سەرۆکى جڤاتى گشتى: هەڵبژاردنى تەواوکارى خانەى راپەڕاندن بەشێوەیەکى دیموکراسیانە بەڕێوەچوو

14/02/2021

سەرۆکى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەکەیەنێت؛ هەڵبژاردنى تەواوکارى خانەى راپەڕاندن بەشێوەیەکى دیموکراسیانە و بە ئامادەبونى نوێنەرى کۆمیسیۆن و بەبەرچاوى ئەندامانى جڤاتى نیشتمانى و کاندیدەکان بەڕێوەچووە، جەختیش دەکاتەوە دواى تەواو بونى ئەم خولەى خانەى راپەڕاندن جارێکى دیکە ئەندامانى خانە هەڵدەبژێردرێنەوە.

جەمال حاجى محەمەد، سەرۆکى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى بەڕێوەچونى هەڵبژاردنى تەواوکارى بۆ خانەى راپەڕاندن، بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند: پڕۆسەکە زۆر دیموکراسیانە بەڕێوەچوو کە نوێنەرى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن ئامادەى پرۆسەکەبوو.

دەشڵێت: لە هەڵبژاردنەکەدا (47) ئەندامى جڤاتى نیشتمانى دەنگیاندا و شەش کەس کاندید بوون بۆ پۆستەکان و هەڵبژاردنەکە بەبەرچاوى هەمووانەوە و بە ئامادەبونى نوێنەرى کۆمیسیۆن ئەنجامدرا.

باس لەوەش دەکات، ئەوان لە بزوتنەوەى گۆڕاندا لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە هەموو ئۆرگانەکاندا دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن.

وتیشى: بەداخەوە پێشتر بە هۆکارى ئەو دۆخەى هەڵبژاردن و کۆنفرانسەکان دواکەوت، بەڵام ئێستا هەڵبژاردنى خانە تەواو بووە بۆیە پێویستە هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکانى دیکە و کۆنفرانسەکانیش ئەنجام بدرێن.

سەرۆکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد، مۆدێلى حیزبەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەراستدا هەمیشە سەرکردایەتى لە کۆنگرە هەڵبژێردراوە، بەڵام لەناو گۆڕاندا پەیکەرەکەى بەشێوەیەک داڕێژراوە جیاوازترە کە هەڵبژاردن ناچێتە ناو کۆنگرە.

جەختیش دەکاتەوە، رۆژى (14/9/2021) ئەم خولەى خانەى راپەڕاندن کۆتایى دێت و دەبێت دواى ئەوە هەڵبژاردن بۆ خانەى راپەڕاندن ئەنجام بدرێتەوە.

لە هەڵبژاردنى تەواوکارى خانەى راپەڕاندنى گۆڕاندا کە ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەچوو، تێیدا هەریەکە لە (کامیل قادر) بۆ پۆستی (سکرتێری جڤاتی نیشتمانی) و (سەفین مەلا قەرە) بۆ پۆستى (سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان) و (ئاسۆ رەحیم) وەک (سکرتێری کاروباری باژێڕەکان) هەڵبژێردران.


هەواڵی زیاتر