕ ببێتەوە و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ هەمو هاوڵاتیان و لایەنەکان و فرە رەنگ بێت نەک تاکە حیزبێک خاوەندارێتی بکات، هەولێریش وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان نمونەبێت بۆ هاوبەشی راستەقینەی هەموان و بڕیاردان.