ئاراس وەلى: داواکارییەکانی گۆڕان داواکاری خەڵکن
27/12/2018
دیمانە: سبەى
ئاراس
وەلى، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، رایدەگەیەنێت؛ داواکارییەکانی بزوتنەوەکە
لە دانوستانەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت داواکاری خەڵکن، بەوپێەى خودى
دامەزراندنى گۆڕان و بەرنامە سیاسییەکەی رەنگدانەوە و هەڵقوڵاوی ویست و
داخوازییەکانی خەڵکە و ئەوەى پێداگرى لەسەر دەکەن؛ باشکردنی بژێوی خەڵک و
بەدیهێنانی خواستەکانیانە، نەک داواکاری تایبەت بە وەرگرتنى پۆست
و ئیمتیازات.
ئەو کە
ئەندامى وەفدى دانوستانکارى بزوتنەوەى گۆڕانیشە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەى) نیەت
و بەرنامەى گۆڕان لە کۆبونەوە و دانوستانەکان و ئایندەی هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات
و دەڵێت: "نیەتى بزوتنەوەى گۆڕان ئەنجامدانى چاکسازی گشتگیر و بەهێزکردنی
دامەزراوەکان و گۆڕانکارییە لە سیستەمی
حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بە سیستەمێکی پەرلەمانی".
ئەوەش دەخاتەڕ؛ گۆڕان لە
سەرەتاى دامەزراندنییەوە کارێکی ئێجگار گرنگی ئەنجامداوە کە لە مێژوی حەفتا ساڵی
رابردودا وێنەی نەبوە، ئەویش داهێنانی مۆدێلی نوێی کاری سیاسی بو، گواستنەوەی
ململانێی سیاسی لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی".
* ناوەڕۆکی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان چی بو؟ بە چ
دەرئەنجامێک گەیشتن؟
ئاراس وەلی: ناوەڕۆکی
کۆبونەوەکە دو تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبو، تەوەرێکیان تایبەت بو بە پرسی پێکهێنانی
کابینەی نوێی حکومەت و دانوستانەکان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێوەیەکی
گشتی وردەکارییەکانی کۆبونەوەکان بۆ ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی خرانەڕو بۆ بەرچاورونییان
بۆ ئەوەی ئاگاداری کۆبونەوەکان بن، تەوەری دوەمیشیان پەیوەستە بە پرسی ناوخۆیی
بزوتنەوەی گۆڕانەوە، سەبارەت بە کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و
خۆڕێکخستنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکان، ئەوەش گفتوگۆی تێروتەسەلی لەسەر کرا.
*ئایا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە هەبو؟ هیچ بڕیارێک درا سەبارەت بە سەرپشککردنی
لیژنەی دانوستانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە کابینەی حکومەت؟
ئاراس وەلی: بڕیاری ئەوەدرا کە
لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبین، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە سەبارەت بە بەشداریکردن
لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن بین، ئەوە دەکەوێتەوە سەر کەشوهەوای کۆبونەوەکانی داهاتو،
کارنامەی حکومەتەکە چۆن دەبێت هەروەها بەرنامەی هەڵبژاردن و بەرنامەی سیاسی گۆڕان
بە چ پێوەر و میکانیزمێک لەگەڵ لایەنەکانی تر بیکەینە بەرنامە و کارنامەی حکومەت.
سەبارەت بە وەڵامی بەشی دوەمی پرسیارەکەت، لیژنەی دانوستانکار لە ئەندامانی
خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی پێکهاتوە و ئۆرگانەکانی گۆڕان متمانەیان بەم
لیژنەیە داوە بۆ دانوستاندن، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە سەبارەت بەوەی ئەم لیژنەیە
بڕیاربدات لەوەی بەشداری لە حکومەت بکەین، بەڵکو دوای
کۆبونەوەکان لیژنەکە ئەنجامەکان دەهێنێتەوە بۆ خانەی راپەڕاندن لایەنە
پەیوەندیدارەکانی بزوتنەوەکە و دواتر لە جڤاتی نیشتیمانی کۆدەنگی لەسەر ئەوە دەکات
کە بچینە حکومەتەوە یان نەچین.
