جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدهبێتهوه
23/12/2018
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەدایە و ئەگەری زۆرە جڤات دەسەڵات بداتە لیژنەی دانوستانکار بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەشداریکردن یان نەکردنی بزوتنەوەکە لە کابینەی نوێی حکومەت.
سەعات (10:00)ی رۆژی شەممە (2018/12/22) کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی دەستیپێکرد، بۆ تاوتوێ کردنی دو تەوەر کە ئەوانیش؛ پرسی بەشداریی لە کابینەی نوێی حکومەت و کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان-ە.
لە کۆبونەوەکەدا لەبارەی تەوەری یەکەم میکانیزم بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لە کابینەی نوێ دادەنرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەگەری زۆرە جڤاتی نیشتیمانی دەسەڵات بدات بە لیژنەی دانوستانکاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە کابینەی نوێ، ئەمەش بەرەنجامی خوێندنەوەی هەلومەرجەکان و جێبەجێکردنی بەشێک لە بەرنامەی سیاسی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمدا.
زانیارییەکان ئەوەش دەخەنەڕو؛ لیژنەی دانوستانکار پرسی چاکسازی سیاسی کە خۆی لە پاکێجەکانی پێشوی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەبینێتەوە، بەتایبەت گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی هەرێم و بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نەهێشتنی پاشەکەوتی موچە و باشکردنی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان وەک ئەولەویەتی شکڵ گرتنی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکە بەهەند وەردەگیرێت.