نیەتى گۆڕان چاکسازی گشتگیر و گۆڕینى سیستەمی حوکمڕانیە
* دانوستانەکانتان
لەگەڵ پارتی بەکوێ گەیشتوە، ئێوە لە کۆبونەوەکاندا داواکارى و پێداگرى ئێوە لەسەر چییە؟
ئاراس وەلی: داواکارییەکانی ئێمە، داواکاری خەڵکە، دروستبونی گۆڕان و
بەرنامە سیاسییەکەی رەنگدانەوەو هەڵقوڵاوی ویست و داخوازییەکانی خەڵکە،
بۆیە ئێمە
لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی داواکاری تایبەت بەخۆمان نیە، بەڵکو باشکردنی
بژێوی
خەڵک و بەدیهێنانی خواستەکانیانە، لەناویاندا کۆتایی هێنان بە چارەکە موچە و
باشکردنی بژێوی و گوزەرانیان، هەروەها سیاسەتێک پەیڕەو بکرێت کە
هەرێمەکەمان بەهێز بێت و دامەزراوەکان بە نیشتیمانی بکرێن و پەیوەندییەکان
لەگەڵ
بەغدا ئاسایی بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت
بودجەیەکی باش بۆ ئەم هەرێمە دابین بکرێت و گەشە بەم وڵاتە بدرێت. بۆیە
ئێمە
داوامان کردوە هاوبەشی راستەقینە بین لەو حکومەتەدا، لەگەڵ ئەوەشدا
هەرچەندە
هەموان دەزانن هەڵبژاردنەکە بە چ شێوەیەک بەڕێوەچو، بەڵام بەرکەوتەى
هەڵبژاردنی خۆمان دەوێت، ئەویش لەسەر بنەمای پشکی هەڵبژاردن و ئەو پێگە
سیاسییەی
بزوتنەوەی گۆڕان هەیەتی، بەشێکی تری ئەو نیەتەیە کە هەمانە
بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری و بەهێزکردنی دامەزراوەکان. بۆ ئەوەش دەبێت
بەرنامەیەکی هەمەلایەن دابنرێت کە بەرنامەی سەرجەم لایەنەکانی لەخۆگرتبێت
کە
بەشداری لەو حکومەتەدا دەکەن و کۆتایی بەجیاکاری حیزبی و رەنگەکان بهێنرێت،
بەکردار بەرنامەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و ژیانی هاوڵاتیان مسۆگەر
بکرێت، بزوتنەوەی
گۆڕان هەلومەرجی باشکردنی ئەم هەرێمەو بەهێزکردنی، بە
بەرنامە و پاکێج ئامادە کردوەو لە حکومەت بین یان نا، داواى جێبەجێکردنی
دەکەین.
تائێستاش
نەچوینەتە ناو وردەکارییەکان سەبارەت بە بەشە پشکی ئێمە، بۆ ئەوە لیژنەی تایبەتمەند
دیاری دەکرێت، ئەگەر بەشداری لە حکومەت بکەین ئەوە مافی خۆمانە لە سەرجەم
پۆستەکانی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و دەزگاکانی دیکە پشکمان هەبێت، بەلای ئێمەوە
گرنگە کە ئەمانە بەپێی پێوەرێک دیاری بکرێت و بۆ ئەوەش پەیپەرێکمان ئامادە کردوەو
رەنگە لە کۆبونەوەی داهاتو گفتوگۆی لەسەر بکەین.
پارتى پێیوایە گۆڕان هێزێکی جدییە و تێگەیشتنێکی دڵسۆزانە و دەوڵەتداریی
هەیە نەک خواستی تایبەتی و حیزبی
*
وەڵامی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پڕۆژە و بەرنامەکانتان چی بوە؟
ئاراس وەلی:
تائێستا وەڵامەکانیان پۆزەتیڤ بوە، پێیانوایە گۆڕان
هێزێکی جدییە و پێیانوایە تێگەشتنی گۆڕان بۆ بەشداری لە حکومەت تێگەیشتنێکی
دڵسۆزانە و دەوڵەتدارییە، نەوەک خواستێکی تایبەتی و حیزبی.
* ئەگەر
بەشداریتان کرد لە حکومەتدا چ گەرەنتییەک هەیە ئەزمونی پێشو دوبارە نەبێتەوە کاتێک
سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت دورخرانەوە؟
ئاراس وەلی: بۆ
ئەوەی ئەوە دوبارە نەبێتەوە، بەبۆچونی من دەبێت رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت کە
بەشێوەیەکی گشتگیر بێت و دواتر خاڵە جەوهەرییەکانی لە دەستوردا جێ بکرێتەوە، ئێمە
پێمانوایە کە دەبێت ئەو قۆناغەی دێتە پێشەوە لە ئایندەدا بەجۆرێک بێت کە هەمومان
ئەو دۆخەی هەیە بگۆڕین بە دۆخی متمانە بەیەکتر کردن و حکومەت و پەرلەمان و
دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێزمان هەبێت.
بابەتی (12)ی
ئۆکتۆبەریش کە رویدا ئەوە لەکەیەکە بە مێژوی حوکمڕانییەوە، بۆیە دەبێت
دامەزراوەکان بەنیشتیمانی بکرێن و حکومەت کارنامەی هەبێت و حکومەتی هەموان بێت و لەخەمی
باشکردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان و هەرێمەکەماندا بێت و ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە
دەکرێت لەسەر هەمو ئاستەکان رەنگبداتەوەو هەماهەنگی هەبێت و پارێزگاریش لە دەنگی
ئازاد بکرێت.
گۆڕان ململانێی سیاسی لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی گۆڕى
* لە
دانوستانەکاندا باس لە پرسی دەستورو سەرۆکایەتی هەرێم کراوە؟
ئاراس وەلی: بەڵێ
باس لە دەستورو پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کراوە، دەبێت دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم
بەیاسا رێکبخرێت و لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت و بۆچونی
بزوتنەوەی گۆڕان کە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی پەرلەمانی بێت،
هەروەها ئەو دەسەڵاتە زۆرانەی کە سەرۆکی هەرێم هەیەتی دابەشبکرێت بەسەر وەزارەتە
پەیوەندیدارەکاندا، ئەمەش بە تێگەیشتن بتوانین لە داهاتودا لە دەستوردا جێی
بکەینەوە. وەڵامی پارتیش ئەوەبوە دەڵێن هەمو ئەوانە قابیلی گفتوگۆیەو تائێستا
وەڵامەکانیان پۆزەتیڤە.
* بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونیەوە پێداگری
لەسەر سیستەمی پەرلەمانی و دانانی دەستورێک لەسەر ئەو بنەمایە دەکرد، دوای نزیکەی
(10) ساڵ، ئێستا لایەنە سیاسییەکانیش هاتونەتە سەر هەمان بڕوای ئێوە، خوێندنەوەی
ئێوە بۆ ئەمە چیە؟
ئاراس وەلی: بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ کوردستان دروست بوە،
ئەوەش بەو مانایەی کە بەرنامەو بەرچاوڕونیت هەبێت بۆ باشکردنی ئەم وڵاتە، ئەوان لە
رابردودا لە پرسی چاکسازی و گۆڕانکاری بۆچونیان ئەوە بوە کە کاتی نییە و ماویەتی،
بەڵام ئێستا کە ئەو لایەنانە باس لەوە دەکەن ئەمانە کاری باشە، ئەوە بەلای ئێمەوە
پۆزەتیڤە و پێویستە ئەو توانا مرۆییەی لەم وڵاتە هەیە بیخەینەگەڕ بۆ گەشەسەندن و
پێشخستنی کۆمەڵگاکەمان و کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین. خۆشبەختانە گۆڕان
لەمەدا سەرکەوتو بوەو توانیویەتی شێوازێکی نوێ بهێنێتە کایەوە، نمونەش هێنانەی
پێشەوەی گەنجان و رەخساندنی دەرفەت بۆیان لەسەرجەم کایە جیاوازەکاندا، گۆڕان کارێکی ئێجگار گرنگی ئەنجامداوە کە لە مێژوی حەفتا بۆ
هەشتا ساڵی رابردودا وێنەی نەبوە، ئەویش داهێنانی مۆدێلی نوێی کاری سیاسی بو،
گواستنەوەی ململانێی سیاسی لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ خەباتی پەرلەمانی و شەڕی
پڕۆژە لەناو پەرلەمان. ئەمە سەرباری فشارەکان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان لە سزای سیاسی
و دورخستنەوە لە حکومەت و پەرلەمان و نانبڕین، بەڵام پەرچەکداری ئێمە وەک هەمیشە
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا پێداگری لەسەر دەکرد، دان بەخۆداگرتن و پشودرێژی بو،
ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.
هەڵوێستی لایەنەکانیش بۆ هاتنە پێشەوەیان لەو چوارچێوەیەداو گۆڕانکاری لە
هەڵوێستیان، وادەکات کە گفتوگۆی لایەنەکان لە داهاتو ئاسانتر بکات.
گۆڕان بڕیاری داوە بە خۆڕێکخستنەوە لەسەرجەم ئۆرگانەکاندا
* سەبارەت پرسی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەی
رابردوی جڤات بڕیارتان لەسەر کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دا، چ
بەرەوپێشچونێک هەیەو بەکوێ گەیشتون؟
ئاراس وەلی: گۆڕان بڕیاری داوە لەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی و
کۆنفرانسی ناوخۆیی و خۆڕێکخستنەوە لەسەرجەم ئۆرگانەکانداو جڤات پشتیوانی لێ دەکات،
هەروەها لە دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان شێوازەکانی پێکهێنانی لیژنەو ئامادەکارییەکان
رونکراوەتەوە، بەڵام بڕیاری نوێ ئەوە بو کە کۆنفرانسەکە بخەینە دوای ئەوکاتەی
ئەنجامێکمان دەستدەکەوێت لە گفتوگۆکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەت و هەموان کۆک بون
لەسەر ئەو بابەتە.